محەمەد رەسوڵ موراد
2017-03-23      2527 جار بینراوە        کۆمێنت

 راپۆرتێکی تایبەت بە کێشەی زیادەڕەویی زەویوزار لە سلێمانی

 

                                                                                                       

   محەمەد رەسوڵ موراد / سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییەکانی (شارەوانی، ئاو، کارەبا، هاتووچۆ، گواستنەوە و گەیاندن)/                                                                                                                                                 ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

 

 

پێڕستی راپۆرتەکە

- پێشەکییەکی کورت لەسەر زیادەڕەوی

A/ زیادەڕەوی لە رووی بابەتییەوە:

 یەکەم/ ئەو زیادەڕەویانەی دەکرێنە سەر موڵکی گشتی لە دەوروبەری شارەکاندا.

 دووەم/ ئەو زیادەڕەویانەی دەکرێنە سەر موڵکی گشتی لە چەقی شارەکاندا.

 B/ زیادەڕەوی لە رووی کەسییەوە:

 یەکەم: زیادەڕۆکارانی خاوەن نفوز و دەسەڵات 

دووەم: زیادەڕۆکارانی هەژار و کەمدەرامەت 

سێیەم: زیادەڕۆکارانی دەوڵەت (حکومەت)

 C/ هۆکارەکانی پەرەسەندنی زیادەڕەوی 

 D/ هەوڵەکا بۆ بەرگرتن لە زیادەڕەوی و نە‌‌هێشتنی 

E / چی بکرێ بۆ بەرگرتن بە زیادەڕەوی و چارەسەرکردنی؟

 

 

  وەک هەموولایەک ئاگادارن ماوەیەکی زۆرە دیاردەی زیادەڕەوی رۆژ لە دوای رۆژ لە ناو شار و دەوروبەری شاردا لە زیادبووندایە. بە شێوەیەک بووەهۆی ئەوەی فەرمانگە حکومییەکان نەتوانن کاری خۆیان بکەن و بەرەنگاریی ئەم دیاردە قێزەونە ببنەوە، بە جۆرێک رەنگیداوەتەوە، کە هەیبەتی بۆ حکومەت و فەرمانگەکانی نەهێشتووەتەوە، تاکو کار بەوەگەیشتووە خەڵکانێکی گەندەڵ و دژە یاسا ئەم هەلە بقۆزنەوە و بکەونە داگیرکردنی موڵک و ماڵی گشتی و بەتاڵانبردنی فرۆشتنی و پێکەوەنانی سەروەت و سامانی ناڕەوا.

 بە مەبەستی کۆکردنەوەی زانیاریی پێویست لەسەر ئەم بابەتە، سەردانی لایەنە پەیوەنددارەکانمان کرد، و گەیشتینە ئە دەرەنجامانەی خوارەوە:

 A/ زیادەڕەوی لە رووی بابەتییەوە:

یەکەم: ئەو زیادەڕەوییانەی کراونەتە سەر موڵکی گشتی لە دەوروبەری شاری سلێمانی:

ئەو زیادەڕەوییانە کراونەتە سەر موڵکی گشتی لە گوندەکان و دەوروبەری گوندەکان و دەرەوەی شاری سلێمانی، کە سەرجەمیان زەویی وەزارەتەکانی شارەوانی، یان دارایی، یان کشتوکاڵن.

 ئێمە سلێمانیمان بە نمونە هێناوەتەوە، ئەگینا بارودۆخی شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێم باشتر نیە، بەڵکو حاڵی هەندێ شار و شارۆچکە زۆر مەترسیدارە، بەڵام بە شانازییەوە ئەو ئازادیی رادەربڕین و بەدواداچون و شەفافییەت و دەستکەوتنی زانیاریی پێویست و کرانەوەیەی لە سلێمانی و دەوروبەری فەراهەمکراوە لە شارەکانی دیکەی هەرێم و عیراق و دراوسێی عیراقیش دەگمەنە.

