محەمەد رەسوڵ موراد
2018-03-13      1853 جار بینراوە        کۆمێنت

               محەمەد رەسول موراد 
سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاری و شارەوانی 
      ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

شارەوانی؛ ئەو دەزگا لۆکاڵییەیە کە خاوەنی کەسێتی مەعنویەو خزمەتگوزاری گشتی پێشکەشی هاووڵاتیان دەکات. شارەوانی؛ دەزگایەکی لۆکاڵییەو کاری بەرێوەبردنی خزمەتگوزاریەکان و ڕێکخستن وفراوانکردنی سنوری ماستەرپلان و فرۆشتنی موڵک و تەرخانکردنی زەوی بۆ هاوڵاتیان و پیشەوەران وکارگەکان و پرۆژەکانی وەبەرهێنان و مساتەحە وپاراستی موڵکی گشتی و ........ هتدە لەسنوری شارەکەیدا لەئەستۆدایە بؤية لێرەدا دەتوانین بڵێین، شارەوانی وەک هەرفەرمانگەیەکی دیکەی حکومەت، فەرمانگەیەکی ئاسایی نییە تایبەت بە گەیاندنی خزمەتگوزاریەک یان پێویستیەک بە هاووڵاتیان، بەڵکو شارەوانی لە ناوەکەیەوە واتای سەرپەرشتیارو بەرێوەبەری شارو حکومەتی شار دەگەیەنێت، لە کارەکانیدا بەشێوەی تۆڕێکی جاڵجاڵۆکەیی لەگەڵ تەواوی کارو خزمەتگوزاری و پێویستیەکانی هاووڵاتیان و فەرمانگە سەرةکیەکانی حکومەت لە شاردا یەکانگیردەبێتەوە. زاراوەی شارەوانی لە مێژووی وڵاتانی ئیسپانیا و ئەمریکای لاتین بە زاراوەی(Ayuntamiento excelentisime ) کە بەواتای زیاتر لە نایاب و دێت ناو زەندکراوە، لەکاتی ئاماژەدان بە ئەنجومەن بەم شێوەیە (Exc.moay.to ) کورتدەکرایەوە، بەکارهێنانی وشەی شارەوانی بەشێوەیەکی سەرەکی وشەی (Ajuntament ) کە وشەیەکی کةتالانی یە بەکاردەهات، لە ئەو ناوچانەی بە زمانی کةتالانی دەدوان ، لە ناوچەی کالیسیا وشەی (Concello )  واتای هەرێم (مقاگعە) لەزمانی گالسیدا بەکار دەهات، بەڵام لە ئەمریکای لاتینی دا وشەی (Alcaddio ) واتای سەرۆکی شارەوانی دەگەیەنێت، بۆ دەستەی بەرێوەبردنی شارەوانی بەکار دەهات، بەتایبەت بۆ دەستەی جێبەجێکردنەکەی کە دەستەی جێبەجێکردن و یاسا داننان بەدوو قەوارەی جیا لەکتری دادەنرێن. بەڵام لە وڵاتانی (ئەرجننتین و شیلی و کۆلۆمبیا و کوستاریکا و پیرۆ) زاراوەی Consejo بەکاردێت، بەڵام زاراوەی شارەوانی بۆ ئەو شوێنە یان بینایە بەکاردێت کە ئەنجومەنەکە تێیدا کۆدەبنەوە. لەهەر وڵاتێک بەگوێرەی دەسەڵاتیان ناونراون لە وڵاتی کۆڵۆمبیا لە جیاتی وشەی شارەوانی دەستەی (بەرێوەبەری شار)ی پێدەگوترێت. هەروەها ئەو سیستەمە بەرێوەبەریەی، لە حکومەتە لۆکاڵیەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پیادە دەکرێت. بەگوێرەی ناوچەکان دەگۆڕدرێت وبەشێوەیەکی باو دوو شێوازی بەرێوەبردنی شارەوانیەکان هەیە. کەئەم شێوازانە زیاتر بە هەڵبژاردن و چەندیەتی دەسەڵاتی سەرۆکی شارەوانی یەکەیان جیادەکرێنەوە ، واتا بەپێی پەیوەندی نێوان دەزگاکانی چاودێری ودەزگاکانی جێبەجێکردن و بەهێزی و بێهێزی سەرۆکی شارەوانی و ئەو دەسەڵاتەی بۆی دابەزێندراوە، لە یەکتری جیادەکرێنەوە، ئەم بەرێوەبردنە بەشێوەیەکی بەربڵاو لە بەرێوەبردنی شارەوانیە نوێکانی وڵاتە یەکگرتووەکان وهەندێک وڵاتانی دیکەی جیهان پەیڕەودەکرێت.کە لەم دوو شێوازەدا دەبینرێنەوە:

