/   بیروڕا
سەروەری یاسا
مەهدی مەحمود
2018-08-04

مەهدی مەحمود
سكرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
شایانی باسە لەسەراپای جیهانی ئەمڕۆدا كێشەی (یاسا سەروەری) بووەتە یەكێك لە گەرمترین بابەتە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەكان، چونكە سەرجەم قەیرانی ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری وبڵاوبونەوەی هەژاری و توندو تیژی و تیرۆریزم, لە هۆكاری ناسەروەری یاساو گەندەڵی یەوەیە.
سەروەری یاسا بە گوێرەی پێناسەی رێكخراوی (نەتەوە یەكگرتوەكان) بریتییەلە پرنسیپی فەرمانڕەوایەتی كەلەسایەیدا هەموو تاكەكەس و گروپ و دەزگاو دامەزراوەكانی كەرتی گشتی و تایبەت ,سەرجەم سەركردە دەسەڵاتدارەكانی حكومەت ملكەچی هەمان ئەو یاسایە دەبن كەبۆخەڵك ڕاگەیەندراوە. ویاساكانیش لەگەڵ ستانداردو پێوەری نێودەوڵتی بۆمانی مرۆڤـ  هەماهەنگن و بە دادپەروەری و یەكسانی, هاوشێوەییەوە لەلایەن دامەزراوەكانی دادگاو پۆلیسەوە جێبەجێدەكرێن.
دەوترێ یاسا واتای فەرمانڕەوایەتییە بە گوێرەی یاسا نەك بەزەبری یاسا.هەروەها واتای زامنكردنی دادوەرێتی و داد پەروەریی‌و یەكسانیكردنی خەڵكە بەرامبەر یاسا.
لە سیستەمی فەرمانڕەوایەتی تاكڕەوانەدا دەسەڵاتداران دەتوانن دامەزراوەكانی پەرلەمان و حكومەت ودادگا ستكوڵ بكەن و وەك ئامڕازو داردەست بۆ ئەجێندای تایبەت بەڕەزامەندی خۆیان بەكاریان بهێنن.
لە غیابی سەروەری یاسادا هیچ دادگایەك بنكەیەكی پۆلیس توانای دەستگیركردن‌و لێپێچینەوەو دادگایكردن و سزادانی خەڵكی دەسەڵاتدارو ئاغا شەڕخوازەكانی نییە ...بەڵكو بە پێچەوانەوە دەسەڵاتداران هەرخۆیان دادوەرو سەركردەكانی پۆلیس بە ناشەفافی دادەمەزرێنن لەبەرژەوەندی خۆیان دژی نەیارەكانیان بەكاریان دەهێنن. بۆنمونە بەڵگەی ساختە لە دژیان دروستدەكەن و ناویان دەزڕێنن و لە بەندیخانەدا ئیعترافیان پێدەكەن و دەیان كوژن..
بۆیە دادوەری دادپەروەر بە ئاسانی لەو جۆرە سیستمانەدا جێگەی نابێتەوە یان لەكارەكەیدا پێش ناكەوێت و یاسا بەزیندویی لێی دەرناچێت، هەروەك لەشاری بەغداد لەساڵانی (2003)ەوە تا ئەمڕۆ بەدەیان دادوەر لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە كوژراون.
لەوڵاتی خاوەن سیستەمی تاكڕەودا زۆرێك لەدادوەرەكان دەبنە ئەندامی حیزبی دەسەڵات یان دەبنە ئەندامی دەزگای ئاسایش و موخابەراتییە داپڵۆسێنەرەكان كە ئەوە كارێكی زۆر دورە لە كاری پیشەیی, لەكاتێكدا پێویستە دادگا لەسەروی ئەو جۆرە دەزگا ئاسایشانەوە بێت ئەوكات ئەوجۆرە دادوەرانە بۆسەلماندنی وەلائیان بۆدەسەڵات دژی ئەندامانی ئۆپۆزۆسیۆن دەبنەوە.
دیارە ئەو وڵاتە دیموكراسیانەی كەیاسا تیایاندا سەروەرە ئاڕاستەی چاكسازی بەردەوام بەرەو لوتكەیە ‌وچانسی تەشەنەكردنی گەندەڵی و فەوزای یاسایی و سیاسی و كۆمەڵایەتی هەردەم لە كەمبوندایە. بە یپَچەوانەوە ئەووڵاتانەی كەیاسا تیایاندا سەروەرنییە ئەوا فەوزای یاسا و پەتای گەندەڵی بەردەوام بە بێسنور تەشەنەدەكات, هەردەم ترسی تەقینەوەی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە سیستەمەكەیاندا دەكرێت و وڵاتەكە بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت.
هەروڵاتێك بیەوێت یاسا تیایدا سەروەر بێ‌ پێویستە.
1- دەستور یاساو ڕێسایان ڕون بێ‌.
2- هەموو بڕیارێكی حكومەت لە چوارچێوەی یاسا داڕێژرابێ‌.
3- یاسابە داد پەروەرانە داڕێژرابێ‌.
4- یاسا گشتگیربێ‌ و هەڵاوێردنی بۆهیچ توێژێكی كۆمەڵایەتی تیانەبێ‌.
5- هەموو هاوڵاتیەك ملكەچی یاسا بێت.
6- هاوڵاتی لەبەرامبەر یاسادا پێویستیان بە نێو بژیوان نەبێ‌ ,وە چەندینی تر.
*پڕۆسەی سەروەر كردنی یاسا پێویستی بەوەنییە كە سستەم چاوەڕوانی تەواوبونی سیستەمی دیموكراسی بێ‌, چونكە وڵاتانی ئۆتۆكراتی و یان نیمچە دیكتاتوری هەن وەك وڵاتانی كەنداو چین و زۆرانی تر كە یاسا تیایاندا تائاستێكی باش سەروەر كراوە ,وەزۆرێك لە وڵاتە بەناو دیموكراسیەكاندا یاسا هیچ سەروەری نی یە، لە وڵاتی خاوەن سیستەمی دیموكراسی پێگەیشتودا سەروەری یاسا قابیلی دابەزینە بەتایبەت لەكاتی قەیرانی ئابوری و شەڕی دەرەكی وەكاتێك میكانیزمی چاودێری كردن و بە دواداچون لەو وڵاتەدا بەرەو لاوازی بچێت.
پێوەرەكانی یاسا سەروەری كارێكی قورس نی یە ,چەندین ڕێكخراوی جیهانی هەن ئەزمونی هەڵسەنگاندنی سیستەمی  فەرمانڕەوایەتی وڵاتانیان هەیە,ڕاپۆرتەكانیان بۆسودی گشتی بڵاودەكەنەوە.
لەباَوكراوەكانی ئەم چەند ساڵەی دوایدا بە پێی پێوەرە جیهانیەكان فەرمانڕەوایەتی دەردەكەوێ‌, سەروەرێتی یاسا لەوڵاتانی  ئەوروپای ڕۆژئاوا بەتایبەت وڵاتانی ئەسكەندەنافیا ویلایەتە یەگكرتووەكانی ئەمەریكا و كەنەدا ژاپۆن و سەنگاپور لەسەروی وڵاتانی جیهانیدایە عێراقیش لە ئاستی ئەفغانستان‌و سودان‌و وڵاتانی ئەمریكای ناوەڕاستدایە.
وڵاتانی وەك سعودیە و كەنەداو دراوسێكانی تری هەرێم بە چەند پلەیەك لەسەروی عێراق و هەرێمی كوردستانن....لێرەوە ئەپرسیارە دەوروژێنین دوای چارەكە سەدەیەك لە تاقیكردنەوەی سیستەمی خۆماڵیانەی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هێشتا پرسیار ماوەتەوە ئایا سیستەمی پەڕلەمانی بۆهەرێم باشە یان سەرۆكایەتی ؟ئایا هەرێم لاسایی سیستەمی پەڕلەمانی وەك بەریتانیانی یا ئەڵمانی بكاتەوە یان سیستەمی سەرۆكایەتی ئەمەریكی یان فەرەنسی .لەڕاستیدا پرسیارەكە لە بنەڕەتەوە كەم وكوڕە.ئەویش چونكە سەركەوتنی هەركامێك لەو مۆدێلانە پەیوەستە بە كۆمەڵێك میكانیزم و دامەزراوەی سەروەر كردنی یاسا.
لەوڵاتی دیموكراسی جیاوازییەكی ئەوتۆ نی یە لە نێوان سیستەمی سەرۆكایەتی یان پەڕلەمانی چونكە لەهەردوكیانن دەسەڵاتی بڕیاردان لە هەناوی سێ‌ دامەزراوە بنەڕەتیەكەی پەڕلەمان حكومەت ,دادگاوە هەڵدەقوڵێ‌‌و پڕۆسەكانی چاودێری و هەڵسەنگاندن لێپرسینەوە بە میكانیزمی تێكهەڵكێشراو تۆكمە بە دامەزراوەیی كراوە, بەجۆرێك كەسەروەری یاسا لەوپەڕی كاراییدا دەپارێزێت.
ئیدی لاسایكردنەوەی ئەو مۆدێلانە لە هەرێمی كوردستاندا بە بێ‌ داهێنان و چەسپاندنی میكانیزمەكانی سەروەركردنی یاساو دامەزراوە  پێكردنی سیستەمی حوكمڕانی  شكست دێنێت.
لێرەوە پێویستی هەنوكەیی و هەرەگرنگ بۆ هەرێمەكەمان هەنگاونانی جدی یە بەروە سەروەركردنی یاسا بە هەرنرخێك بێت كەدواجار سودی سەروەركردنی یاسا بۆ هەموولایەك دەگەڕێتەوە و هیچ كەس و لایەنێكی تێدا زەرەر مەند نابێت.

تێبینی /سودوەرگیراوە لە هەردوو كتێبی1- نیشتمان سازی .2-دەوڵت سازی بەڕێز(د.دلاوەر)

زیاتر بخوێنەوە