 ئەم زیادەڕۆکارانە زەویی حکومەت داگیردەکەن و کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکەن و بیناو کۆگای لەسەر دروستدەکەن، بێ ئەوەی گوێ بە یاساکانی وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتەکانی دیکە بدەن. ئەمانە هەندێکیان چەکدارن و هەموو شێوازێکی بەرەنگاربوونەوە بەکاردێنن، وەک رووبەڕووبوونەوەی چەکداری، تاکو دەگاتە بەکارهێنانی ژن و منداڵ بۆ کارکردنە سەر هەست و ویژدانی بەرامبەریان، هەروەها هەندێکیان پشتیوانیی عەشائیری، یان حزبی، یان عەسکەی دەکرێن، کە تیمەکانی شارەوانی و هێزەکانی هاوکاری، ناتوانن بەرەنگاریان ببنەوە.

 
 

 ئەم شوێنانەی لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەدەین هەرە دیارترینیانن، کە ئەم گوندانە و دەوروبەریان دەگرێتەوە:

 - گوندی ناوگردان/ دەکەوێتە باشوری رۆژهەڵاتی سلێمانیەوە، لە ماستەرپلاندایە و نەخشەی پەسەندکراوی هەیە، بەڵام ئەو شوێنەی زیادەڕەوی لەسەرکراوە لە دەرەوەی ماستەرپلانە، کە تاکو ئەم رێکەوتە زیاتر لە (٢٠٠) دوو سەد خانوو لەم شوێنە بە زیادەڕەوی دروستکراوە.

 - گوندی رازییانەی کانی شینکە/ لە رۆژهەڵاتی شاری سلێمانیە و نەخشەی پەسەندکراوی هەیە، لەم شوێنە پتر لە ١٠ دە دۆنم زەویی زیادەڕەوی لەسەر کراوە، ناوی سەرجەم زیادەڕۆکاران دراون بە دادگا، بەڵام کەسیان دەستگیرنەکراون

 - گوندی مەلا داود/ ئەم شوێنە لە رۆژئاوای سلێمانییە و دەکەوێتەسەر جادەی قەیوان، سنوری گوندەکە نەخشەی هەیە، بەڵام ئەوەی زیادەڕەوی لەسەرکراوە پتر لە ٧٠ حەفتا دۆنم زەوی دەبێت و دەکەوێتە دەرەوەی ماستەر پلانەوە نزیکەی ٢٥ بۆ ٣٠  باخی لەسەر دروست کراوە

 - گوندەکانی ئاڵیاوا و فەرەجاوا/ دەکەونە باشوری رۆژهەڵاتی سلێمانیەوە لەو دیو پردی تانجەڕۆوە کە نەخشەی پەسەندکراویان نییە. کۆمەڵێک خانویان بە زیادەڕەوی لێدروستکراوە

 - گوندی هوانە/ لە رۆژهەڵاتی سلێمانییە، نزیک شەقامی تانجەڕۆ (ناوچەی پیشەسازیی دوو)، لە ماستەرپلاندایە و بۆ خزمەتگوزاری تەرخانکراوە، بەڵام زیادەڕۆییەکی زۆری لەسەرکراوە.  

 - گوندەکانی کۆڵەبی و داربەڕوولە/ دەکەونە رۆژهەڵاتی سلێمانییەوە و نەخشەی پەسەندکراویان نییە، ژمارەیەک خانوویان لەسەر دروستکراوە، بەڵام کۆنترۆڵکراوە.

 - گوندی کانی سپیکە/ لە سنوری ماستەرپلانی شارەوانیی سلێمانی دایە، کە قاگعی (١٩٩) کەڵەکنی پێ دەگوترێ، زیادەڕۆییەکی فراوانی لەسەر کراوە پتر لە ١٣٠ سەدو سی سکاڵا دراوە بە دادگا، بەڵام کەس دەستگیرنەکراوە.