 یەکەم/ سیستەمی سەرۆکی شارەوانی بێهێز: لەئیدارەی سەرۆکی ئەنجومەنی بێهێزدا، سەرۆک هیچ دەسەڵاتێکی فەرمی لەدەرەوەی ئەنجومەندا نیە، بەشێوەیەک ناتوانێ فەرمانبەرێک لابدات یان دابمەزرێنێت، هەروەها دەسەڵاتی ڕێگری لە دەنگدانی ئەنجومەن نیە، لەم سیستەمەدا دەسەڵاتی سەرۆک، تەنها هێز لەئیرادە و کەسایەتی خۆی وەردەگرێت، ئەم سیستەمە بەشێوەیەکی گشتی لە شارە بچوکەکاندا پیادە دەکرێت.

 دووەم / سیستەمی سەرۆکی شارەوانی بەهێز: ئەو پەیکەرە ئیداریەی سیستەمی شارەوانی بەهێزی لەسەر وەستاوە، لە لقەکانی (جێبەجێکردن و یاسادانان وسەرۆکی هەڵبژێردراو) پێکدێت، کە سەرۆک لە لوتکەی هەرەمی ئەم پەیکەرەدایە، دەسەڵاتی کارگێڕی تەواوی پێدراوەو لە زۆرترینی بڕیارەکانی بۆ ئەنجومەن و سەرووی خۆی ناگەڕێتەوە . ئەم سەرۆک ئەنجومەنە، بەبێ گەرانەوە بۆ ئەنجومەن و ڕاوێژی گشتی لە ئەنجومەن، دەسەڵاتی فراوان و ئاشکرای لە دانان و لادانی بەرێوەبەری فەمانگەکاندا هەیە، هەروەها سەرۆکایەتی شارەوانی بەهێز،بودجەی شار ئامادەکات و ئیدارەشی دەدات، دوای ئەوەی لەلايةن ئەنجومەنەوە پەسنددەکرێت.

شایانی باسە ئەم شێوازە ئیداریە لۆکاڵیە ،لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە شێوەیەکی فراوان گەشەی کردووە. لە هەندێک لە ولایەتەکانی ئەمریکا، سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانی بەهێز، سەرۆک و بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی یە گرنگەکان دادەنێت و بە هاوئاهەنگی لە نێوان ئیدارەکاندا ، بودجەیان بۆ ئامادە دەکات. لە شارە گەورەکاندا ئەو سەرۆک شارەوانیانەی کە ئەو دەسەڵاتە فراوانەیان هەیە ،بە بەرێوەبەری شار ناودەبرێن

