/   بیروڕا
لە لەدایکبوونەوە نوسراوە کە دەبێ سەر بە کێ بین!
د. میران محەمەد
2019-03-31
د. میران محەمەد
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
بۆ هەر حزبێک ئاڵایەک هەیە، رەنگی ئاڵاکانیش گەورەترین جیاوازی نێوان حزبەکانە. پێناچێت تەنانەت ئەندامە پێشکەوتووەکانیش دروشمەکانی چواردەوری لۆگۆی حزبیان لەبیرمابێت یان بۆیان گرنگ بێت.
هەڵەیە ئەگەر پێمانوابێت هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە نائومێدن، تاکی کورد لەم ناوچەیە ئومێدی بە هەموو شتێک ماوە جگە لە سیاسەت، رۆژانە دەیان هەزار هەواڵ و چالاکی لە بارەی هەڵوێستی حزب و بارودۆخی سیاسی و کۆبوونەوە و چالاکی پەرلەمانتار و پرۆژە و دانوسان و پێکاگیرسان و پێکهەڵپژان بڵاودەکرێتەوە، سەرئەنجام چی دەبێت؟ بێگومان هیچ! کەواتە ئەم هەموو تەلەفزیۆن و رادیۆ و سۆشیال میدیایە چی دەکەن؟ گریمان ئەوان لە نێو روداوە سیاسیەکاندا بەدووی بژێوی ژیانی خۆیان دەگەرێن، بەڵام ئەی بینەر و بیسەرەکانیان چی دەکەن؟ لەنێو ئەوپەری بێ هیوایی سیاسییدا چۆن دڵیان دێت تەمەنی شیرینی خۆیان بکەنە قوربانی و کاتی بەنرخی خۆیان لە ئاگردانی هەزاران هەواڵی بێ ئەنجامدا بسوتێنن.
لەکاتێکدا هەموان دەزانن و دڵنیان هیچ یەکێک لە حزبەکان شتێکی جیاواز پێشکەش ناکات، لە کاتێکدا دەزانن ئەمانەی تریش کە دێن لەوانی پێشوو باشتر نابن بەڵام هێشتا هەمووان گوێ بۆ وتار و لێدوانەکانیان شل دەکەن، راستە کە دەڵێن ئینسانی کورد عاتفیە و پێدەچێت ئەو هەموو پەرۆشیەمان بۆ هەواڵەکان لەروانگەی خەمخۆری بێت بۆ هەزاران رۆژنامەنوس تاوەکو بێکار نەبن.
چیتر هۆگربوون بۆ رەنگی هەر حزبێکی سیاسی پەیوەندیەکی سایکۆلۆجی پێش لەدایک بوونە و پەیوەندی بە بەرنامەی سیاسی و ئایدیۆلۆجیا نەماوە، مرۆڤ کە لە ئاکرێ لەدایک دەبێت زۆرترین ئەگەری هەیە ببێتە پارتێکی سیاسی، بەڵام گەر لە کەرکوک لەدایک ببێت ئەگەری بوونە حزبەکەی ئەملای زۆرترە، لە سلێمانی لەدایکببیت هەندێکی فاکتەری تری تێکەڵ دەبێت بۆ نموونە؛ سەرەتا دەبێتە حزبی خەبات و شەهیدان و گەر دەرفەتی بۆ نەرەخسا دەبێتە ئۆپۆزسیۆنی کۆن و دواتریش ئۆپۆزسیۆنی نوێ، هەمووشی تەنها یەک ئامانجە و گۆرانی بەسەردانایەت، پشتی ترومبێلێکی پیکابە و لە کام گردەوە بەرێ بکەوێت بۆ هەمان شوێن دەچێت، دەموچاوی ئەم گەنجانەش هەمان دەموچاوی ئەو پێشینانەیانە کەهەر خۆیان گلەییان لێ دەکردن.
ئێستا ئیتر یەک رەنگی سیاسی باڵی بەسەر ئەم جوگرافیایەدا کێشاوە، تەنها ئەوەندە هەیە ئەوەی درەنگ ئەگاتە جێ، هەروا کە لە رێگاوە بۆ ئێرە دێێ، تۆزێک پرتە و رەخنە و بۆڵەی لێدێ، ئەم روداوانە بەردەوام دوبارە دەبنەوە و هاوڵاتیش لەبەردەم هەواڵنامەی تەلەفزیۆنەکاندا دانیشتووە، تۆ بڵێی کەناڵەکانی تر فیلمی خۆشتر پەخش نەکەن؟