 - گوندی ژاڵەی سەروو و ژاڵەی خواروو/ دەکەوێتە سەر شەقامی (تانجەڕۆ – قەراغ)، کە نەخشەی پەسەندکراوی هەیە، بەڵام ئیفراز نەکراوە، واتە کەوتۆتە ماستەرپلانی شارەوانییەوە، بەڵام لەسەر کشتوکاڵ نەکوژاوەتەوە. پتر لە ( ٧٠)  کۆگای (٤٠٠)م^٢ بە جەمەلۆن لەسەر دروستکراوە.

 - گوندەکانی کانی حەمە و کانی پیرە/ کە نەخشەی پەسەندکراویان نیە، دەکەونەسەر شەقامی شار، کە هەریەکەیان پتر لە (٥٠) پەنجا خانوویان بە زیادەڕەویی لەسەر دروستکراوە.

 - گوندی تووەسپی/ لە دەرەوەی ماستەرپلانی سلێمانییە، لە سنوری ناحیەی بەکرەجۆیە، لەودیو بازگەی دۆڵەرووت هەڵکەوتووە، پتر لە (١٠٠٠) هەزار خانووی بە زیادەڕەوی لەسەر دروستکراوە.

 

 دووەم/ ئەو زیادەڕەویانەی کراونەتە سەر موڵکی گشتی لە چەقی شاردا:

 ئەو زیادەڕەوییانەی کە لە ناوەندی شارەکاندا کراون، بە شێکی تری زیادەڕۆکان بۆ سەر شەقام و شۆستەکانە لە شوێنە گشتیەکاندا، کە بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەوە زۆر زیادیانکردووە، ژمارەیکی زۆری هاوڵاتییان بەهۆی هەژاری و کەمدەرامەتی و بێ کاروکاسبیەوە لە ناوەندی شاردا هانا بۆ عارەبانە و دەستگێڕی دەبەن، بەمەش ناو بازاڕ بە تەواوی شێواوە و قەرەباڵغێکی زۆری دروستکردووە، بە تەواوی خەڵکی بێزارکردووە و هاتووچۆی هاوڵاتیان ئەستەم بووە، لە هەمانکاتدا دوکاندارەکان شۆستە و شەقامەکان بەکاردێنن و ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی هاوڵاتیان دروستدەکەن، هەروەها ژمارەیەکی زۆر کابینە و کەپر و سەیارە لەسەر شەقامە گشتییەکان دانراون بۆ فرۆشتنی کاڵا جۆراوجۆرەکان، کە ئەمەش دیاردەی ناشارستانییە، و گلەیی و گازندەی زۆری هاوڵاتیانی لێکەوتۆتەوە.   

 

 B/ زیادەڕەوی لە رووی کەسییەوە

 یەکەم/ زیادەڕۆکارانی خاوەن نفوز و دەسەڵات

 ئەوانە بازرگانی گەورەی زەوین، پشتئەستور بە نفوز و دەسەڵاتیان موڵکی گشتی بە بەرچاوی حکومەتەوە داگیردەکەن، بە ئاشکرا و بێ سڵەمینەوە بە زەبری هێز پارچە زەویی گەورە کە دەیان دۆنم و هەندێجار سەدان دۆنم دەبێت. سیاج یان بلۆک بلۆک و دواتر پارچە پارچەی دەکەن و دەیفرۆشنەوە، ئەمانە لە سەرووی یاساوەن، دامودەزگاکانی حکومەت جگەلە پاڕانەوە و ئەملا و ئەولا کردن و قسەکردن لە راگەیاندنەکان دا هیچ دەسەڵاتێکیان نیە و ناتوانن رێگریان لێ بکەن

 

 