.لە هەرێمی کوردستانی خۆمان، لەدوای ڕاپەرین و دواتر لە ساڵی (۱۹۹۲) لەدوای هەڵبژاردی پەرلەمانی کوردستان و دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بۆ باشتر بەرێوەبردن وگەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بەهاووڵاتیان، پێداچوونەوە بە ژمارەیەک یاساکانی سەردەمی حکومەتی بەعسدا کراو چەندین پرۆژە و یاسای نوێ دەرکران، یەکێک لەو یاسا پێویستانە یاسای ژمارە (٦)ی ساڵی (۱۹۹۳) ی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانییەکان بوو، کە بەهۆی باردۆخی هەرێمەوە نەتوانرا تاکو ساڵی (۲٠٠٤) شارەوانییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی هەڵبژێردرێن. لەیاسای ژمارە (٦) لە (٥۹) ماددە دا بەوردی باسی چۆنیەتی هەڵبژاردن و بەرێوەبردن وئەرک و دەسەڵاتی ئەنجومەن و سەرۆکی شارەوانی یەکان دەکات، لەم یاسایەدا لە کۆی (٥۹) ماددەکەیدا (۲۹) ماددەی باس لە شێوازی هەڵبژادن و ڕۆڵ و ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی شارەوانییەکان دەکات ئەوەش دەیسەلمێنێت کە ئەنجومەنی شارەوانییەکان هیچی کەمتر نیە لە پێویستی شارەوانیەکان ، چونکە نزیکترین چاودێر و پارێزگاری موڵک و بەرژەوەندی گشتی و باش بەرێوەبردنی شار دەکات. لە هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی (٢٠٠٤)ەوە ماوەی یاسای ئەنجومەنی شارەوانیەكان تەواو بووە و پێویست بوو لەو بەروارەوە بۆ جاری چوارەم هەڵبژاردن کرابایە و لە خولی چوارەم دابوونایە لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی ئەندامانیان خانەنشین بوون و هەندێکیان کۆچی دوایان کردووە جگە لەوە ژمارەیەک شارەوانی لە دوای ٢٠٠٤ ەوە لە نوێ پێکهێندراون و ئەنجومەنیان نیە. بەڵام ئەو ئەنجومەنانە لە زۆربەی شارەوانیەکان بەردەوامبوون لە کارکردن لەگەڵ ئەوەی رێژەی یاسایی (نصاب القانون)ی دانیشتنەکان تەواو ناکەن، بە ناچاری بۆ بەیاسایکردنی بڕیاریەکانیان دەستیان بۆ کۆمەڵێک ڕێوشوێنی نایاسایی گرتووە . سەڕەرای بوونی کۆمەڵێک ڕێگەی یاسای لە یاساکانی هەرێمی کوردستاندا بۆ فریاکەوتنی ئەو حاڵەتانە لە پڕۆسەکەدا ، لەوانە لە ماددەی (٤٩)ی یاسای ژمارە (٦) ی هەموارکراو لە بڕگەی یەکدا دەڵێت : گەر ئەنجومەنی شارەوانی زۆرینەی ئەندامانی لەدەستدا ، پێویستە لەسەر ئەنجومەنی وەزیران لەسەر پێشنیاری وەزیر ئەنجومەنی شارەوانی هەڵوەشێندرێتەوە بۆیە لیژنەیەکی کاتی پێکبهێندرێت کاری ئەنجومەنە شارەوانیە هەڵوەشاوەکەی پێبسپێردرێت ، تاکو ئەو کاتەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانیەکان ئەنجام دەدرێت ......هتد . هەروەها لە بڕگەی هەمان ماددەدا دەڵێت : پێویستە وەزیر هەڵبژاردن ڕابگەیەنێت ، لەو ناوچەیەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەن دراوە لەماوەی مانگێکدا ، بەڵام ئەگەر ئەو ماوەیەی ئەنجومەنە هەڵوەشاوەکە مابووی لە شەش مانگ زیاترە نەبوو ، ئەماوەیە تەواو دەکات ئینجا هەڵبژاردن دەکرێت . سەڕەڕای دەرچوونی یاسای ژمارە (٣) ی ساڵی (٢٠٠٩)ی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان – عێراق کە بە ئاشکرا لە ماددەی (٣٥) ی یاساکەدا باس لە پێکهێنانەوەی ئەنجومەنەکان دەکات بە پێی پەیڕەوێک کە ئەنجومەنی وەزیران لەسەر پێشنیاری وەزیری شارەوانی دەریدەکات ، دەڵێت: ئەنجومەنی پارێزگا ئەنجومەنەکانی شارەوانی بۆ یەکە کارگێریەکان بە پەیرەوێکی تایبەتی پێکدێنێت کە ئەنجومەنی وەزیران لەسەر پێشنیاری وەزارەتی شارەوانی دەریدەکات . ئێستا لەدوای سێزدە ساڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ژمارە (١٢٢)ی لە (٢٧/١١/٢٠١٧)دەکرد ، بە حوکمەکانی ماددەی (٣٥) بە یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان – عێراق لەبەر ڕۆشنايی ئەحکامەکانی بڕگەی (٤) لە ماددەی هەشتەم لە یاسای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر پێشنیاری وەزارەتی شارەوانی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبونەوەی ژمارە (٣٦) گرێدراو لە (٢٧/١١/٢٠١٧)دا پەیڕەوی ژمارە (٥) ی سالَی (٢٠١٧) ی تایبەت بە پێکهێنانی ئەنجومەنەکانی شارەوانی لە هەرێمی کوردستان –عێراق دەرکرد ، کە لە (١٧) ماددەدا باس لە پێکهێنانی ئەنجومەنی شارەوانیەکان دەکات بەم شێوەیە:

 لە ماددەی (٢) ی بڕگەی یەکدا دەڵێت: پێکهێنانی ئەنجومەنی شارەوانی و دەستنیشانکردنی ئەندامەکانی لەلایەن ئەنجومەنی ئەو پارێزگایە دەبێت کەوا شارەوانیەکە دەکەوێتە سنوری کارگێڕیەکەی و لەسەر پێشنیاری دەسەڵاتی کارگێڕی . لە بڕگەی دووەمی هەمان ماددەدا دەڵیت: ژمارەی ئەندامانی هەر ئەنجومەنێک بە گوێرەی پۆلێنکراوی شارەوانیەکان دەبێت بە پێی ئەوەی لە هەردوو ماددەی چوارەم و هەژدەمی یاسای ژمارە (٦) دا هاتووە بەو مەرجەی ژمارەی ئەندامەکان لە (٥) ئەندام کەمتر نەبێت و لە (١٧) ئەندامیش زیاتر نەبێت ، بە واتایەی وەک بە دەق لە ماددەی (٨) بڕگەی دووەم خالی یەکدا هاتووە دەڵێت : ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەن دەبێت بەم شێوەیەی خوارەوە بێت:

أ‌-        شارەوانی پۆلی تایبەت حەڤدە ئەندام .

ب‌-     شارەوانی پۆلی نایاب سێزدە ئەندام

ج- شارەوانی پۆلی یەکەم یازدە ئەندام .

 د- شارەوانی پۆلی دووەم نۆ ئەندام .

هـ- شارەوانی پۆلی سێیەم حەوت ئەندام .

 و- شارەوانی پۆلی چوارەم پێنج ئەندام .

 لە ماددەی چوارەمی پەیڕەوەکەدا دەڵێت : دەستنیشان کردنی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی لەوانەی خاوەن کارامەيی و پسپۆڕایەتین بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:

یەکەم / نوێنەرانی فەرمانگە حکومیەکان لە یەکە کارگێڕیەکان بەر مەرجەی ڕێژەی لە ٤٠% ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەن پێکبهێنن .

دووەم / نوێنەرانی یەکێتی و سەندیکا و رێکخراوە ناحکومیەکان بەو مەرجەی ڕێژەی ٦٠% ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەن پێکبهێنن .

 لە ماددەی (٥) دا ئاماژەی بەو مەرجانە داوە کە سەرۆک و جێگر و ئەندامانی ئەنجومەنی پێدیاری دەکرێت کە دەڵێت : یەکەم / پێویستە هەریەکە لە سەرۆک و جێگری سەرۆک تەمەنی (٣٠) ساڵیان تەواو کردبێت و لانی کەم هەڵگری بڕوانامەی زانکۆی بەرایی بن لە ئەندازیاری یان یاسا یان بەڕێوەبردن و ئابووری و خاوەنی لێهاتوویی یاسایی بن

سێیەم/ پێویستە ئەندامی ئەنجومەن تەمەنی ( ٣٠) ساڵی تەواو کردبێت و هەڵگری بڕوانامەی ئامادەی بێت بۆ ئەو ئەنجومەنانەی لە یەکە کارگێریەکان پێکدەهێنرێت و هەڵگری بڕوانامەی خوێندنی بنەڕەتی بێت بۆ ئەنجومەنەکانی دیکە و خاوەنی لێهاتووی یاسایی بێت .

