/   بیروڕا
نامەڵبەندێتی كارگێڕی
د. مستەفا رەسول حسێن
2017-03-23

نامەڵبەندێتی كارگێڕی
و
ڕەگەزەكانی نامەڵبەندێتی كارگێڕی لە
یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی عێراق ژمارە (3) ی ساڵی 2009



د.مستەفا رسول حسین
مامۆستای یاسای كارگێڕی / زانكۆی سلێمانی


پێشەكی
بابەتی ڕێكخستنی كارگێڕی لە دەوڵەتانی هاوچەرخدا گرنگی زۆری پێدەدرێت ، بەگشتی دوو شێواز هەیە مەڵبەندی ( مركزی) كارگێڕی و ناسەنتەری (لامركزی) كارگێڕی . پەیڕەوكردنی هەریەك لەوانە كاریگەرە بە بارودۆخی سیاسی وڵات و شێوەی دەستوری دەوڵەت و ئاستی پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی و ئابووری و یاسایی .
بەدرێژایی مێژوی عێراق زیاتر پەیڕەوی مركزیەتی كارگێڕی كرابوو تا دەرچوونی دەستووری 2005 كە بەدەقی ڕاستەوخۆ پیادەی نامەركەزی ئیداری كرابوو.
بارودۆخەكەش لە هەرێمی كوردستان زۆر جیاوازنەبوو لەوەی عێراق هەرچەندە یاسادانەر لە هەرێم لە ساڵی 2009 یاسای پارێزگاكانی هەرێم ژمارە (3) ی ساڵی 2009ی دەركرد بەڵام پیادەكردنی كەوتە دوای هەڵبژاردنەكەی 30 ی نیسانی 2014.
لەو یاسایەدا دەق هاتووە لەسەر ئەوەی ئەم یاسایە لە پێناو ناسەنتەری ( لامەركەزی ) دەرچووە بەڵام پرسیاری یاسایی ئەوەیە:
1- هەتا چ ڕادیەك ئەم یاسایە ڕەگەزەكانی نامەڵبەندێتی كارگێڕی بە دروستی وەرگرتوە؟ .
2-ئایا ناكۆكی و تێكەڵ بوونی اختصاصەكان هەیە لە نێوان حكومەتی مەركەزی و هەرێم و پارێزگاكان .
بەمەبەستی لێكۆڵینەوە و وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە. ئەم بابەتەم خستە ڕوو لە چوارچێوە دووباس ، باسی یەكەمیان بۆ لامەركەزی ئیداری و دووەمیان بۆ باسكردنی ڕەگەزەكانی لامەركەزی لە یاسای پارێزگاكانی هەرێم ژمارە (3) ی ساڵی 2009.

بەشی یەكەم
ناساندنی سیستمی نامەڵبەندیەتی كارگێڕی

نامەڵبەندیەتی كارگێڕی ،شێوازێكی ڕێكخستنی كارگێڕیە ، لەكاتی ئێستاشدا جێبەجێكردنی لە زۆربەی دەوڵەتانی جیهان بڵاوە ،بە شێوازە جۆراو جۆرەكانیەوە ،  ئەمەش بەهۆی ئەو لایەنە باش و سوودمەندیانەی ئەم سیستمە هەیەتی ، جێبەجێكردنی ئەم سیستمەش پێویستی بە بوونی چەند ڕەگەزێكە ، هۆكاری پیادەكردن ومێژووی سەرهەڵدانیشی لە دەوڵەتێكەوە بۆ دەوڵەت وهەرێمێكی دیكە دەگۆڕێت .بنیات لەسەر ئەمانە دەتوانین ئەم بەشە دابەش دەكەین بۆ ئەم باسانەی خوارەوە :
باسی یەكەم : پێناسەی سیستمی نامەڵبەندیەتی كارگێڕی 
باسی دووەم : جۆرەكانی سیستمی نامەڵبەندێتی كارگێڕی.
باسی سێهەم : ڕەگەزەكانی سیستمی نامەڵبەندێتی كارگێڕی 
باسی چوارەم : هەڵسەنگاندنی سیستمی نامەڵبەندێتی كارگێڕی