 دووەم/ زیادەڕۆکارانی هەژار و کەمدەرامەت

 ئەمانە زیادەڕۆکاری پارچە زەویی بچوکن، بەهۆی هەژاری و نەداری و نەبونی کار و کاسبی و شوێنی نیشتنەجێبون و بە نرخی زۆر کەم و بە قەرز و قۆڵەوە ئەم زەویانە دەکڕن و کەلاوە و خانوویان لەسەر دروستدەکەن و کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکەن، یاخود خۆیان و ماڵ و منداڵیان تێدا نیشتەجێدەکەن و دەبن بە ئەمری واقع و داوای خزمەتگوزاری و تاپۆکردنی دەکەن

 

سێیەم/ زیادەڕۆکارانی حکومەت

کە ئەمانە کارمەندی حکومەتن لەو دامودەزگایانەی کە پەیوەندیان بە پڕۆسەی جیاکردنەوە و دابەشکردنی زەوییەوە هەیە، کە لە نەبوونی سیستمێکی رێکوپێکی کارگێڕی لە جیاکردنەوە و دابەشکردنی زەوییەکان نەبوونی چاودێرییەکی پسپۆر و دڵسۆز بەسەر پڕۆسەکەوە، ئەوانە لە نێوان خۆیان دا پەیوەندی و هاوئاهەنگیی نامەشروع و نایاسایی دەبەستن بۆ وەلانان و هێشتنەوەی کۆمەڵێک بلۆک و پارچە زەویی نایاب و روکنەکان بە ناوی وەهمی و هەندێجار بە یاساییکردنیان و دواتر بەسەر خۆیاندا دابەشیدەکەن و دەیفرۆشن، لە زۆربەی کاتدا نوسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی زەویوزاریش هاوبەش و هاوکارن

 

C/ هۆکاری پەرەسەندنی زیادەڕەوی

 ١- قەیرانە سیاسی و داراییەکانی هەرێم و ناوچەکە و ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و داراییانەی هاوڵاتیان تێیکەوتوون. کە بەشێکی زۆریانی توشی هەژاری و نەداری و بێ جێگە و رێگە کردووە و بووەهۆی هەڵتۆقانی خەڵکانێکی خاوەن نفوز و دەسەڵات، کە هەندێکیان نابەرپرسانە دەستیان بە قۆرغکردنی زەویوزاری گشتی کردووە

 ٢- نەبوونی یاسایەکی توندوتۆڵ و یەکخراو (موحد) بۆ

      - چارەسەرکردنی کێشە جۆراوجۆرەکانی موڵکایەتی و زەوی

      - رووبەڕووبونەوەی زیادەڕۆکاران

٣- نەبوونی لامەرکەزیی (پارێزگاکان و دەزگا خزمەتگوزارییەکان) و نەبوونی چاودێرییەکی بەهێز و تۆکمە و بەسەر دەزگاکانی جێبەجێکردنەوە و بەسەرچوونی ماوەی یاسایی ئەنجومەنی هەڵبژاردراوی شارەوانیەکان و بێدەسەڵات و بێتوانایی ئەو ئەنجومەنانەی ئێستا لەکاردان، کە ناتوانن پارێزگاری لە موڵکی گشتی بکەن

٤- دابەشنەکردنی زەوی لە ساڵی (٢٠٠٦)ەوە چارەسەرنەکردنی کێشەی نیشتەجێبون و پێویستی هەزاران خێزانی بێ نەوا و زەویی نیشتەجێبوون

٥- لاوازیی هێزی دەزگاکانی پارێزەری موڵکی گشتی لە رووی چۆنایەتی و چەندایەتیەوە و بێتوانایی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و داواکاری گشتی لە رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی زیادەڕەوی

 

D/ هەوڵەکانی حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی زیادەڕۆکاران:

