/   بیروڕا
پێدانی مۆڵەتی پڕۆژەکان بە پارێزگاکان... بەرژەوەندیخوازانەیە
خدیجە عبدالجبار احمد
2021-07-05

خەدیجە عبدالجبار احمد 
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی


گەڕانەوەی دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەتی پرۆژەکانی وەبەرهێنان بە پارێزگاکان ئەوەندەی بڕیارێکی سیاسی و بەرژەوەندخوازانە و ناچاریە ، ئەوەندە بڕیارێک نیە کە لەسەر بنەمای قەناعەتێکی قوڵ بە پرەنسپی لامەرکەزی راستەقینە کە ئیمە قەناعەتمان پێیەتی داڕێژرا بێت !!!..
  چۆن ؟
لەماوەی ڕابردوودا و لەئێستاشدا کە ئەم جۆرە دەسەڵاتانە لای دەستەی وەبەرهینان و ئەنجومەنی وەزیران بووە ، لە دەڤەری سەوز دەیان پرۆژە بەبێ ئەوەی مۆڵەتیان هەبێت تەواو کراون یان ڕێژەیەکی بەرچاو لەکارەکانیان ئەنجام دراوە تا ببێتە ئەمری واقیع و بەناچاری و لەژێر فشاردا مۆڵەتیان پێ بدرێت ..
بۆنمونە لەساڵی ٢٠١٨  ەوە مۆڵەتی دروستکردنی بەنزینخانە ڕاگیراوە بەڵام چەندین بەنزینخانە لەدەرەوەی ڕێساو ڕێنماییەکان لە ناو گەڕەک و ماڵەکاندا دروست کراون و دروست دەکرێن .
دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەتی بیر هەڵکەندن کە گەڕێنرایەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەڵام بەبێ مۆڵەت و بەبەرچاوی گەشی دەسەڵاتەوە سەدان  بیری نایاسایی هێندە هەڵکەنران بە ووتەی خودی بەڕێوەبەری ئاوی ژیر زەوی سلیمانی ،  خراپترین کاریگەری دروست کردووە لەسەر دابەزینی ئاستی ئاوی ژیر زەوی !..
چۆن بڕیارێکی ناچارییە ؟
 لەسلێمانی پرۆژە زۆر هەیە کە بەنایاسایی ئەنجام دراون و هیشتا مۆڵەتیان نیە وەک پرۆژەیەکی زەبەلاحی وەک عەلوەی ڕۆژئاوای سلیمانی (بەنمونە) ،  وەبەرهێنانی سلیمانی خۆیان دانی پێدادەنین کە بەنایاسایی کاریان کردووە و هیشتا مۆڵەتیان نیە ، کاتیک ئیمە لەمیانەی بەدواداچوونەکانمان دەپرسین لە ب.گ. وەبەرهێنانی سلێمانی ، بۆچی ڕێکاری یاساییان لەبەرامبەردا ناکرێت ؟ لە نووسراویاندا ژمارە ٣١٠١ لە  ٢٠٢١/٦/٨  کە وەڵامیان داوینەتەوە ، دەڵێن تاکە ڕێکار ئەوەیە مۆڵەتیان پێ نەدرێت ،  کە ئەوەش لەدەسەلاتی هەولێرە و لەدەسەلاتی ئیمە نیە  !!! 
بەم شێوەیە تۆپەکەیان خستۆتەگۆرەپانی دەستەی وەبەرهینان و هەولێر کە مۆڵەتیان پێ نەدات !!
لەماوەی رابردووشدا لەسەر گۆڕینی ناوی پرۆژەیەکی وەبەرهینان لەسلیمانی ، بەفشاری خەڵک و ئەنجومەن و دەسەلاتەکانی چاودێری ، دەستەی وەبەرهینان  ، چەندجارێک بریاری دەردەکرد و دیسان هەڵیدەوەشاندەوە ، پارتیش بۆ ئەوەی ئەم شەڕ و جەدەلە لەکۆڵ خۆی بکاتەوە ، بەگەرانەوەی ئەم دەسەلاتە بۆ پاریزگاکان  تۆپەکەی هەڵداوەتەوە گۆرەپانی سەوز  ، تابزانێت خۆیان دەتوانن ئەو ڕێکارانە بگرنەبەر و خۆی لەم سەرئیشەیە دوور ئەخاتەوە ، نەک ئەوەی پارتی قەناعەتی بەشۆڕکردنەوەی دەسەلات و لامەرکەزی ئیداری و دارایی هەبێت  !!
پێمان وایە ئەگەر دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەت نەبوو بێت خۆ دەسەڵاتی ڕێگریکردن لە زێدەرۆیی و بەنایاسایی کارکردن هەبووە، بۆچی ئەو دەسەڵاتە بەکارنەهێنراوە ؟!
 بابزانین ئەو هەموو زەویە بازرگانیەی چەندین ساڵە دراوە بەوەبەرهێنەرەکان بەڵام هیچ کارێکیان تێدا نەکراوە ،دەسەلاتی خۆجێی دەتوانێ لێیان وەرگرێتەوە لەکاتێکدا بڕیاری دەستە و ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان هەیە کەلێیان وەربگیررێتەوە ؟!
 هەر چەندە لەساتەوەختی یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بەواقیعی  دوو ئیدارەیی حیزبیش هەیە نەک هەر دوو ئیدارەیی حکومی !!!!
  ئیمە لەگەڵ پرەنسپی لامەرکەزیداین بەلام لەبەرژەوەندی خەڵک و بەسیستم و یاسا و دەسەڵاتێکی چاودێری بەهێزەوە نەک لەبەرژەوەندی کۆمەڵێک بازرگانی سیاسی و وەبەرهێنی هەڵتۆقیو ...
بەم دۆخە فەوزەویەی دەسەڵات و بەم دەسەڵاتە چاودیری یە لەرزۆک و دەستەمۆکراوەی پەرلەمان و ناسەربەخۆیی دادگاکان ، ناتوانرێت بەر لەم دۆخە ئالۆز و گەندەڵیە بێ شومارە بگیررێت کە سەرجەم جومگەکانی ژیانی سیاسی و حکومڕانی گرتووەتەوە ،  تا ئەو کاتەی مەگەر  ئیرادەیەکی بەهێز هەبێت دوور لەبەرژەوەندی حیزبی و کەسی و بنەماڵەیی بیربکاتەوە ، تا ئیستاش ئەم چاوەڕوانیە حەتمەن لە پارتی و یەکێتی نەکراوە و ناکرێت و زەحمەتە ، بۆیە هەر هەوڵێکیش تا ئیستا بەئاڕاستەی چاکسازی ڕاستەقینە نەزۆک و بێ ئەنجام بووە .

زیاتر بخوێنەوە