هۆشیار عەبدوڵا
2021-02-07      744 جار بینراوە        کۆمێنت
هۆشیار عەبدوڵا
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

سیاسەتی نەوتی هەرێم؛کێشەیەکی قوڵە بۆ ئێستا و کارەساتێکی گەورەشە بۆ ئایندە.
 دەربارەی رەشنوسی یاسای موازەنەی ساڵی ۲٠۲۱ لە لیژنەی دارایی زیاتر لە ٤۲ کۆبونەوەمان کردوە، هیچ کۆبونەوەیەک لە هەشت سەعات کەمتر نەبوە، زۆر جار گەیشتۆتە سەروی ۱٠ سەعات، زۆر برگە و مادە هەن کە لەبەرژەوەندەی چین و توێژە جیاکانی هەرێم داخڵمان کردون، لەدەرەوەی پشکی هەرێم برێک پارەمان گواستۆتەوە بۆ پارێزگاکانی هەرێم وردەکاری هیچ یەکێک لەوانەمان باس نەکردوە چونکە مەبەستمانە دەنگیان لەسەر بدرێ و جێگەی خۆیان بگرن، بە درێژایی ماوەی کۆبونەوەکان خۆمان لە گوتنی زۆر شت پاراستوە، هەماهەنگیمان لەگەڵ هەمو لایەک کردوە بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستورییەکانی هەرێم، ئێستا کاتیەتی چەند قسەیەکی ڕاشکاو هەم بۆ مێژو هەم بۆ رایگشتی خەڵکی کوردستان یاداشت بکەین:
یەک: حکومەتی هەرێم بەهەمان نەفەس و نیەتی ساڵی ۲٠۱۹ دانوستان لەگەڵ بەغدا دەکا بۆ پشکی هەرێم لە موازەنەی ۲٠۲۱ دا، بێ ئاگا لەوەی رۆژ نیە پەرلەمانتاران پێمان نەڵێن وەک ۲٠۱۹ نابێ وەعدتاندا نەوت رادەست بکەن و نەتانکرد.
راستە هاتوچۆی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا زیادی کردوە ئەوەش کارێکی باشە بەڵام نیەت و ئامادەییان بۆ رادەستکردنی نەوت هەمان عەقڵیەتی ۲٠۱۹ یەو چاوەرێی لێبرینی داهاتی نەوتن و ئامادەنین لەسەر تێگەیشتنێکی دەستوری بۆ چارەسەری گرفتەکە یەکلاببنەوە. راستە وەعدی ئێستایان بۆ رادەستکرنی ۲٥٠ هەزار بەرمیل نەوت یا داهات لە جاران تۆخترە بەڵام کەس نازانێ نسبەتی پابەند بون چەندە و چۆنە؟!ئەوەی گومانی هەموانی زیاد کردوە ئەوەیە کە تا ئێستا نەوتی هەرێم کاڵایەک نیە لە بەردەستی حکومەت بۆ خزمەتی خەڵک، بەڵکو پارە و پاوەری دەستی ئەشخاص و ئەحزاب و خێزانە سیاسیەکانە بۆ خزمەتی خۆیان و ئەجێنداکانیان.
دوو: نەوت چەقیی ئەساسی کێشەی ئێمەیە لەناو موازەنەدا،.و بێ یەکلاکردنەوەی ئەو کێشەیە پشکی هەرێم یەکلا نابێتەوە، لە کاتێکا پێشتر زۆربەی بەرپرسە باڵاکانی هەرێم لە لێدوانیی رەسمی و نارەسمیی خۆیان و دامەزراوەکانیاندا دەیانگوت ئامادەین هەمو نەوتەکە رادەست بکەین، یاخود با هەموی سۆمۆ بیفرۆشێ ئێستا دەڵێن رادەستی ناکەین. گروپێک هەن لە ناو هەرێمدا بە ئاشکرا بۆ هەمو پێشنیارێک بەهانەیەک دا دەتاشن، وا خۆیان دەردەخەن زۆر لەگەل رێکەوتنن بەڵام لە ژێرەوە دژن چونکە سودمەندی سەرەکی نەوتی هەرێمن، ئەوانە بە ئاشکرا دژی ئەوەن سیاسەتی نەوتی هەرێم گۆڕانکاری تێدابکرێ. هەڵبەتە هەمان گروپ لە بەغداش لەناو هێزە عێراقیەکاندا هەیە کە بەردەوام گرفت دەخاتە بەردەم هەمو پێشنیاری چارەسەرێک وخەریکی بازرگانیکردنە بە ناوی مەزهەبەوە.
سێ: مەلەفی نەوتی هەرێم جیایە لە فرۆشتن و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە لایەن سۆمۆوە، ئەگەر عێراق بڵێ هەمو مەلەفی نەوتی هەرێممان دەوێت، ئەمە دەستوری نیە و هەرکات خرابێتە ڕوو ئێمە یەکەم کەس بوین کە رەتمانکردۆتەوە، چونکە لەدەستوردا هەرێم مافی هەیە کە بەشداربێت لە ئیدارەدانی مەلەفی نەوت و لەو روەوە ماددەی ۱۱۲ ڕوونە، بەڵام وەک لە وەزیری نەوت گوێبیست بوین لە دانیشتنی فەرمییدا، ئەوان بە هەماهەنگی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ئیشرافیی کێڵگە نەوتیەکانی هەرێم دەکەن، ئیدارەی ئەو کێڵگە نەوتیانە لای وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەمێنێتەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق زیاتر کێشەیان لەگەڵ گواستنەوە و فرۆشتنی هەیە. بەڵام لە روی دەستورییەوە وەک چۆن ناکرێ بەغدا داوای هەمو مەلەفەکە بکا و بڵێ هەرێم هیچ پەیوەندی پێوە نەبێ، ناشکرێ لە دەوڵەتێکی ئیتیحادیدا حکومەتی فیدراڵ ئاگاداری لە دەرهینان و گواستنەوە و فرۆشتنی نەوتی هەرێمێکی ناو دەوڵەتەکەی سفر بێت و ئاگای لە هیچ شتێک نەبێت.