 ١- سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژە بە بڕیاری ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠١٦ی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەدات، بە نوسراوی ژمارە (٤٨٥) لە  ١٨/٥/٢٠١٦ راسپاردەیەک  ئاڕاستەی (٧) دادوەری داواکاری گشتی دەکات و رایاندەسپێرێت بە پێکهێنانی لیژنەیەک بە سەرپەرشتی بەڕێز (ئازاد ملا ‌‌افندی) بە مەبەستی بەدواداچون و کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر گشت زیادەڕەوییەکانی سەر زەویی حکومەت لە هەرێمی کوردستان، کە داوادەکات ئەم لیژنەیە لە ماوەی یەک مانگدا کارەکانی تەواوبکات و زانیارییەکان بە راپۆرتێک بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم  بەرزبکاتەوە

 ٢- نوسراوی نهێنی (بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری یاسایی)/ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ژمارە ( ٦٧) لە  ٣٠/٥/٢٠١٦  بۆ بەڕێوبەرایەتیی شارەوانییەکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان)، دەستەی گەشتوگوزار، سەرۆکایەتیی شارەوانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەلار، هەڵەبجە) بۆ پێدانی زانیاریی تەواو و هاوکاریکردنی لیژنەی پێکهاتوو لە لایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی  وەزیران ژمارە (٤٥) لە ١٨/٥/٢٠١٦

 ٣- نوسراوی وەزارەتی ناوخۆ/ بەڕێوەبەڕایەتیی گشتیی دیوان/ بەڕێوبەرایەتیی کارگێڕی، ژمارە (١٣٣٢١) لە ١٤/٨/٢٠١٦، کە ئاماژە بە نوسراوی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ژمارە (٥٥١٦) لە ٢٦/٧/٢٠١٦ دەدات، کە ئاگاداری سەرجەمی سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان دەکات، هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ تەواوی شارەوانییەکانی سەر بە وەزارەتمان بکەن، بە مەبەستی نەهێشتنی دیاردەی زیادەڕەوی و جێبەجێکردنی فەرمانەکانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران.

 ٤- لە ناوەڕاستی مانگی ٢ی ٢٠١٧ دا فەرمانگەی داواکاری گشتی ئاگادارییەکی لە کەناڵەکانی راگەیاندن سەبارەت بەم دیاردەیە بۆ هاوڵاتیان بڵاوکردەوە، کە ئەمە ناوەڕۆکەکەیەتی "کەسانێک بەبێ گوێدانە یاسا و رێساکان بەتایبەت لە سنوری گوندەکانی نزیک شاری سلێمانی کە کەوتونەتە ناو ماستەر پلانی  شارەوانی سلێمانیەوە دەستییان بەسەر زەویی شارەوانی گرتوە و دەگرن و خانوو و بیناو کۆگاو دامەزراوەی دیکەی لەسەر دروستدەکەن، یاخود زەوییەکە بەش بەش دەکەن و بە شێوەی پارچە زەویی نیشتەجێبوون کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکەن. ئەم کردارانە بە تاوان هەژماردەکرێت و فەرمانگەکەمان بە بەردەوامی بەدواداچوون دەکات، بۆ زانینی ناوی ئەو کەسانەی ئەو کارە ئەنجامدەدەن و سکاڵای سزای لە دژیان دەجوڵێنین، بەبێ رەچاوکردنی پلە و پایە و پێگەی کەسە زیادەڕۆکارەکان، هەربۆیە هاوڵاتیان ئاگاداردەکەینەوە خۆیان بەدووربگرن لە کڕینی ئەو زەوی و خانووانە و خۆیان نەکەنە قوربانی و پارە و داهاتی خۆیان نەکەنە گیرفانی کەسانێک، کە کڕین و فرۆشتن بە موڵکێکەوە دەکەن، کە هی خۆیان نیە، چونکە ئەو کڕین و فرۆشتنانە تاوانن و پوچەڵن، هەروەها رێکاری توند دەگرنەبەر بۆ رێگری لەو دیاردەیە و لابردنی زیادەڕۆکان". 