لە ماددەی (١٢) دا بەم شێوەیەی خوارەوە ئەنجومەنەکان لەژێر چاودێری ئەنجومەنی پارێزگاکاندا دەبن :

یەکەم / ئەنجومەن بە هەڵوەشاوە دادەنرێت ئەگەر زیاتر لە نیوەی ژمارەی ئەندامەکانی ئەندامیەتی خۆیان لەدەست بدەن

  دووەم / ئەنجومەنی وەزیران لەسەر راسپاردەی ئەنجومەنی پارێزگا بۆی هەیە ئەنجومەنی شارەوانی لەم حاڵەتانەی خوارەوە هەڵبوەشێنێتەوە:

١- پێشێلکاری گەورە لە کار و ئەرکەکانی

٢- ئەگەر مانەوەی زیان بە بەرژەوەندی گشتی بگەیەنێت .

٣ ئەگەر دەستەوەستان بێت لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی لە حاڵەتی سەرپێچی کردن لە یاساکان .

سێیەم / ئەنجومەنی پارێزگا بۆی هەیە لیژنەی کاتی پێکبهێنێت و کارەکانی ئەو ئەنجومەنەی هەڵوەشێندراوەتەوە بەو لیژنەیە بسپێرێت ، وە ئەنجومەنێکی نوێ پێکبهێنێت ئەگەر ماوەی لە شەش مانگ زیاتر بێت . لە ماددەی (١٦) دا ماف و جیاوازیەكانی سەرۆکی ئەنجومەن و جێگرەکەی و ئەندامان بەڕێنمایی دیاریدەکرێن کە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابوری دیاریدەکات .

 شایەنی باسە لەدوای دەرچوونی بڕیاری ژمارە (١٢٢) ی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە پێکهێنانەوەی ئەنجومەنی شارەوانیەکان ، (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) هەردوو لیژنەی شارەوانی و کاروباری یاسایی ڕاسپارد کۆبونەوەی تایبەت سەبارەت بەو بابەتە ئەنجام بدەن ، هەردوو لیژنەی راسپێردراو سێ کۆبونەوەی یەک لە دوای یەکیان سەبارەت بەم بابەتە گرێدا ، کۆبونەوەی یەکەم بە سەرۆکایەتی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەن بۆ شیکردنەوەی پەیڕەوەکە ئەنجام درا . کۆبونەوەی دووەم :بە میوانداری بەڕێز مامۆستا (خەسرەو کەمال) جێگری وەزیری شارەوانی گەشتوگوزاری هەرێم بوو بۆ پێدانی بەرچاوڕوونی بە ئەندامانی هەردوو لیژنەکە و چۆنیەتی پێکهێنان و هەڵبژاردنەوەی ئەنجومەنەکان ڕوونکردنەوەی پێویستیانپێدان، هەروەها لە کۆبونەوەی سێیەمی هەردوو لیژنەی راسپێردراو پێشنیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت کرا کە لە (٥ تا ٧) ئەندام پێکهاتبێت، بە مەبەستی بەدواداچوون و کۆکردنەوەی داتا و زانیاری پێویست و دواتر سەردانی یەکە کارگێڕیەکان و بەڕێوبەرایەتی شارەوانیەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان بکەن بەمەبەستی بەرچاو ڕوونیدان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پێکهێنان و هەڵبژاردنەوەی ئەنجومەنی شارەوانیەکان لە هەریەک لە یەکە کارگێریەکاندا ، دواتر لە کۆبونەوەی فەرمی ژمارە (43 ) ی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڕیارلە پێکهێنانی لیژنەی ناوبراو درا .


SHARE
وتاری زیاتر
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft