/   بیروڕا
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەنێوان موزایەدەو هەنگاوی عەمەلیدا
زیاد حەمەڕەزا مستەفا
2018-07-02

                                                                                                  زیاد كاكە رەزا
                                                                   ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

وەك ئاشكرایە رۆژی (24/6/2018) كۆتا رۆژی ئەم خولەی ئەنجومەنی پارێزگاكان بوو، دەبوایە حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و لایەنە سیاسیەكان، پێش ئەو بەروارە رۆژێكیان دیاریبكردایە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی پارێزگاكان، ئەگەرچی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەپێی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی (2009) بۆی هەیە پاش تەواو بوونی ماوەی یاسایی تەمەنی ئەنجومەن.
حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و پەرلەمانی كوردستان‌و لایەنە سیاسیەكان هەنگاویان بەرەو بەدیموكراسیكردنی سستمی حوكم‌و كۆمەڵگای كوردستان ناوەو بەتەواوی دەیانەوێت دیموكراسی بچەسپێنن، بۆیە بۆ بەرەو پێشبردنی ئەم پرۆسەیە، پێویستە هەر چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەكاتی دیاریكراوی خۆیاندا ئەنجامبدرێن، ئەم هەڵبژاردنەش بەشێكن  لەهەڵبژاردنەكانی تری هەرێمی كوردستان، بۆئەوەی بەرنامەی كاری باشتر‌وكادری چالاكترو ئەكتیڤی لایەنە سیاسیەكان  بهێنرێنە پێشەوە بەمەبەستی پێشكەشكردنی خزمەتی زیاتر بەتاكی كورد.
ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان چوار ساڵ جارێك و لەكاتی یاسایی خۆیاندا، جگە لەوەی سیمایەكی دیاری بەرەوپێشچوونی دیموكراسیە، بەهەمان شێوەش متمانەی هاووڵاتیان بەلایەنە سیاسیەكان‌و دامەزراوە حكومیەكان زیاتر دەكات، هەروەها هاووڵاتیان خۆیان بەخاوەنی سەرجەم دامەزراوەكان دەزانن، بەڵام بەداخەوە تائێستا نە لایەنە سیاسیەكان گەیشتونەتە رێكەوتنێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، نە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داوە، بۆیە بەش بەحاڵی خۆم وەك ئەندام ئەنجومەنێك لێرەشدا بە پێویستی دەزانم دووبارەی بكەمەوە، دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە هیچ شێوەیەك لەبەرژەوەندی هاووڵاتیاندا نابێت، بەڵام تاكۆدەنگی لایەنە سیاسیەكانیش پێشوەخت بوونی نەبێت مەحاڵە حكومەت بەتەنها بتوانێت بڕیارێكی لەو شێوەیە دەربكات، بۆیە لەكۆتاییدا داواكارم لەسەرجەم لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان خۆیان بگەنە رێككەوتنێك‌و پاشانیش داوا لەحكومەتی هەرێم بكەن، كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دیاریبكات‌و رێوشوێنی پێویستی بۆ بیگیرێتەبەر، پێویستە لایەنەسیاسیەكان بەجدی بێنە سەرخەت‌و تەنها لە راگەیاندنەكانەوە لێدوان نەدەن، بەڵكو لەسەر ئاستی باڵاو ناوەندی بڕیاری خۆیانەوە بەفەرمی ئەو داوایە بكرێت‌و هەنگاوی عەمەلی بۆ بنرێت، ئەگەر بەوجۆرە نەبێت پێموایە مەحاڵە حكومەتیش بتوانێت بەتەنها خۆی بڕیارێكی لەو جۆرە بدات.  

زیاتر بخوێنەوە