 ٥- نوسراوی بە پەلەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق سەبارەت بە زیادەڕەویەکانی سەر زەوی حکومەت، ژمارە (م أ م / ١١٦ ) لە ٣١/١/٢٠١٧ کە ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەتەکان و ئەنجومەنی پارێزگاکان و پارێزگاکانی عیراقی کردوە، داوادەکا لە ماوەی یەک هەفتەدا زانیاریی ورد و تەواو لە خشتەی هاوپێچدا تۆماربکەن لەسەر زیادەڕۆکانی سەر موڵکی گشتی لە رێگەی (Flash memory یان CD) بۆ دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی بنێرن، بە مەبەستی ئاڕاستەکردنی سەرکردایەتیی ئاسایش بۆ لابردنی زیادەڕەوییەکان و راسپاردنی هێزی ئاسایشی تایبەت بۆ نەهێشتنی زیادەڕۆکان و گرفتی زیادەڕۆکان

 ٦- کۆبونەوەی پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ لایەنە پەیوەنددارەکان لە ناوەڕاستی مانگی ٢ی ٢٠١٧ دا کە بڕیاردرا بە زوترین کات هێزێکی هاوبەش لە پۆلیس و ئاسایس و لیوای پاراستنی سلێمانی پێکبهێنرێت، پەلە لە ئیجرائاتی پێویست بکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ نەکراوە

 ٧- هەر لە مانگی  ٢ ی ٢٠١٧ دا سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا هانای بۆ وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە برد و داوای لە حکومەت و داواکاری گشتی کرد، کە بەزووترین کات بێن بە هانایانەوە کە خەڵکانێک دژ بە یاسا و رێنمایەکان قاچاخچیەتی بە موڵک و ماڵی حکومەتەوە دەکەن و دەبنە ملیۆنێر، لەگەڵ ئەوەی چەندین جار کۆبونەوەی لەسەر کراوە و سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی ناوخۆ نوسراوی ئاڕاستەی هەموو بەپرسی ئیداری و شارەوانیەکان کردووە کە ئیجرائاتی بە پەلە بکەن، بەڵام تاکو ئێستا هیچ ئیرادەیەک نیە وە هیچ هێزێک ئامادە نەکراوە و هیچ داواکاری گشتی یەک سکاڵایان لەسەر هیچ کەسێک تۆمارنەکردووە و نە کەس گیراوە و نە زیادەڕۆکان رووخێنراون، بەڵکو رۆژانە زۆرتر دەبن و بەردەوامن، چونکە دەزانن حکومەت بێدەنگە

 

E/ چی بکرێ بۆ رێگریکردن لە زیادەڕەوییەکان و چارەسەرکردنیان؟

١- کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پەلەکردن لە هەموارکردنەوەی ئەم یاسایانەی خوارەوە، بە مەبەستی چەسپاندنی لامەرکەزیی پارێزگاکان و دامودەزگاکان

- هەموارکردنەوەی ئەو یاساو بڕیارانەی پەیوەندیدارن بە خاوەندارێتیی زەوییەوە، بە شێوەیەک بەرژەوەندیی موڵکی گشتی پارێزراو بێت.

- هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربونەوەی زیادەڕەوی و توندکردنی سزاکان.

 - هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٠٩ی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.

 - هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە ٦ی ساڵی ١٩٩٣ی ئەنجومەنی شارەوانییەکان.

٢- بەدامەزراوەکردنی سیستمی بەڕێوەبردنی هەرێم، بە شێوەیەک هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نەبێت.

٣- دامەزراندنی دادگایەکی بەهێز و تایبەت بە بابەتی زیادەڕەوی و هەبوونی لق لە هەموو یەکە کارگێڕییەکاندا.

٤- دابەشکردنی یەکەی نیشتەجێبون بە سیستمێکی کارگێڕییانەی مۆدێرن، کە عەدالەتی تێدا بێت.

                                 

 

SHARE
وتاری زیاتر
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft