/   بیروڕا
بڕیارەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و یاسا بەركارەكان
سەباح شەهید فەتاح
2018-02-24
سەباح شەهید فەتاح
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
دوابەدوای دەرچوونی ئەم خولەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لەهەڵبژاردنەكانی (30/4/2014)دا كە هێشتا ساغ نەبوەتەوە ئایا خولی یەكەم بێت یان خولی دووەم؟ چونكە ئەگەر بەپێی هەڵبژاردن بێت لەهەرێمی كوردستان دەبێتە خولی دووەم لەبەرئەوەی دووەمینجارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكرێت، بەڵام ئەگەر بەپێی یاسای ژمارە (3) ی ساڵی(2009) بێت ئەوا ئەم خولەی ئەنجومەنی پارێزگا دەبێتە یەكەم خول كەبەو یاسایە هەڵدەبژێردرێت و كاری پێبكات، چونكە خولی پێشووی ئەنجومەن پەیڕەوی یاسای ژمارە (59) ی ساڵی (1969)ی دەكرد، سەرەڕای تێبینی زۆر و وورد لەسەر بڕگە و ماددەكانی یاسای ژمارە (3) بەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی جێبەجێكردنی نەبووەو بڕواشی پێی نەبووە، هەروەها بەشێك لەبڕگەو ماددەكانی یاساكەش ناڕوونەو تەفسیرو قسەی زۆر هەڵدەگرێت، سەرەڕای هەموو ئەوانەو هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی ئەم خولەی ئێستای ئەنجومەنی پارێزگا، بە پێویستمزانی ئەو كارە نایاساییانەی چوارساڵی رابردووی ئەنجومەن بخەمەڕوو كەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی خودی خۆی وەكو دامەزراوەیەكی هەڵبژێردراو و یاسایی ئەنجامیداون یان بەسەریدا تێپەڕیون هەتاكو ئێستا.
1.بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی(6) هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی لەیەكەم دانیشتنی ئەنجومەندا لە ، هەرچەندە بەشێكی ڕەهەندی سیاسی هەبوو بەڵام دوای نزیكەی شەش مانگ ئەو كارە ئەنجام درا، ولەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان هەوڵی نایاساییەكی تردرا كەئەویش هەڵبژاردنی پارێزگار بوو پێش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەنجومەن.
2.هەڵبژاردنی پارێزگار لەماوەیەكدا كەئەوپەڕی (30) ڕۆژ لەمێژووی بەستنی یەكەم دانیشتن بەهەمان هۆكاری پێشوو.
3.هەرچەندە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێش هەموو ئەنجومەنەكانی تر ئامادەكرا بەڵام هێشتا بەپێی بڕگەی حەوتەمی ماددە(6)ی یاساكە نەبوو، (كەدەڵێت لەماوەی مانگێك لەمێژووی یەكەم دانیشتنەوە.)
4.ڕەزامەندی دەربڕین بەزۆرینەی ڕەهای ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەن لەسەرپاڵاوتنی سێ پاڵێوراو لەئەسڵی پێنج پاڵێوراو كەپارێزگار بۆ پڕكردنەوەی هەردوو پۆستی (جێگری پارێزگارو بەڕێوەبەرە گشتیەكان)، پێشكەشیان دەكات و فەرمانی دامەزراندنیان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆدەردەچێت.
ئەمەش خاڵەكانی (2،1)ی بڕگەی دوازدەهەمی ماددە(6)ی یاساكەیەو لەم ئەنجومەنە دەنگدان لەسەرسەرپەرشتیاری ئیدارەكان و جێگرەكانیان و جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەرەگشتییەكان لەپارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان كراوە، هەموویان پێچەوانەی یاسای ژمارە (3) ئەنجامدراوە و (جگە لەبەندە كەدەنگم پێنەداون و قسەشم لەسەر نایاسایی بوونی ئەم بابەتانەكردووە و داوامكردووە كەناكرێت بەنایاسایی تێپەڕێنرێت) بەڵام بەداخەوە گوێمان لێنەگیراوە لەسەردەمی سەرۆكایەتی پێشوو و ئێستای ئەنجومەنی پارێزگا، كەدەكرا داواكاری گشتی لەسەرئەم نایاساییانەی ئەنجومەنی پارێزگا بەدواداچوونی بكردایە چونكە دەبێتە هۆكارێك بۆ بەفیڕۆدانی دارایی و بەرژەوەندی گشتی، و هەروەها دەبوایە دادگای كارگێری سلێمانی ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵبوەشاندایەتەوە.
5. لەم یاسایەدا تەنها باسی لەسەركارلادان (اقالە)ی كردووە بۆ لەسەركارلادانیش پشتی بەخاڵەكانی(1)لە بڕگەی(دووەم)ی ماددە (6)ی یاساكە بەستووە كەئەمانەن:-
أ.دەست پیسی یان خراپ بەكارهێنانی پایەی فەرمانبەری.
ب. بوون بەهۆی بەفیڕۆدانی دارایی گشتی.
ج.خەمساردی یان كەمتەرخەمی نواندنی بەئەنقەست لەجێ بەجێ كردنی كاردا.
بەڵام بۆلادانی بەڕێز (أكرم شریف) جێگری سەرۆكی ئەنجومەن لەكۆبونەوەی ژمارە ( 29) ی بەرواری (25/8/2016) پشت بەهیچ بڕگەیەكی ئەو ماددەیە نەبەستراو كارەكە بەنایاسایی تێپەڕێنرا.
6.هەرلەكۆبونەوەی ژمارە ( 29) ی ئەنجومەندا بەڕێز (د.هەڤاڵ ئەبوبەكر) سەرۆكی ئەوكاتەی ئەنجومەن، پێشئەوەی دەست لەپۆستی سەرۆكی ئەنجومەن بكێشێتەوە و دەستەی نوێی سەرۆكایەتی ئەنجومەن هەڵبژێردرێت ،ڕاستەخۆ خۆی كاندید كرد بۆ پۆستی پارێزگار و بەشێوەیەكی نایاسایی تێ پەڕێنرا.
7.هەر لەكۆبونەوەی ژمارە (29) ی ئەنجومەنی پارێزگادا، دەنگدرا لەسەر پەسەندكردنی بەڕێز (د.هەڤاڵ ئەبوبەكر) بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی بەپێی بڕگەی (سێ یەم)ی ماددە (18)ی یاساكە دەبێت لەماوەی (15) ڕۆژدا مەرسومی هەرێم دەربچێت بۆ دامەزراندنی لەكاتێكدا بەهۆی كێشەی سیاسی لەلایەك و كێشەی بەسەرچوونی ماوەی سەرۆكی هەرێم لەلایەكی تر، بڕیارەكەی ئەنجومەنی پارێزگا بەرزنەكرایەوەو زیاتر لەساڵێك مایەوەو دەبوایەبەپێی ڕیزبەندی (كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن) ئەندامێكی تر شوێنی بگرتایەتەوە، بەڵام ئەوەش پشتگوێ خرا تا دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم.
8.هەروەها لەكۆبونەوەی ژمارە (29) دا دەنگدرا لەسەر بەخشینی بەڕێز (د.ئاسۆ فەرەیدون )لەپۆستی پارێزگاری سلێمانی بەڵام وەزارەتی ناوخۆ كاری بەو بڕیارەی ئەنجومەنی پارێزگا نەكردو بڕیاری بەخشینەكەی گۆڕی بۆ مۆڵەت.
9.ئەوبڕیارانەی ئەنجومەنی پارێزگا دەبێت دوای تەواوكردنی ڕێكارەكانی لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە جێبەجێ بكرێن، بەڵام چەندین بڕیارمان دەركردووە و پارێزگارو قائیمقام و بەڕێوەبەرە گشتیەكان ڕێگریان كردووە لەجێبەجێكردنیاندا، بەنمونە بڕیاری لكاندنی هەردوو ناحیەی (بنگرد و خدران ) بەئیدارەی ڕاپەرین و بڕیاری پچڕاندنی فەرمانگەكانی قەزای شارەزوور و سیدصادق و لكاندنیان بەپارێزگای سلێمانی یەوە.
10.دەنگدان لەسەر هەڵبژرادنی بەڕێز(كەمال مستەفا سەعید) وەك بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی كەپشكی بزوتنەوەی گۆڕانە، لەكاتێكدا بەرێز(بهاالدین ابراهیم فارس) لەلایەك داوای دەستلەكاركێشانەوەی كردبوو لەپۆستەكەی و لەلایەكی ترەوە داوای مۆڵەتی درێژخایەنی كردبوو، دوای ئەوەی بۆ ماوەی (20) ڕۆژ بەمۆڵەتی فەرمی لەدەرەوەی وڵات بوو، لەبەرواری ( 26/9/2017) بەبێ ئەوەی پەیوەندی بكاتەوە بەكارەكەیەوە ڕاستەوخۆ بەفەرمانی وەزاری ژمارە (7588 ) لە (27/9/2017) مۆڵەتەكەی بۆ درێژكراوەتەوە كەئەمە پێچەوانەی بڕگەی دووەم و سێ یەمی ماددە (37)ی یاسای ڕاژەی شارستانی ژمارە (24) ی ساڵی (1960)ە، چونكە بەپێی یاسای ڕاژەی شارستانی دەبێت فەرمانبەر خۆی دەستلەكارترازان و دەستبەكاربوون بنوسێت و بەئامادەبوونی خۆی بێت.
