/   بیروڕا
پشکی بە شەدەرمان لەنێوان هەرێم و بەغداد
رێبوار ئەحمەد مەولود
2018-08-15

                                           رێبوار ئەحمەد/ سەرۆكی لیژنەی تەندروستی
                                                     ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

 لەهەمووکابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتی عێراقدا گرفتی پشکی هەرێم لە دەرمان و پێداویستی پزیشکی، یان بە زەحمەت و هەوڵێکی زۆری دڵسۆزان و نوێنەرانی کورد لەبەغدا گەیشتووەتە هەرێم، یان بە پچڕپچڕی و کەموکوڕیەکی زۆرەوە ، تا کار گەیشتە ئەوەی کە دەنگۆی بڕینی بەشە دەرمان و پێداویستی هەرێم لەچوارساڵی ڕابڕدوودا لەوەدابوو ببێتە بڕیار، لەکاتیكدا هەمووان دەزانین کە کوردستان بووتە ماڵێکی ئارام و ئاوەدان بۆ میوانداری و حەوانەوەی هەموو ئەو ئاوارانەی کەلە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بەهۆی شەڕی نەخوازراوو نەگریسی داعشەوە ئاوارەی کوردستان بوون ، لەهەمان کاتدا دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی جگە لەوەی کە مافێکی دەستوورییە بۆهەرێمی کوردستان، لە هەمان کاتدا ئەرکێکی مرۆیی و یاسایی و دراوسێیەتییشە بۆ ڕێگەگرتن لەبڵاوبوونەوەو تەشەنە نەکردنی نەخۆشی هاوشێوی پارێزگاکانی تر عێراق.

 وەك لای هەموان روونە لەتەوای دونیادا وڵاتە دراوسێ و لەیەک نزیکەکان لەیەککاتدا (پلانی هاوبەشی خێرای ستراتیژی) دادەنێن بۆ هاوکاری یەکترو کۆنترڵکردن و کەمکردنەوەی كاریگەری نەخۆشیە بەکتری و ڤایرۆسییەکان، لەهەمان کاتیشدا بۆ ڕێگەگرتن و بڵاونەبونەوەی ئەو نەخۆشی و پەتا میکرۆبی و ڤایرۆسیانەی کە لە وڵاتانی ئیقلیمی یان وڵاتانی نێودەوڵەتییەوە بڵاودەبنەوە ، هەوڵی نهێنی و زۆر جددی دەدەرێت بۆ ڕێگریكردن و نەهاتنە ناوەوەی ئەو نەخۆشی و ڤایرۆسە کوشندانەی کە هەندێ ووڵات بەپلان دەیانەوێت بینێرنە وڵاتانی ترو لەو ڕێگەیەوەئەو وڵاتە شکستپێبهێنن و بیکەنە بازاڕێکی زۆر باش بۆ ساغکردنەوەی دەرمان و پێداویستیە پزیشکەکانی کۆمپانیاو کارگەكانی دروستکردنی (دەرمان و لقاح).

بۆیە هەموو ئەو ڕوونکردنەوانەی سەرەوە پێمان دەڵێن وە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئیدی لەمەودوا هیچ پاساوێک نییە کە عێراق بیکاتە بیانوو بۆ نەناردن یان کەمکردنەوەی ڕێژەی یاسایی دەرمان بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق و ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان و مامەڵەی دروست و میواندۆستی هاوڵاتیان وهەرێمی کوردستان بۆ ئاوارەکانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواروو. دەبێت پشکی هەرێم لەبەشە دەرمانی ساڵانە زیاتر بکات، نەک هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە گومان و دڵەڕاوکێدا بژین کە حکومەتی عێراق بەرامبەر هاوڵاتیەکانی خۆی دروستی كردووە، بۆ بەرجاوڕوونیش هەمووان دەزانین ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و سەربەخۆو قازانج نەویست هاوکاری زۆربەی ئەوڵاتانە دەکەن لە ڕوی دەرمان وپێداویستی پزیشکی و هاوکاری زانستی و دیاریکردنی کورسی خۆێندن بۆ ئەو وڵاتانەی كە پێویستیان بەهاوکاری مرۆیی وتەندروستی هەیە بۆ کەمکردنەوەی نەحۆشێ و ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی پەتاو ڤایرۆس.

هەموو ئەم جۆرە هاوكاریە تەندروستییەو مرۆییانە وڵاتان بێبەرامبەر پێشكەش بە وڵاتانی تری دەكەن، كەچی بەپێچەوانەوە حكومەتی عێراق نەك پشكە یاساییەكەی هەرێمی كوردستان وەك خۆی نانێرێت، بەڵكو لەگەڵ هاتنی ئەو رێژە زۆرەی ئاوەراكانی ناوەڕاست‌و باشوری عێراق وپەنابەرانی رۆژئاوا، دەبوایە لەوەها كاتێكدا حكومەتی عێراق بەشەدەرمانی هەرێمی کوردستانی زیاتر لە لە پشکی خۆی بناردایە،  ئەم رێژە زۆرەی ئاوارەو پەنابەران بارگرانی و فشارو لۆدێکی زۆریان خستۆتە سەر تەواوی فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتی و کەرتەکانی تری هەرێم بەگشتی و بەتایبەت كەرتی تەندروستی.


زیاتر بخوێنەوە