/   بیروڕا
‌لوتکەی سیانی و دووبارەبونەوەی سیاسەت
رزگار حەمە نوری میرزا
2020-08-27

 ڕزگار حەمە نوری
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

وەک لە ڕاگەیاندنەکان بینیمان لەدوای کۆتایی هاتنی سەردانەکەی مستەفا کازمی بۆ ئەمەریکاو لەبەرواری ٢٠٢٠/٨/٢٥ لە (عوممان) پایتەختی ئوردون (لوتکەی سیانی) بەئامادەبوونی (مستەفا کازمی) سەرۆکوەزیرانی عێڕاق و (شا عبداللە) پادشای ئوردون و (عبدالفتاح سیسی) سەرۆکی میسر ڕاگەیەنرا ، ئامانجە سەرەکیەکانی ئەم لوتکەیە بریتین لە (بەهێزکردنی هاریکاری ئابوری و بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوان هەرسێ دەوڵەتداو تۆکمەکردنی پەیوەندیە سیاسیەکانی نێوانیان) ئەگەر کەمێک بگەڕێینەوە بۆ مێژوو لەدوای کۆتایی هاتنی شەڕی نێوان عێڕاق-ئێران بەچەن مانگێک و لە بەرواری ١٩٨٩/٢/١٦ لەبەغدای پایتەختی عێڕاق و لەسەر پێشنیاری ئەو کاتەی دەوڵەتی عێڕاق (مجلس التعاون العربي) ئەنجومەنی هاریکاری عەرەبی پێکهێنرا کە پێکهاتبوون لەم دەوڵەتە بەشداربوانە (عێڕاق ، ئوردون ، میسر ، یەمەن) ئەویش بۆ هەستانەوەی عێڕاق بوو لەو بارودۆخە ئابوری و سەربازی و سیاسیە سەخت و دژوارەی بەهۆی شەڕی هەشت ساڵەی ئێرانەوە تێیکەوتبوو . کە ئامانجە گرنگەکانی ئەوکاتەی ئەم ئەنجومەنە بریتی بوون لە
 ١-بەدیهێنانی بەرزترین ئاستی هەماهەنگی هاوکاری لەنێوان دەوڵەتانی ئەندام لە ئەنجومەنەکە.
 ٢-بەدێهێنانی تەواوکاری ئابووری لەهەموو بوارەکاندا لەنێوان دەوڵەتانی ئەندام.
٣-هاندانی وەبەرهێنان و پرۆژە هاوبەشەکانی نێوان دەوڵەتانی ئەندام.
٤-کردنەوەی بازاڕی هاوبەش لەنێوان دەوڵەتانی ئەندام.
 ٥-هەماهەنگی سەربازی و بەرگری لەنێوان دەوڵەتانی ئەندام. کەواتە دوای (٣١) ساڵ و لەسەر دەستی مستەفا کازمی عێڕاق هەمان هەنگاو دەنێتەوە کەسەرەتا ئابوریەکانی ڕێکەوتنەکە باس لەوە دەکەن بەبڕی (١٨) ملیار دۆلار بۆری نەوت لەنێوان (عێڕاق- ئوردون-میسر) ڕادەکێشرێت و نەوتی عێڕاقی لێوە دەفرۆشێت بەهەردوو دەوڵەتی تری ئەندام بەنرخی کەمتر لە (١٦) دۆلار لەنرخی ڕۆژ. کەئەم هەنگاوە ئابوریە دەبێتە سەرەتایەکی بەهێز بۆ چەسپاندنی لوتکەکە. لەدوای پێکهێنانی (مجلس التعاون العربي) و بە تەنها بە ساڵ و نیوێک و لە ١٩٩٠/٨/٢ عێڕاق پەلاماری (کوەیت) ی داو ئەم ڕێکەوتنەی لەباربرد .
 ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم هەنگاوانەی کازمی عێڕاق له قەیرانە ئابوری وسیاسی و .....هتد ڕزگار دەکات؟ ئایا ڕۆژانی ئایندە بەتایبەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەعێڕاق چ دەرفەتێک دەدا بەکازمی بۆ بەردەوام بون لەسەر ئەم هەنگاوانەی؟

زیاتر بخوێنەوە