/   بیروڕا
هەرێم دەبێ داهاتی ناوخۆ بگەرێنێتەوە بۆ خەزێنەی فیدراڵی .
هۆشیار عەبدوڵا
2019-03-26
هۆشیار عەبدوڵا
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران
فراكسیۆنی گۆڕان
((وەک چۆن لە موازەنە توانیمان موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە کێشەی نەوت لابدەین وجیای بکەینەوە ، ئەمرۆش توانیمان پشکی موچە لە کێشەی داهاتی ناوخۆی هەرێم لابدەین ((.
ئەمڕۆ لە کۆبونەوەی لیژنەی دارایی ، جارێکی تر لەسەر پشکی هەرێم و هەوڵدان بۆ برینی ئەو پشکەی ئێستا دێت بۆ هەرێم لەگەڵ بەشێک لە پەرلەمانتارانی لیژنەی دارایی لێمان بوو بە کێشەو گفتوگۆی توند .
کێشەکە ئەوەیە بە گویڕەی رای سەرۆکی (دەستەی مەرزەکانی عێراق) کە لە (10)ی ئازار بانگهێشتی لیژنەی دارایی کراوە ، لە ئێستادا هەرێم پابەند بووە بە تاریفەی رەسمی گومرگی بەڵام داهاتەکەی ناگەرێنێتەوە بۆ خەزێنەی ئیتیحادی .
لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی ئەو راپۆرتەکرا کە بڕیارە رۆژی (پێنج شەممە) بخوێنرێتەوە و تیایدا چەند راسپاردەیەک جێگیر کراوە ، یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پێشنیاری کرد کە ئەگەر هەرێم پابەند نەبوو بە گەراندنەوەی داهاتی ناوخۆ لە بەرامبەردا ئەو بڕە لە پشکی هەرێم ببردرێت .
ئێمە ئەندامە کوردەکان دژ بوین و وەڵامماندایەوە .
وەڵامی بەندە ئەوە بو کە ئێمە دەزانین داهاتی ناوخۆ لە هەرێم گەندەڵی تێدایە ، دەزانین کە ئەحزاب سودی لێدەبینن نەک حکومەت ، پارەی داهاتی ناوخۆ نەک (هەمووی) بۆ خەزێنەی حکومەتی ئیتیحادی ناگەرێتەوە بەڵکو بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێمیش( کەمێکی نەبێت) ئەوەی تری ئەروات بۆ ئەحزاب و ناگەرێتەوە ، بەڵام بە هیچ جۆرێک قبوڵمان نیە باسی پشکی ئێستای هەرێم بکرێت کە بۆ موچەی فەرمانبەرانە و مەعقول نیە بەغداد ئالیەتی تر شک نەبات لە هەمو کێشەیەک تەنها پارەی فەرمانبەرانی بەدەستەوە بێت هەڕەشەی برینی بکات .
وتمان رێكاری تر چیتان پێ باشە بەو مەرجەی دور بێت لە موچەی خەڵک لەگەڵتانین .
گفتوگۆکان توند تر دەبون ؛
وتمان ئێمە هەموی مانگێکە فەرمانبەرانمان پاش زیاتر لە سێ ساڵ پاشەکەوتی زۆرە ملێ مووچەیەکیان بە تەواوی وەرگرتوە قبوڵمان نیە باسی ئەو پارەیە بکرێت کە دەچێ بۆ مووچە با حکومەتی ئیتیحادی لەگەڵ هەرێمدا بگاتە ئەنجام .
سەرەنجام توانیمان قەناعەتیان پێ بهێنین کە مووچەی فەرمانبەران لە کێشەی داهاتی ناوخۆش لابدەین وەک چۆن لە موازەنەدا لە کێشەی نەوت لاماندا ، دواجار بە شیوازێک دەقەکە داڕێژرا کە دەست بۆ پشکی هەرێم لە موچەی فەرمانبەران نابرێت .
قسەیەکی راشکاو ؛
دەمەوێت رایگشتی خەڵکی کوردستان لەو راستیە ئاگادار بکەمەوە کە ئەگەر هەرێم و بە زویی هەنگاو نەنێت بە ئاراستەیەک کە مامەڵەیەکی شەفاف لەگەڵ داهاتی نەوتی و داهاتی ناوخۆدا بکات دەبێت بزانێت لە ئایندەی نزیکدا ئەو کێشانە یەخەمان دەگرنەوە و ئەم دۆخەی ئێستا بەردەوام نابێت .
گرنگە هەرێم بۆ بەردەم رایگشتی هەرێم و عیراقیش بە روونی داهاتی ناوخۆ و نەوت بخاتە روو ، چیتر دیزە بەدەرخۆنەکردن لەپێناو بەرژەوەندی حزبی و کەسی بە پارەی داهاتی ناوخۆ و داهاتی نەوت ناچێتە سەر و ئێمەی نوێنەرانی کوردیش پاساوی بابەتی وامان پێ نابێت کە داکۆکی بکەین .
ئێمە لە داکۆکیکردن لە موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بەردەوام دەبین و سورین لەسەر ئەوەی کە بە جیا مامەلەی لەگەلدا بکرێت بەڵام دەبێ حکومەتی هەرێم بزانێت وەک ئەوەی ئێستا کە بڵێ نەوتی خۆم دەفرۆشم ،داهاتی ناوخۆ ناگەرێنمەوە خەزێنەی ئیتیحادی و دەبێ پارەشم لە بەغداوە بۆ بێت ، بەردەوام نابێت .
گرنگە رون بێت ئەوەی ئەمڕۆ رێمان لێگرت هەرگیز داکۆکی نیە لە چۆنێتی مامەلە بە داهاتی ناوخۆی هەرێمەوە چونکە دەزانین پڕە لە گەندەڵی بەڵام خەمی موچەی خەڵکمانە کە جارێکی تر نەبردرێت و لەو پێناوەشدا ئەم هۆشداریە پێشوەختەمان بڵاوکردەوە .