/   بیروڕا
هەرێم چۆن مامەڵە لەگەڵ ناوەند بکات ؟
د. نەرمین مەعروف غەفور
2023-02-24

د.نەرمین مەعروف غەفور
نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق


لەسەروبەندی دانووستانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ سەبارەت بە ماف و شایستەکانی هەرێم لە بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٣ .. و دووبارەبوونەوەی سەردان و گفتوگۆکانی شاندی دانووستانکاری هەرێم سالانە بۆ بەغدا بە جیاوازی بارودۆخی دانووستانەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی هەرێم و عێراق لە لایەک و پەیوەندی نێوانیان لەلایەکیتر .. دەبێت هەرێمی کوردستان چۆن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ مامەڵە بکات بۆ بەدەستهێنان و پاراستنی شایستە و مافە دەستورییەکانی لەڕووی داراییەوە ؟؟ 
بۆ وەلامی ئەم پرسیارە بە سوودوەرگرتن لە شیکاری سوات ( SWOT ANALYSIS) و ماتریکسی سوات ( SWOT MATRIX )  دەتوانین چوار  ستراتیجی گونجاو دەستنیشانبکەین کە پشتدەبەستێت  بە شیکاری خاڵە بەهێز و لاوازە ناوخۆییەکان و دەرفەت و هەڕەشە دەرەکییەکان لەرێگەی ئاوێتەکردنی فاکتەرەکانی ژینگەی ناوخۆیی و دەرەکی، و داڕشتنی چەند ستراتیجییەک لە دەرەنجامەکان کە پێویستە هەرێم پەیڕەویان بکات بەپێی بارودۆخی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناوەند و ئامانجە ئێستایی و ئایندەییەکان کە بریتیین لە :
1- ستراتیجییەتی فاکتەرەکانی بەهێزی و دەرفەتەکان ( ستراتیجییەتی هێرشکردن).
2- ستراتیجییەتی فاکتەرەکانی لاوازی و هەڕەشەکان ( ستراتیجییەتی پاشەکشێکردن).
3- ستراتیجییەتی فاکتەرەکانی بەهێزی و هەڕەشەکان( ستراتیجییەتی بەرگریکردن).
4- ستراتیجییەتی فاکتەرەکانی لاوازی و دەرفەتەکان( ستراتیجییەتی چارەسەرکردن).
لە دەرەنجامی شیکاری و ماتریکسی SWOT بۆ کە ئاوێتەی فاکتەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکان کە زۆرترین کاریگەری ئەرێنییان هەیە لەسەر پشک و شایستە داراییەکانی هەرێم بریتییە لە ( ستراتیجییەتی هێرشکردن) و پێویستە پەیڕەوبکرێت لە دۆخی ئارامی و توندوتۆڵی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماتییەکانی هەرێم لەگەڵ ناوەند بەمەبەستی سوودوەرگرتن لە بنەماکانی بەهێزیی ناوخۆ و دەرفەتە رەخساوەکان و دەستەبەرکردنی زۆرترین ماف و شایستەکانی هەرێم لە بودجەی حکومەتی فیدڕاڵ.
       لە بەرامبەردا فاکتەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکان کە زۆرترین کاریگەری نەرێنیان هەیە لەسەر ماف و شایستەکانی هەرێم خاڵە لاوازەکان و هەڕەشەکانە، لەم بارەشدا گرتنەبەری ( ستراتیجییەتی پاشەکشێکردن ) گونجاوترە ئەگەر دۆخی ئاڵۆزی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماتییەکانی هەرێم لەگەڵ ناوەند هاوکاتبێت لەگەڵ زاڵبوونی لاوازییەکانی ژینگەی ناوخۆیی ، لەپێناو کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ژینگەی ناوخۆیی و دەرەکی لەسەر پشک و شایستە داراییەکانی هەرێم.
بەلام لەو کاتانەی کە گرژی و نائارامی باڵدەکێشێت بەسەر پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماتییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، کە ئەگەری مەترسی و هەڕەشە لە دووتوێیدا هەڵدەگرێت بۆ سەر پشک و شایستە داراییەکانی هەرێم 
، سەرباری زاڵبوونی خاڵەکانی بەهێزیی لە ژینگەی ناوخۆیی، ئەوا ( ستراتیجییەتی بەرگریکردن) گونجاوترە بۆ چۆنێتی سوودوەرگرتن لە فاکتەرە بەهێزەکانی ناوخۆ و بەرگریکردن لە مەترسی و هەڕەشە دەرەکییەکان لەسەر پشک و مافەکانی هەرێم لە بودجەی گشتی فیدڕاڵ.  
       لە بەرامبەردا لەو بارودۆخانەدا کە ئارامی و جێگیری پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماتی فەراهەمدەبێت لەگەڵ حکومەتی ناوەند بەلام فاکتەرە لاوازەکان زاڵن بەسەر ژینگەی ناوخۆدا، واتا دەرفەتی دەرەکی گونجاو دەڕەخسێت و لاوازییە ناوخۆییەکان رێگرن لەبەردەم قۆستنەوەی ئەو دەرفەتانە ، ئەوا ( ستراتیجییەتی چارەسەرکردن) گونجاوترە بۆ چارەسەرکردنی لاوازییە ناوخۆییەکان  بەمەبەستی قۆستنەوەی دەرفەتە رەخساوەکان لەبەرژەوەندی هەرێم و شایستە داراییەکانی لە بودجەی گشتی فیدڕاڵ.
تێبینی:
١-ئەم بابەتە و تەواوی شیکارییەکە ساڵی ٢٠١٣ لە نامیلکەیەکدا بە ناونیشانی ( چاکسازی لە بودجەی گشتی هەرێم ) بەسپۆنسەری رێکخراوی CIPE و KEDO بلاوکراوەتەوە .
٢-  لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە حکومەتی هەرێم بودجەی نییە، و دۆخی پەیوەندییەکانی ئێستای هەرێم و بەغدا لەگەڵ ئەو کاتە زۆر جیاوازی نییە، و پێم وایە ئەم بەشەی بابەتەکە  بۆ ئێستا و داهاتووش ئەگونجیت.
٣- بیرۆکە و دەرئەنجامی شیکارییەکە مافی کۆپیکردنی پارێزراوە بۆ توێژەر و هەردوو رێکخراوی سپۆنسەر..      

زیاتر بخوێنەوە