/   بیروڕا
بۆچی لامەرکەزیەتی ئیداری جێبەجێ ناکرێت؟
رەسوڵ عبدالله ابراهیم
2018-06-18

                                                رەسوڵ عبدالله ابراهیم

                                     سەرۆكی لیژنەی كاروباری یاسایی

                                        ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

 دوای پرۆسەی ئازادی عێراق بەشێوەیەکی گشتی قۆناغی ئیدارەدان و کارگێری لەم ووڵاتەدا گۆڕانکاری تەواوی بەسەرداهات، ئەو گۆڕانکاریانەش بەروونی لەدەستوری هەمیشەی عێراقدا بەرچاو دەکەوێت، بۆنموونە لەماددەی (۱۱٦)دا هاتووە: (حكومەتی عێراقی فیدراڵ پێکدێت لە پایتەخت و هەرێمەکان وپارێزگا لامەرکەزیەکان و ئیدارە خۆجێییەکان)، تائێستا دووهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەهەرێمی کوردستان ئەنجام دراون یەکەمیان لە( 0/1/2005)دا كە بۆماوەی (نۆساڵ و چوارمانگ و بیست و سێ ڕۆژ) لەکارەکانیان بەردەوام بوون، هەروەها هەڵبژاردنی دووەمیان لە (30/4/2014)دا ئەنجامدراوە۰ قورسکردنی ئەرکی سەرشانی ئەنجومەنەکان بەکۆمەڵێک بەڵێن و دروشمی گەورەتر لەئاستی تواناو ئیمکانیاتی ئەنجومەنەکان دواتریش لەجیاتی دەسەڵات پێدانیان لەلایەن (حكومەتی هەرێمی کوردستان)ەوە بەو پێیەی پیادەی دەسەڵاتەکانی خۆیان بکەن، بەپێچەوانەوە فەرامۆشکراوترین و پەراوێزخراوترین دەزگا لە (هەرێمی کوردستان) ئەنجومەنی پارێزگاکانن .

یەکێک لەو هوکارانەی کەبووەتە هۆی جێبەجێ نەکردنی سیستمی (لامەرکەزیەتی ئیداری) خراپی سیستەمی سیاسی و حوكمرانیه لەکوردستان۰ چونکە تاوەکو ئەم سیستەمە سیاسیەو ئەم جۆرە عەقڵیەتە ئەم هەرێمە بەرێوە ببات ناهێڵت ئەو ڕۆڵە گرنگە بەئەرک و دەسەڵاتەکانی هەستێت، چونکە ئەم سیستمە هەمیشە لەهەوڵی ئەوە دابووە هەرچی دامودەزگای شەرعی هەیە پەکیان بخات بۆئەوەی وا لەخەڵکی کوردستان بکەن بڵێن هەڵبژاردن هیچ گوڕانکاریەک دروست ناکات و ئەوە نوێنەرەکانی ئێوەن هیچیان پێناکرێت و توانای هیچ گۆرانکاریەکیان نیە۰ باشترین نمونەش پەکخستنی پەرلەمان و لاوازکردنی ئەنجومەنەکانن، هەوەها هەمووکات لەهەوڵی ئەوەدان رۆڵی ئەو کەسایەتیانەش لاواز بکەن کەسەر بەو دامەزراوانەن۰

هۆکارێکی تری جێبەجێ نەکردنی (لامەرکەزیەتی ئیداری) دەگەرێتەوە بۆئەوکەمینەی دەسەڵاتدارانی هەرێم کەبەهیچ شێوەیەک واز لەکورسی دەسەڵات ناهێنن هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدابوون کەهەرچی دەسەڵاتی کارگێری و دارایەکانی ئەم ووڵاتە هەیە لەژێر کۆنتڕۆڵ و هەیمەنەی ئەواندابێت هەرکەسێکیان  بیەنەوێت خۆیان دایدەمەزرێن و هەرپرۆژەیەکی گەورەو بچوک و مامناوەند هەبێت خویان ئەنجامی دەدەن، دواتر بۆ وەلائی حزبی ئەمانە بەکاربهێنن و وەهەرکەسێک لەخوار دەسەڵاتی خۆیان بێت زور بەئاسانی لەپۆستەکەی دوری بخەنەوەو کێیان بوێت ئاڵوگۆڕی پێبکەن۰ بۆیە تاوەکو ئەم هەرێمە خاوەنی ئەم جۆرە سیستمە بێت ئەم جۆرە عەقڵیەتە لە ئیدارەدان و بەرێوەبردن هەبێت چەندین هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت گۆرانکاریەکی ئەوتۆ بەدی ناکرێت .


زیاتر بخوێنەوە