/   بیروڕا
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێویستە بە پەلە چی بکات ؟
ئەكرەم شەریف محەمەد
2018-02-19

 

                                                                                                                                                               ئەکرەم شەریف 
                                                                                                                                             ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی 

هەرچەندە کات درەنگە و دەبوایە لە دوای دەرچواندنی یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاو ناحیەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ( ٢٠٠٩) ەوە ، پشت بەست بە حکومەکانی ماددەی ( ٣٥ ) لە یاسایی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان _ عێراق ، ژمارە ( ٣) ، پێویست بوو سەر لە نوێ سەرۆک و جێگر و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی یەکان پێکبهێنرایەتەوە و یاساکە جێبەجێبکرایە ، هەرچەندە چەندین هەوڵ و هەنگاوی دڵسۆزانە نرا ، لە پێناو بەرکاربوونی یاساکە و جێبەجێکردنی بنەماکانی سیستەمی لا مەرکەزی ( نا ناوەندێتی ) ، بەڵام تا ئێستا وەک پێویست دەسەڵات و تایبەتمەندی ئەنجومەنی پارێزگاکان نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە ، ئەوەی مەبەستی ئەم بابەتەیە ، ئەوەیە کە دوای دەرچوونی بڕیاری ژمارە ( ١٢٢ ) لە ٢٧ ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ ی ئەنجومەنی وەزیران ، کە ناسراوە بە پێڕەوەی ژمارە ( ٥ ) ی ساڵی ٢٠١٧ کە تایبەتە بە پێکهێنانی ئەنجومەنەکانی شارەوانی یەکان لە هەرێمی کوردستان _ عێراق لە لایەن ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە ، لەسەر پێشنیازی دەسەڵاتی کارگێڕی . بۆیە پێویستە لە ئێستادا ئەنجومەنی پارێزگاکان یەکەمینە ی کارییان جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە بێ کە بە پێی حکومەکانی یاسایی پارێزگاکانی هەرێم و لەبەر ڕۆشنایی ئەحکامی بڕگەی ( ٤ ) لە ماددەی (٨ ) لە یاسای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە (٣ ) ی ساڵی ١٩٩٢ _ هەموارکراو دەرچوێنراوە و لە پێڕەوەی ژمارە (٥ ) ی ساڵی ٢٠١٧ دا دەق نووس کراوە . بۆیە بەندە وەک ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاری شارەوانی یەکان لە ئەنجومەنی پارێزگا ، بە ئەرکی خۆمی دەزانم لە پێناو بەرکاربوونی یەکێک لە ماددەکانی یاسای پارێزگاکانی هەرێم ئەم پێشنیازانە بخەمە ڕوو :

١- داواکارم سەرۆکایەتی ئەنجومەن بە کارە سەرەکیەکەی خۆی هەستێ ، کە یەکەمینە و لە پێشینەی کارییان ، چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارە یاساییەکانەو ئەم ڕێکارانە بگرێتە بەر .

٢- لیژنەیەکی کاتی پێکبهێنێت لە لیژنەکانی کاروباری یاسایی و خزمەت گوزاری شارەوانی یەکان ، وا باشترە لە لیژنەکەدا ڕەچاوی بوونی نوێنەری کۆی فراکسیۆنەکانی بەشداری ئەنجومەنی تێدابێ ، چونکە دواجار ئەم بابەتە هەرچەندە کارێکی ئیداری یە ، بەڵام لای هەمووان ڕوونە کە ڕەهەندێکی سیاسیشی هەیە .

٣- لیژنەی پێکهێنراو کاتی بۆ دیاری بکرێ لە کاتی تەواو نەکردنی کارەکانیدا زیاتر لەنیوەی کاری دیاریکراوی یەکەمی بۆ درێژ نەکرێتەوە .

٤- لیژنەی کاتی پێکهێنراو بەپەلە کۆبونەوەی خۆی ئەنجام بدا و بەرنامەی کاری خۆی ، بە پێی ماوەی بۆ دیاری کراو دابنێ .

٥- لیژنەکە دوای کۆبوونەوەی خۆی بەرنامەی کار و سەرنج و تێبینی و پێشنیازەکانی بداتەوە سەرۆکایەتی ئەنجومەن بۆ گرتنەبەری کار ڕایی پێویست .

٦- لیژنەکە کۆی زانیاری و چالاکی و هەنگاوەکانی بە شێوەیەکی شەفاف ، قۆناغ بە قۆناغ بداتەوە سەرۆکایەتی ئەنجومەن و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕای گشتی لێ ئاگادار بکاتەوە .

٧- لە کاتی درووستبونی هەر کێشە و ئاستەنگیەک لە بەردەم بەڕێوە چوونی کاروبارەکانی لیژنەکەدا ، ئەگەر پێچەوانەی ئەحکامەکانی پێڕەو وبڕیار و یاسا تایبەتمەندە کارپێکراوەکان بوو ، بێ وەلائی سیاسی ئاستەنگەکانی بەردەمی تێبپەڕێنێ بە شێوەی یاسایی ، ئەدای موهیمەی خۆی بکات پاڵپشت بە ئەحکامە قانوونیەکان .

٨- پێکهێنان و دەستنیشانکردنی کۆی ئەنجومەنەکانی شارەوانی یەکان ، لە لایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە بکرێتە یەک پاکێج و لە یەک کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی پارێزگادا بڕیار لە بارەیانەوە بدرێ .

٩- هەر دەسەڵاتێکی کارگێڕی هاوکار نەبوو ، بە بێ عوزری ڕەوا، لە کاتی بۆ دیاریکراودا ، پاڵپشت بە ئەحکامە یاساییەکان کاروبارەکانی تایبەت بە پێکهێنانی ئەنجومەنی شارەوانی یەکان جێبەجێ بکات ، بانگهێشتی لیژنەکە بکرێ ، ئەگەر وەڵامەکانی جێگەی ڕەزامەندی لیژنەکە نەبوو ، بانگهێشتی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەن بکرێ بۆ کاری پێویست .

ئەم بابەتەم وەک هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی ئیداری خستەوەتە ڕوو دوور لە هەر کارتێکردنێکی دیکە ، چونکە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان تایبەتمەند بە کاروباری ئەنجومەنی شارەوانییەکان ، لە ئێستادا کار ڕایی کارگێڕی و یاسایی پێویستی خۆیان جێبەجێ کردووە و تۆپەکەیان خستۆتە مەیدانی ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە ، بۆیە کاتییەتی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش ڕێکاری دروست و پێویست دەربارەییان بگرێتە بەر بۆ ئەوەی چیتر ئەم پرسە بە هەڵواسراوی نەمێنێەوە.


زیاتر بخوێنەوە