/   بیروڕا
داوایەکی تەواو یاسایی و ڕەوا
ئەكرەم شەریف محەمەد
2017-08-02
داوایەکی تەواو یاسایی و ڕەوا
ئەکرەم شەریف
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
بۆ بەڕێزان :-
سەرۆکایەتی و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و تەواوی ڕای گشتی
لای هەمووان ڕوونە کە ماوەی نزیکەی ساڵێکە لە لووتکەی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی پارێزگادا ، بۆشایی کارگێڕی هەیە کە پێویست بوو دەستەی لووتکە پێک بێت لە پارێزگار و دوو جێگر ، یەکێکیان بۆ کاروباری هونەری و ئەوی دیکەیان بۆ کاروباری کارگێڕی بەڵام بە پێی یاسایی تایبەتمەند دەستەکە تەواو ( کامل ) نی یە .
هەرچەندە چەندین جار ئەنجومەنی پارێزگا و شارەزاییان لە بواری کارگێڕیدا ، لەو بارەیەوە قسە و هەڵوێستی جدیان هەبووە ، بەڵام بەداخەوە تاکو ئێستا تەنها ووتەکان لە بواری تیۆرییدان و نەچوونەتە بواری کرداریەوە ، بۆ چارەسەری ئەو بۆشاییە ئیدارییانە بەشێوەیەکی یاسایی و دروست .
بۆیە بەندە وەک کار و ئەرکی خۆم بە پێویستی دەزانم ، بیری لایەنە پەیوەندیدارەکانی بهێنمەوە کە پێویستە ئەو بۆشاییە ئیدارییانەی کە لە لووتکەی دەسەڵاتی جێبەجێکردندایە بەشێوەیەکی یاسایی و دروست پڕبکرێتەوە ، چونکە پڕکردنەوەیان سەرەڕای ئەوەی جێبەجێکردنی بنەمایەکی یاساییە ، خزمەتێکی گەورەش دەگەیەنێت بە بەرژەوەندی گشتی و باشتر کار ڕای کردنی کاروبارەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی ، بۆیە جارێکی تریش جەخت دەکەمەوە و داواکارم پۆستەکان پڕ بکرێنەوە بە پێی ئەو ڕێکارانەی کە لە یاسایی ژمارە ( ٣ ) ی ساڵی ٢٠٠٩ ی تایبەت بە دەسەڵات و تایبەتمەندیەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا دەق نووس کراوە ، ئەگینا بە پێچەوانەوە سیستەمی نا سەنتەری ( لا مەرکەزی ) پێشێل دەکرێ !! ، بێدەنگی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵکی سنوورەکە ( ئەنجومەنی پارێزگا ) و بانگەشە کەرانی سیستەمەکە دەکەونە ژێر پرسیاری جدیەوە ، بۆیە ئەرکی ئەنجومەنی پارێزگایە بە تەواوی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانەوە پارێزەری سەرسەختی پاراستنی یاسا و دەسەڵات و تایبەتمەندیەکانی بێ ، چونکە لە بنەڕەتدا کار و ئەرکی ئەنجومەنی پارێزگا بەرگریکردنە لە یاساکە و جێبەجێکردنی سیستەمی لا مەرکەزی ، لە پێناو دابەشکردنی دەسەڵاتەکان نەک لێسەندنەوەی دەسەڵاتە یاساییەکان ! ، کە کۆی مەبەست لێی ڕێکخستنی دەسەڵاتەکانە لە پێناو ئاسانکاری و کەمکردنەوەی ڕۆتینات و چاککردن و گەیاندنی خزمەت گوزارییە گشتییەکانە بە هاوڵاتیان و کەمکردنەوەی ئەرک و پاراستنی مافەکانی کۆی گشتی کۆمەڵگاکەمان ، کە جێگیر و پەیڕەو کردنی سیستەمەکە بۆ حاڵ و دۆخی ئەمڕۆمان زۆر لە بار و پڕ خزمەتە ،
بۆیە بۆ خزمەتی گشتی و سیستەم سالاری و سەروەر بوونی یاسا و بنەماکانی پێویستە:
١-ڕێکەوتنی سیاسی بۆ پڕکردنەوەی پۆستە کارگێڕییەکان بەهەند وەربگیرێت بۆ جوانکردنی چەپکە گوڵەکەی حکومەتی خۆجێی بە لەبەر چاو گرتنی بەرکەوتی تەواوی لایەنەکان بەڵام هەر لایەنە و بە پێی قورسایی و ڕێژەی دەنگی بەدەست هاتووی ، بەڵام بە ( پێی ڕێکاری یاسایی ) ، لە پێناو ئاشتی کۆمەڵایەتی و پارێزگایەکی ئارام و خۆشگوزەران .
٢-لە یاساکەدا زۆر بە ڕوونی چۆنیەتی و شێوازی دانان و هەڵبژاردنی پارێزگار و دوو جێگرەکەی دەست نیشان کراوە ، بۆیە ڕاڤە و کاری نایاسایی جێگەی نابێتەوە ، تکایە ! ،
لە کاتی چەند بارە بوونەوەی ناکرێ جارێکی تر ئەنجومەنی پارێزگا لێی بێدەنگ بێ .
٣-لە یاساکەدا زۆر بە ڕوونی باسی پارێزگار و جێگرەکانی و ئەرک و ماف و دەسەڵات و تایبەتمەندیەکانی کراوە ، لە بری دانان و هەر بابەتێکی دیکە بۆ بەڕێکردنی کارەکان نایاساییە و بنەمای قانوونی نی یە ، ناکرێ بۆچوون و بەرژەوەندی کەسی یان حیزبی جێگەی دەقە یاساییەکان بگرێتەوە .
٤-لە یاساکەدا مەرجەکانی بوون بە پارێزگار و جێگری پارێزگار دەق نووس کراوە ، هیچ تێڕوانین و ڕاڤە کردنێکی دیکە جێگەی نابێتەوە چونکە لای هەمووان ڕوونە یاسا بە یاسا هەمووار و دەستکاری دەکرێ یان لادەبرێ .
٥-لە ماوەی ڕابردوودا هەندێ حاڵەت و پێشێلکاری یاسایی ڕووی دا کە دیارترینیان پێشێلکردنی بڕیاری ژمارە ( ١ ) ی ساڵی ٢٠١٥ ی پەرلەمانی کوردستان بوو ، کە تایبەت بوو بە دەسەڵات و تایبەتمەندیەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان بۆ دانانی قائیمقام و بەڕێوبەری ناحیەکان ، هەرچەندە لە کاتی خۆیدا قسەمان کرد ، بەڵام بەداخەوە تێپەڕی ، بۆیە هیواخوازم هەمووان هاوکار بین بۆ ئەوەی ئەم حاڵاتەنە نەبنە دیاردە و سیستەمی لا مەرکەزی جێگیر و پەیڕەو بکرێ و ناوەندێتی جێگەی نا سەنتەری نەگرێتەوە ! .
٦-لەسەر هەموو ئەو تێبینی و پێشێلکارییانە ، بەندە لە ڕۆژی ٢٠ / ٦ / ٢٠١٧ یاداشتێکم بە واژۆی زیاتر لە ( ٢٠ ) ئەندامی بەڕێزی ئەنجومەنی پارێزگا ، ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگا کرد ، کە یاداشتەکە تایبەت بوو بە گرێدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەن ، بۆ تاوتوێی دەسەڵاتی ئەنجومەن و پێشێلکارییە یاساییەکان و دەستنیشانکردنی ئاستەنگەکانی بەردەمی و چۆنیەتی چارەسەرکردنی و پێویستی پڕکردنەوە بۆشاییە کارگێڕییەکان لە پارێزگارەوە تا پلەکانی خوارەوە ، خۆشبەختانە لە کۆبوونەوەی ئاسایی ( ٣٧ ) هەمینی ئەنجومەندا ، لە ڕۆژی ١٨ ی / ٧ / ٢٠١٧ ، یاداشتەکە بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئامادەبووی ئەنجومەن وەک خۆی پەسەند کرا ، بڕیاری ژمارە ( ١٧ ) ی ساڵی ٢٠١٧ ی بۆ دەرچوێنرا و بڕیارەکە ئاڕاستەی تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا بۆ گرتنە بەری ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی درووست و پێویست .
بۆیە لە کۆتایدا داواخوازم سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بە تایبەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەو پەڕی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیەوە و پیشەییانە کاری جدی بکەین بۆ پیادە کردنی ئەرک و دەسەڵات و تایبەتمەندیەکانی ئەنجومەن و پڕکردنەوەی بۆشاییە ئیدارییەکان ، بە پێی بنەما یاساییەکان .
هیواخوازم پێوەر و بنەما یاساییەکان سەروەر بن لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و بە سیستەماتیک کردنی دام و دەزگاکاندا و ئێمەش لە ئەنجومەنی پارێزگا بتوانین بە متمانەوە ئەو ئامانەتە کاتی و یاساییانەی لە ئەستۆماندایە بە باوەڕ بە خەڵک و خۆبوونەوە بیگەیەنینە مەنزڵ .