11. هەر لەبەرێوەبەرایەتی گشتی شارەوانی یەكانی سلێمانی وەكو هەموو دامەزراوەیەكی تر دووجێگری بەڕێوەبەر هەیە بەڵام بەڕێز(بهاالدین ابراهیم فارس) لەجیاتی خۆی لەرێگەی وەزیری شارەوانییەوە بەرێز (ئاری خوا ڕەحم)ی وەكو بەڕێوەبەری گشتی بەوەكالەت دانابوو.
12. ئەو بەڕێوەبەرە گشتی و قائیمقامانەی كە ئاڵوگۆڕیان پێكراوە لەسنووری پارێزگادا هەرچەندە لەیاسای ژمارە (3) ی ساڵی (2009) ئاماژەی بەگواستنەوە و دانانی بەوەكالەت نەكردووە كەئەمەش كەمو كوڕیەكی بەرچاوە لەیاساكەدا، بەڵام دەبێت ئەو كارانە بەهەماهەنگی بێت لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگا، چونكە یەكێك لەدەسەڵاتە حصریەكانی ئەنجومەنی پارێزگا دانانی بەڕێوەبەرەگشتییەكانە بەپێی یاساكەو دانانی قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكانە بەپێی بڕیاری ژمارە (1) ساڵی (2015) ی پەرلەمانی كوردستان و (من باب الاولی) دەبێت گواستنەوە و دانانی بەوەكالەتیش كاری ئەنجومەنی پارێزگا بێت و بەچاودێری ئەنجومەن بكرێت.
13. لەكۆبونەوەی ژمارە (33) لە بەرواری 25/4/2017 و دەركردنی بڕیاری ژمارە (6) ی ساڵی 2017 كەبریتی بوو لە كەمكردنەوەی ژمارەی لیژنە هەمیشەی یەكانی ئەنجومەن لە (17) لیژنەوە بۆ (11) لیژنە و لەكۆبونەوەی ژمارە (34) لەبەرواری 16/5/2017 و دەركردنی بڕیاری ژمارە(8) ی ساڵی 2017 هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگر و بڕیاردەر و ئەندامانی لیژنەكان، دەبێت یەكەیەكە دەنگی لەسەر بدرێت وەك ئەوەی لەبڕگەی سێ یەمی ماددە (35) ی پەیڕەوی ناوخۆئەنجومەنی پارێزگادا هاتووە و پێویستی بەدەنگی زۆرینەی سادەی ئەندامان دەبێت، بەڵام بەلیژنە دەنگی لەسەردرا وئەمەش پێچەوانەی پەپڕەوی ناوخۆیەو بەتایبەتی ئەو ماوەیەش واتە لەبەرواری(25/4/2017) هەتا (16/5/2017) لیژنەكان هەرئیش و كارێكیان كردبێت بەتەواوی نایاساییە.
14.پەسەندكردنی پڕۆژەی بودجەی پارێزگا بەزۆرینەی ڕەهای دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن كەئەمە خاڵی (2) ی بڕگەی (پێنجەم) ی ماددە (6) ی یاساكەیە بەڵام هیچ پرۆژەیەك نەنێردراوەتە ئەنجومەن و تێپەڕێنراوە.
15.بەپێی بڕگەی (شەشەم )لە ماددە(10) ی پەیڕەوی ناوخۆ (ئەندامی ئامادەنەبوو بەنەهاتوو دادەنرێت وئەگەر پاساوێكی گونجاوی نەبوو بەپێی ڕێوشوێنە یاساییەكان مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت)، لەكاتێكدا چەندین بڕگە و ماددەی تری یاساكە و پەیڕەوی ناوخۆ و یاسا بەركارەكانی تریش هەیە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئامادەنەبوونی ئەندامانی ئەنجومەن لەكۆبونەوە فەرمیەكان و كۆبونەوەی لیژنەكانو چونەدەرەوەی وڵات لەلایەن هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەن بەبێ پرسی سەرۆكایەتی و هیچ لێ پرسینەوەیەكیش نەكراوە، كەئەمەش نادادپەروەریەكی گەورەیە و بەندە چەندین جار پێشنیازم كردووە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەن كەدەگونجێت لەپەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەن هاوشێوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەبڕێك پارە غرامەی ئەندامی نەهاتوو بدرێت، بەڵام بەداخەوە جێبەجێنەكرا.