چوار: عەقڵیەتێک لە بەغدا و لە هەولێریش هەیە کە باوەری بە سیاقاتی کاری دەوڵەتیی نیە، باوەری بە دەستور نیە هەر وەک دروشم باسی دەکەن، بۆ نمونە هەرێم پێی وایە هەرچیی داهاتێک هەیەتی هی خۆیەتی و نابێ هیچ بەشدارییەکی لە سەبەتەی ئیتیحادیدا هەبێ، لە کاتێکا ماددەی ۱۱۱ ڕونە کە نەوت و گاز لە هەرێم و پارێزگاکان بە موڵکی هەمو گەلانی عێراق دەزانێ، لە بەغداش عەقڵیەتێک هەیە کە پێی وایە دەبێ هەرێمیش حاڵی حاڵی پارێزگایەک بێ، عەقڵیەتێک هەیە لە سروشتی مۆدێلی فیدراڵی نەگەیشتوە و هێشتا کەڵکەڵەی عەقڵیەتێکی مەرکەزی لە مێشکیدایە ئەوەشمان بە زەقی و بەدەنگی بەرز لە کۆبونەوەکاندا پێگوتون.
پێنج: هەڵەیەکی کوشندە هەیە وا چەندین جارە هەرێم تێی دەکەوێت، هەرکات نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە بێمنەتی بە قسەکانیەوە دیار دەبێت، ئەم چەند رۆژە کە نەوت بەرەو سەرەوە دەجوڵێ ئاشکرا نەفەسیان گۆڕاوە، بێ ئاگا لەوەی گریمانەی ئەوە بەهێزە کە ماوەیەکی تر بۆ نزیکی پەنجا دابەزێتەوە.
شەش: با ڕون بێ کە لەسەرەتای گفتوگۆکانیی موازەنەوە ئێمە داکۆکی لەو دەقە دەکەین کە لە حکومەتەوە هاتوە بۆ پشکی هەرێم. لە گفتوگۆکاندا، لە دیدار و کۆبونەوەکاندا ئێمە داکۆکیکاری سەرەکی بوین لە تێکرای مافە دەستورییەکانیی هەرێم، بەڵام بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن و زانیاری لامان ڕونە کە هەرێم ستراتیژی یەکەمی رێکەوتن نیە، لە حاڵەتێکدا هەرێم رێکەوتنی رەتکردەوە، بێگومان ئێمە رێگە چارەی دەستوری و هەر پێشنیارێک بزانین لە خزمەتیی خەڵکی هەرێمدایە رەتیناکەینەوە.ئامانجی هەمو ئەو قسانەی سەرەوەش جگە لە گوتنی راستیی هۆشدارییە بە حکومەتی هەرێم کە ئاگاداریان بکەینەوە لەوەی هەڵەن ئەگەر پێیان وابێ دەتوانن وەک ساڵانی رابردوو لەسەر سیاسەتی هەڵەی نەوت بەردەوام بن. مەلەفی نەوت مەترسیەکی ئێستا و ئایندەیی گەورەیە لەسەر هەرێم و پێویستی بە چارەسەری خێرا هەیە. چارەسەری مەلەفی نەوت بە هاوبەشیی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی لەچوارچێوەی دەستوردا لە بەرژەوەندی خەڵک و موچە خۆرانیی هەرێمە، دەشێ لە ئێستادا دژی بەرژەوەندی ئەحزاب و ئەشخاص بێ بەڵام لە مەدای دوردا لەبەرژەوەندی هەموانە، ئاشکرایە کە نەوتی هەرێم کۆڵەکەی ئەساسی دەسەڵاتی حزب و بنەماڵە سیاسیەکانە، بەڵام چارەسەر نەکرێ تاسەر ئاوا بەردەوام نابێ و رۆژێک دێت هەر ئەو نەوتەی سەرچاوەی دەسەڵاتی ئێستایانە لە ئایندەدا دەبێتە هۆکاری کەوتنی دەسەڵاتەکەیان.
SHARE
وتاری زیاتر
موازەنەی 2021 (3،4)
هۆشیار عەبدوڵا
2021-01-14      945 جار بینراوە
موازەنەی ۲٠۲۱ (2)
هۆشیار عەبدوڵا
2021-01-09      934 جار بینراوە
موازەنەی 2021
هۆشیار عەبدوڵا
2021-01-02      764 جار بینراوە
کەس هەڵەبجەی لەبیر نیە!
هۆشیار عەبدوڵا
2019-11-17      1215 جار بینراوە
رێک پێچەوانەکەی راستە!
هۆشیار عەبدوڵا
2019-06-24      883 جار بینراوە
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft