/   بیروڕا
دەنگدەرەکانتان خه‌ریکه‌ خۆیان ده‌کوژن
لەتیف حسێن
2018-02-04

بەڕیزان.... ئه‌ندامانی په‌رله‌مان،ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان،پارێزگاره‌کان

ئێوه‌ خه‌ڵک ده‌نگی پێدان و بوونه‌ ئه‌وه‌ی ویستان، به‌ڵام ئه‌و دەنگدەرەکانتان ورده‌ورده‌ خه‌ریکه‌ هه‌موویان خۆیان ده‌کوژن، که‌چی ئێوه‌ ئاماده‌ نین کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ر گیان و رۆح و ژیانی ئه‌وان گرێ بده‌ن ...!
بێده‌نگ بوونی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی کوردستان، که‌ به‌ بێ جیاوازیان له‌ رێی خه‌ڵکه‌وه‌و به‌ ده‌نگی ئه‌وان چوونه‌ته‌ شوێنی نوێنه‌رایه‌تییان، له‌ئاست زیادبوونی مه‌ترسیداری خۆکوشتن و کوشتنه‌کان، پرسیاری جددی و گومانی زیاتر له‌سه‌ر هه‌موو قسه‌کانی سه‌ر تیڤی و بوونی نوێنه‌ربوونی خه‌ڵکیان ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆ، ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌یانجار داوایان لێکراوه‌و له‌ تۆڕە کۆمەڵایەتەکان ‌و به‌ په‌یوه‌ندی تایبه‌تیشه‌وه‌ به‌زۆریان وتراوه‌ ....
به‌داخه‌وه‌ ئه‌م نوێنه‌رانه‌ له‌سه‌ر هه‌موو شتێک قسه‌یان هه‌یه‌و له‌تیڤییه‌کان به‌ده‌نگی به‌رز هاوار ده‌که‌ن به‌و مه‌رجه‌ی له‌ خزمه‌تی ئه‌جێندای حزبه‌کانیان بێت، به‌ڵام رۆژانه‌ به‌ به‌رچاویانه‌وه‌ هاووڵاتیانی ئه‌و هه‌رێمه‌ی ئه‌وان نوێنه‌ری خه‌ڵکن، به‌هۆی ئه‌م بارودۆخه‌وه‌ خۆیان ده‌کوژن، له‌ده‌ستیان نه‌بوویه‌وه‌، کۆبوونه‌وه‌یه‌ک، هه‌ڵوێستێک دوو قسه‌ به‌ سه‌به‌بکارانی ئه‌م بارودۆخه‌ بڵێن ...
گۆڕینی ناوی قه‌زاوناحیه‌ بۆی کۆ ئه‌بنه‌وه‌، وه‌رگرتنی پۆست شه‌ڕی بۆ ده‌که‌ن، له‌سه‌ر ئه‌نواع و ئه‌شکال بابه‌تی جیاجیا ئه‌یکه‌نه‌ هه‌راو ئیمزای بۆ کۆ ئه‌که‌نه‌وه‌، به‌ڵام گیان و رۆحی هاووڵاتیان  دەنگدەرانیان و کێشه‌کانیان، نه‌بۆته‌ سه‌ردێڕی کۆبوونه‌وه‌کانیان ....
خۆ زۆری تێ ناچێت، ئه‌وه‌نده‌ قورس و گران نییه‌ ئه‌زعه‌فول ئیمان، لانیکه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ک ته‌رخان بکه‌ن ته‌نها نیگه‌رانیتان به‌ سه‌به‌بکاران بگه‌یه‌نن ....
ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا که‌ چه‌ندجارێک وه‌ک رۆژنامه‌نووسێک، وه‌ک توێژه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ نووسین و به‌ قسه‌و به‌ ته‌له‌فۆن، به‌ زۆرێکتانم وتووه‌و ئاماده‌ی هه‌موو هاوکارییه‌کیش بووم، بۆ هه‌ڵوێستی ئێوه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ ....

زیاتر بخوێنەوە