/   بیروڕا
یاسای وەبەرهێنان یاخود یاسای بەهەدەردان!!
خدیجە عبدالجبار احمد
2022-09-14

خدیجە عبدالجبار
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

ئەوکاتەی یاسای (ژمارە ٤ ی ساڵی ٢٠٠٦ ) یاسای وەبەرهێنان دەرچوێنرا ،بۆ ئەوە بوو هانی وەبەرهێنە نێوخۆیی و بیانیەکان بدرێت تاوەکو بێن لە هەرێمی کوردستان بە سەرمایەکانیان وەبەرهێنان بکەن لە پێناوی بوژاندنەوەی ئابوری هەرێمی کوردستان و گەشەدان بە بوارەکانی پیشەسازی و بازرگانی و گەشتیاری و کشتوکاڵی و ئەو بوارانەی کە دەبنە هۆی پێشخستنی حکومەت و بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری وخۆشگوزەرانی خەڵک و نەهێشتنی بێکاری ، بەڵام لە واقیعدا، ئەوەندەی بووە هۆی بەهەدەردانی سامان و موڵک و ماڵی گشتی و بوژاندنەوەی ژێرخانی حیزب و بنەماڵە و دەوڵەمەندکردنی کۆمەڵێک بەرپرس و وەبەرهێنی هەڵتۆقیو و لاوازکردنی حکومەت ،هێندە ئەو ئامانجەی بەدی نەهێنا کە یاساکەی بۆ دەرچوێنرا ، خۆ ئەگەر لە زەمەنێکدا ڕۆڵی هاندانی بینیبێت و کۆمەڵێک پرۆژەی بەسوود لە ڕێگەیەوە ئەنجام درا بێت ، ئەوا ساڵانێکە بەئاشکرا بووەتە یاسای هەڕاجکردنی موڵک و ماڵی دەوڵەت !
ئەوەی لە ژێر سایەی ئەم یاسایەدا زیانی بە سامان و زەوی و سەرمایەی نیشتیمانیمان گەیاندووە ،داگیرکەرانی کوردستان نەیانکرد!
بە بڕوای ئێمە گەورەترین کارێک کە بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجامی بدایە لەبری بەگەڕخستنی ئەو پرۆژانەی کە زۆرینەیان بەناو وەبەرهێنانن، ئەم یاسا خراپەی هەڵپەساردایە تا ئەو کاتەی هەمواردەکرایەوە بەجۆرێک لەگەڵ واقیعی ئێستای دۆخی حکومەتدا بگونجێت،کە دەگووترێت قەیرانی دارایی هەیە ،ئەی چۆن دەبێ لە ژێر سایەی ئەم یاسایەدا هەرچی زەوی نایاب و بەنرخ هەیە و بە هەزاران دۆنم زەوی بە خۆڕایی بدرێت بە کەسانێک کە دەیانەوێ لەسەر حسابی موڵکی گشتی و هاوڵاتیانی خێر لەخۆنەدیو خۆیان دەوڵەمەند بکەن ؟
ئاخر بۆ دەبێت یەکەی نیشتەجێبوون لە سێکتەری وەبەرهێنان بێت ؟ کەلە ئێستادا زۆرترینی سێکتەرەکانی ئەم بوارە لە بری پیشەسازی کشتوکاڵی و بوارە گرنگەکانی تر ، لە دروستکردنی ئەو یەکە نیشتەجێبوونانەدا خۆی دەبینێتەوە کە خەڵکی کەم دەرامەت و هەژار سودی لێ نەبینیوە و نەبووەتە هۆکاری کەم بوونەوەی ڕێژەی کرێنشینان ! 
ئاخر بۆ دەبێت کەسێک بیەوێ ڕیستۆرانت و کافێ دابنێت بۆ خۆی ، بەناوی ئەم یاساییەوە نایابترین زەوی لە باشترین شوێندا بە خۆڕایی پێ بدرێت؟!
ئاخر بۆ دەبێت چێشتخانە و پێشانگای ئۆتۆمبێل و مۆبیلیات لە سێکتەری وەبەرهێنان بن؟ 
ئایا ئەگەر کوڕە هەژارێک داوای زەوی بکات لەسەر شەقامی شەستی بۆ دروستکردنی چێشتخانە و کافێ،ئەو زەویە بەنرخەی پێ دەدەن؟!
ئایا ئێمە یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەتمان نیە ،بەتایبەت بۆ زەویە نایابەکان؟ ئەی ئەم زەویە بەنرخانە بۆچی لەڕێگەی زیادکردنی ئاشکراوە پێیان نەفرۆشراوە تا بە پارەکەی بۆ هەر پرۆژەیەک، خزمەتگوزاری گەڕەکێکی پێ تەواو بکرایە ؟! خۆ ئێوە دەڵێن قەیرانی داراییمان هەیە!!؟
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە بەهەدەردانی ئەم زەوی و موڵک و ماڵەی دەوڵەت کە مافی نەوەکانی ئایندەشمانە کۆتایی پێ بهێنرێت؟!...
بەدڵنیاییەوە ساڵانێکی زۆرە یاسای وەبەرهێنان بۆ بەرپرسەکان بووەتە خێر و بێر و خۆ دەوڵەمەندکردن،بۆ نیشتیمانییش بووە بە یاسای هەڕاجکردن و بەهەدەردان .
ئەرکی سەرجەم فراکسیۆنەکانە ئیتر ئەم یاسایە ڕابگرن و لە خزمەتی خاک و خەڵکدا هەمواری بکەنەوە .

زیاتر بخوێنەوە