/   بیروڕا
ئەم شەڕە تەنیا بەئێمە ناکرێ
بڵێسە جەبار فەرمان
2019-03-25
بڵێسە جەبار فەرمان
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان
ماوەی 3 مانگە حکومەتی عراق موچەو بوجەی هەرێمی کوردستان دەنێرێت بێ ئەوەی لە بەرانبەردا یەک تەنەکە نەوت ڕادەستی سۆمۆ کرابێت.
ڕۆژانە لەناو پەرلەمان و لە لیژنەی پەیوەندیدار رووبەرووی رەخنەی توندی نوێنەرانی پارێزگاکانی تردەبینەوەو بیر لە کاردانەوەو بەرپەچدانەوەی سیاسەتی حکومەتی هەرێم دەکرێتەوە کە دووبارە راگرتنی موچەش لەخۆدەگرێت.
لە بوجەی 2019 دا هاتووە کە هەرێم دەبێت رۆژانە 250.000 بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکات و هەرێم نیازی پابەندبوونی نیە.
ڕاستە کە موچەی فەرمانبەران بە برگەیەکی جیاواز لە ناو بوجەدا جێکراوەتەوە, بەڵام هەموو دەبێت ئەو راستیە بزانن کەئەوەش قابیلی ئاڵوگوڕەو بەهانە هەیە کە رابگیرێت.
ئەگەر هاتو واژوی بۆ کۆکرایەوە, دەتوانرێت دووبارە بهێنرێتەوە ناو پەرلەمان و ئاڵۆگۆر بەسەر ئەو برگەیەدا بهێنن و رایبگرن.
واتە شێوازی تر هەیە بۆ شەرعیەتدان بە راگرتنی پشکی هەرێم و ئینجا هەم پاشەکەوت و بڕین و کەمکردنی موچەی فەرمانبەرو موچەخۆران دێتەوە ناوان.
ئەوەی کە دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە ئێمە بە ئەرکی سەر شانی خۆمان هەستاوین لە شەڕی مافی هاوڵاتیانی هەرێم و لەداکۆکی لێکرنیان بەردەوام دەبین, بەڵام ئەم شەڕە تەنها بە ئێمەی نوێنەران ناکرێت و بەبێ پابەندبوونی حکومەتی هەرێم بە بڕیارەکانەوە لەم شەڕەدا سەرکەوتوو نابین و بەوەش قەیرانەکانی هەرێم و بێ موچەیی بەردەوامی دەبێت.
ئینجا ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی کێ دەبێ و کێ سودمەندو کێش زیانمەند دەبێ؟ ئەمە پرسیارەکەیە پابەند بوون بەیاسای بودجە واتە بەردەوامی لە لابردنی پاشەکەوتی مووچەو هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکانیان. مل نەدان بۆ یاسای بودجە واتە گەڕانەوەی پاشەکەوت!.