باسی یەكەم
پێناسەی سیستمی نامەڵبەندیەتی كارگێڕی


مەبەست لە نامەڵبەندێتی (لامەركەزی ) بەشێوەیەكی گشتی دابەش كردنی دەسەڵاتە بەسەر چەند ناوەندێكدا ، جۆریشی زۆرە وەك ( نامەڵبەندێتی سیاسی (فیدراڵی) و نامەڵبەندێتی كارگێڕی و نامەڵبەندێتی دارایی ) ئێمەلەم باسەدا تەنها لە نامەڵبەندێتی كارگێڕی دەكۆڵینەوە چونكە ئەو لەناو بازنەی خوێندنی یاسای كارگێڕیدایە.
نامەڵبەندێتی كارگێڕی لە سادەترین پێناسەیدا بریتیە لە دابەش بوونی اختصاصات و دەسەڵاتە كارگێڕیە كان لە نێوان حكومەتی مەركەزی و ئەنجومەنە ( خۆجێی) یان (خزمەتگوزاریەكان) .
لە لامەركەزی اداری پیادەكردنی اختصاصاتی اداری و دەركردنی بڕیار لە لایەن زیاد لە ناوەندێكەوە دەبێت ، ئەم ناوەندانە بە شێوەی پلە بەندی كارگێڕی پێكەوە نەبەستراونەتەوە ، بەڵكو شخصیەی قانونی مەعنەوی خۆیان هەیە، ئەو ناوەندانەش یان لەسەر ئاستی جوگرافی ( ناوچەیی) دەبن وەك ئەنجومەنی پارێزگا یان لەسەر ئاست و جۆری خزمەتگوزارین ( مرفقی) دەبن وەك خزمەتگوزاری بازرگانی پیشەسازی . 


هێڵكاریەك ناوەندەكانی دەركردنی بڕیار و دەسەڵات نیشان دەدات لە مركزی و لامركزیدا.
باسی دووەم
جۆرەكانی سیستمی نامەڵبەندێتی كارگێڕی

لەو پێناسانەی خستمانە ڕوو ، دەكرێت بڵێین نامەڵبەندێتی كارگێڕی دابەش بكەین بۆ دوو بەش :
یەكەم- نامەڵبەندێتی كارگێڕی خۆجێی ( بەڕێوبردنی خۆجێی )  Decentralisation Territoriale
لەم جۆرەی نامەڵبەندێتی بەڕێوەبردنی شار و ناوچەكان دەدرێت بە ئەنجومەنی خۆجێی كە دانیشتوانی ناوچەكە بە هەڵبژاردن دەستنیشانیان دەكەن ، ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزكردنی هەستی سەربەستی و دیموكراتی لای دانیشتوان و هاوڵاتیانیش بەشداردەكات لە پرۆسەی بەڕێوەبردندا پراكتیزەكردنی سیستمی دیموكراسیشە چونكە ماف دەداتە خەڵك خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن.
پیادەكردنی ئەم جۆرە نامەڵبەندیەتیە بە پلەی یەكەم خواستێكی سیاسیە  و وەڵام دانەوەیە بۆ داوای خەڵك بۆ ئازادی و خۆبەڕێوەبەری . هەر لەبەر ئەوەشە پێویستە پیادەكردنی ئەم جۆرەی نامەڵبەندێتی ڕەچاوی بارودۆخی سیاسی دەوڵەت و شێوەی دەستوریی و باری كۆمەڵایەتی و ئاستی ڕۆشنبیری هاونیشتمانیان بكرێت.
زانایانی یاسای كارگێڕی و كارگێڕی گشتی یەك پێناسەیان نیە بۆ نامەڵبەندێتی كارگێڕی، لەم ڕووەوە دیدگایان جیاوازەو دەتوانین دابەش بكەین بۆ چەند ئاڕاستەیەك :
1- ئاڕاستەی زانایانی ڕێبازی ئەنگلۆسەكسۆنی 
لەم بازنەیەدا پێناسەی چەند زانایەك دەخەینەڕوو كە بۆ نامەڵبەندیەتی كارگێڕی پێشكەشیان كردووە :
پێناسەی زانای بەریتانی ( Moodi Graeme ) :  ( پیادەكردنی دەسەڵاتە خۆجێیەكانە لەلایەن ئەنجومەنێكی هەڵبژیردراو كە لەڕووی سیاسیەوە بەرپرسیارن لەبەردەم دەنگدەرەكانیان ، ئەم ئەنجومەنانەش بەتەواوكەری دام و دەزگاكانی دەوڵەت دادەنرێن)
Johne Charke meel )) : ( ئەو بەشەی حكومەتە كە تایبەتمەندە بە بەڕێوەبردنی ئەو بابەت و پرسانەی كە پەیوەندیدارە بە دانیشتوانی ناوچەیەكی دیاریكراوە ، پەڕلەمان ئەو بابەتانەیان بۆ دیاری دەكات و هەر ئەویش بەپەسەندی دەزانێت بە هەڵبژاردن ئەنجومەنە  هەڵبژێرداروەكە  پیادەی ئەو دەسەڵاتانە بكات ).  
(Byrne Tony) : ( نامەڵبەندێتی كارگێڕی خۆجێی ) پێناسەدەكات بەوەی ( لقێكە لە لقەكانی كارگێڕی گشتی دەوڵەت بایەخ دەدات و بەشدارە لە بەڕێوەبردنی كاروبارە گشتیەكانی ناوچەیەكی دیاریكراو لە ڕێگەی نوێنەرانی دانیشتوانەوە ،ولەژێر سەرپەرشتی حكومەتی مەركەزی    )
بەتێبینی كردن ئەو پێناسانە، دەبینین  زانایانی ئینگلیز ئاڕاستەكەیان بەرەو ئەوەیە باڵادەستی سەربەخۆبوونی ئەو دەستە خۆجێیانە لە پیادەكردنی كاروبارەكانیان  باڵادەست دەكەن و دەستنیشان كردنیان بە ڕێگەی هەڵبژاردن لە لایەن دانیشتوانی خۆجێی ڕەهەندێكی گرنگ وباڵادەسترە بەراورد بە ڕەگەز و ڕەهەندەكانی دیكە .
2- ئاڕاستەی زانایانی فەڕەنسی 
لەم ڕووەوە ئاماژە بە پێناسەی چەند زانایەكیان دەكەین :
 ( Andre De Laubadee) : ( گوزارشتە لەو ئەنجومەنەی كە كاروبارە كارگێیەكانی خۆیان لەلایەن خۆیانەوە بە ڕێوە دەبرێت ، بە بوونی چاودێری حكومەتی مەركەزی لە سەر كارو چالاكیەكانیان )
پێناسەی (Peiser) : (نامەڵبەندێتی كارگێڕی خۆجێی پرۆسەیەكە دەسەڵاتی پڕكردنەوەی پێویستیە ناوچەییەكان دەدرێتە دەست ئەنجومەنە خۆجێیەكان، بەشێوەیەك ئەو ئەنجومەنانە تاڕادەی پێویست بۆ بەڕێوە چوونی كاروبارەكانیان ،سەربەخۆییان پێدەدرێت) 
(Debbasch) : ( نامەڵبەندێتی كارگێڕی خۆجێی پێكدێت بەوەی دەوڵەت اعتراف بكات بە اشخاصی قانونی خۆجێی كە دەسەڵاتی دەركردنی بڕیاریان هەبێت لە هەندێك بواردا).
ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ ئەو پێناسانە بكەین دەبینینزانایانی یاسای كارگێڕی فەڕەنستی جەخت دەكەنەوە لەسەرئەوەی كە ئەنجومەنە خۆجێكان لە ژێر چاودێری كردنی حكومەتی مەركەزیدابن.
لەنێوان ئەو دوو ئاڕاستەیەشدا چەند زانایەكی مصری و عێراقی پێناسەی نامەڵبەندێتی كارگێڕیان كردوە كە لەڕاستیدا ئەو پێناسانەتەنها  پێناسەی جۆرێكی نامەڵبەندیەتی كارگێڕییە ئەویش ( خۆجێیە).
 ( د.سلیمان محمد الگماوی ) : ( دابەش كردنی وەزیفە كارگێڕیەكانە لەنێوان حكومەتی مەڵبەند لە پایتەخت ئەنجومەنە خۆجێیەكان لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی حكومەتی مەركەزی)
( د.ماهر صالح جبوری )  وەها باس لە نامەڵبەندێتی دەكات نامەڵبەندێتی كارگێڕی پێكهاتووە لەسەر بنچینەی دابەش كردنی كاروبارە كارگێڕیەكان لەنێوان دەسەڵاتی ناوەند + دەستە خۆجێیە-ناوچەییە- كان و خزمەتگوزارە گشتیەكان .
هەندێك دەسەڵاتی بڕیاردان لە بارەی كاروبارە كارگێڕیەكان دراوە بە بەچەند دەستەو دامەزراوەیەك ، كارمەندی دەسەڵاتی مركزی نین ، فەرمانبەرانی  هیئات= دەستە ناوچەییەكان  هەرچەندە لە ژێر چاودێری دەسەڵاتی مركزیدا كاروبارەكانی ئەنجام دەدات بەڵام پابەندی سیستمی پلەبەندی كارگێڕی نین بەو شێوەی كە لە مركزیەی اداریدا هەبوو .
لەزۆربەی جاریشدا ،ئەو هیئاتە لامەركەزیانە بە هەڵبژاردن لە لایەن دانیشتوانی ناوچەكەی خۆیان دیاریدەكرێن نەك لە پایتەختەوە تعین بكرێن.
ئەم هیئاتە لامەركەزیانە هەرچەندە شخصیەی معنوی گشتیان هەیە تەنها بە اشخاصی اداری دادەنرێن  بەهیچ جۆرێك دەسەڵاتیان لە بواری  تشریعی ودادوەریان نیە).

دووەم : نامەڵبەندێتی كارگێڕی خزمەتگوزاری Decentralisation par service 
شێوازێكە لە شێوازەكانی  بەڕێوەبردنی خزمەتگوزاریە گشتیەكان ، لەم جۆرەدا بەڕێوەبردنی ( خزمەتگوزاریەك یان ژماریەك خزمەتگوزاری كە یەك ئامانجیان هەبێت ) لەلایەن دەستەیەكی كارگێڕی دەبێت ، قانون شخصیەی معنوی پێدەبەخشێت، بەم جۆرە سەربەخۆیی دارایی و كارگێڕی و هونەرییان دەبێت لە حكومەتی مەركەزی .
ئەم جۆرەی نامەڵبەندیەتی هاتەكایەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ڕێكخستنی كارگێڕی و گەشەدان بە شێوازەكانی،لەسەرەتاشدا بۆ بەڕێوەبردنی ئەو خزمەتگوزاریانە بوو كە لە جۆری بازرگانی یان پیشەسازی بوون ،ئەم خزمەتگوزاریانە پێویستی بەشارەزایی وورد و ئەزموونی پراكتیكی و هونەری هەیە بە ئامانجی ئەوەشە كە دام ودەزگاكان لە ڕۆتینی كارگێڕی دەربازبكرێن .لە فەڕەنسا ئەم جۆرە نامەڵبەندیەتیە ناوزەندیش دەكرێت بە (نامەڵبەندێتی تەكنیكی یان تایبەت)
Technique ou Special Decentralisatiou .
لێرەدا لەوانەیە پرسیاربكرێت ئایا نامەڵبەندێتی كارگێڕی خزمەتگوزاری لەگەڵ مەڵبەندێتی كارگێڕی ڕێژەی ( ناچڕی كارگێڕی ) عدم التركیز الإداری كە بەكاردێن بۆ بەڕێوەبردنی خزمەتگوزاریە گشتیەكان و تیایدا دەرچونی بڕیاری كارگێڕی لەدەستی ناوەندی بەرزدا نیەو ناوەندی پلەنزم و لایەنی دیكەی كارگێڕی بڕیارەكە دەردەكەن هەمان یەك بیرۆكەو سیستم و هاو واتان یان جیاوازن؟
ئەو دوو سیستمە جیاوازن لە یەكەمیان پلەبەندی كارگێڕی و دەسەڵاتی سەرۆكایەتی ماوە و ئەوەی هەیە تەنها پێ  سپاردنی اختصاصەكانە لە فەرمانبەری پلە بەرز بۆ پلە نزم.
پرسیارێكی دیكە دێتە ئاراوە ئایا لە نێوان ئەو دووجۆرەی نامەڵبەندێتی كارگێڕی ( خۆجێی و خزمەتگوزاریی) جیاوازی هەیە ؟
وەڵام بەڵی ئەو دوو سیستمە جیاوازن ئەگەر چی هەردووكیان لە یەكبون و چڕكردنەوەی دەسەڵاتی دەزگاكانی حكومەت دەدەن بەڵام گۆشەی لێدانیان جیاوازە ،لە جۆری یەكەمیاندا ( خۆجێی) ئەنجومەنێك لە ناوچەكان دروست دەكرێن كە هەمان كار و تایبەتمەندیان هەیە ، بەڵام لەجۆری دووەم ( خزمەتگوزاری) دامەزراوە و دەستەی تایبەتمەند پێكدێت بۆ ئەنجامدانی كارێكی دیاری كراو تایبەتمەند ( خزمەتگوزاری نەتەوەیی ( نیشتمانی) یان ( خزمەتگوزاری خۆجێی) بێت 

باسی سێهەم
ڕەگەزەكانی سیستمی نامەڵبەندێتی كارگێڕی خۆجێی


بۆ پێكهێنان وپیادەكردنی ئەم جۆرە سیستمە پێویستە چوار ڕەگەز بەدی بێت ئەوانیش بریتین لە :
1- بوونی بەرژەوەندی خۆجێی بە ناوچەیەكی جوگرافی دیاریكراو
بۆ پێكهێنانی ئەو جۆرەی نامەڵبەندێتی سەرەتا پێویستە كۆمەڵە بەرژەوندیەك هەبێت كە تایبەت بێت بە دانیشتوانی ناوچەیەكی دیاری كراو ، بەواتای ئەوەی ئەو بەرژەوەندی و خزمەتگوزاریانە ئەوەندەی پەیوەستە بە دانیشتوەكە ئەمەندە كاریگەری نیە لە سەر كۆی بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان ، ئەمەش وادەكات یاسادانەر بەڕێوەبردنیان لە لایەن دانیشتوانی ناوچەكە خۆیان بە پەسەندتر بزانرێت ، ئەم بەرژەوەندیانەش دەرەنجامی هاوژیانی دانیشتوانی ناوچەكەیە پێكەوە كە كۆمەڵێك پێویستی ناوچەییان هەیە پەیوەندار بە هەموویانەوە ئەمەش جۆرێك لە هاوپەیوەندی كۆمەڵایەتی لە نێوان خۆیاندا دروست دەكات .
بە دان پیانان ( اعتراف) ی دەوڵەت بەرژەوەندیە ناوچەییەكان دیاری دەكرێت بەو پێیەی كاریگەری لە سەریەكە خۆجێیەكان بەهێزترە وەك لە سەر كۆی دانیشتوانی هەموو هەرێمەكە .
بۆ ئەوەی بەرژەوەندیەك سیفەتی خۆجێی وەربگرێت پێویستە دوو مەرجی تیا بێت :
یەكەم : گوزارشت بێت لە خواست و ویست و داواكاری زۆرینەی دانیشتوانی یەكە كارگێڕیە خۆجێیەكە.
دووەم :دژنەوەستێتە و ناكۆك نەبێت لەگەڵ بەرژەوەندی باڵای دەوڵەتەكە .
ئەو لایەنەی كە ئەوە دیاری دەكات كە چی بە بەرژەوەندی ناوچەیی (  خۆجێی) دادەنرێت یان بە بەرژەوەندی نیشتمانی دادەنرێت بریتیە لە حكومەتی مەركەزی ، ژمارە و جۆری ئەو بەرژەوەندیانەش لە دەوڵەتێك بۆ دەوڵەتێكی دیكە دەگۆڕێت.
بەشێوەیەكی گشتی لە یاسا پەیوەندیدارەكان بەم بابەتەوە دوو شێوازمان هیە بۆ دیاری كردنی بەرژەوەندیە خۆجێیی و نیشتمانیەكان:
شێوازی یەكەم :- دیاریكردنی تواو و ئەژماردنی اختصاصەكانی حكومەتی ناوەندی ( علی سبیل الحصر) لەم بارەشدا اختصاصەكانی دیكە هی یەكە خۆجێیەكان دەبن ، ئەم شێوازە لە فەڕەنسا پەیڕەو دەكرێت.
شێوازی دووەم :دیاری كردنی اختصاصەكانی یەكە خۆجێیەكان لە لایەن مشرع ( علی سبیل الحصر) ئەوەشی دەمێنێتەوە دەبێتە اختصاصی حكومەتی مەركەزی ئەم شێوازە لە ئینگلتەرا كاری پێدەكرێت.
ئەگەر دیاریكردنەكە بە شێوازی یەكەم بوو ، چاودێری حكومەتی مەركەزی لە سەر یەكە خۆجێیەكان بەهێز دەبێت ، اختصاصی هەموو یەكە خۆجێیەكان وەك یەك دەبێت .
لە سیستمەكانی كارگێڕی خۆجێی ، ئەوەی باوو كارپێكراوە ئەمەیە هەریەكە لە ( ئاسایشی نیشتمانی ، سیاسەتی دەرەكی ، دەركردنی پارە ودراو ، دادگا) بە بەرژەوەندی و خزمەتگوزاری نیشتمانی دادەنرێن و لەاختصاصاتی حكومەتی مەركەزیدان.
بەرژەوەندی و خزمەتگوزاریەكانی وەك پەروەردەو فێركردن ، تەندروستی ، ڕۆشنبیری و ئاوەدان كردنەوە و نیشتەجێكردن بە خزمەتگوزاری ناوچەیی دادەنرێن و لە اختصاصی یەكە خۆجێیەكان دەبن.
دووەم : بەخشینی كەسێتی یاسایی واتایی( الشخصیە المعنویە) بە یەكە خۆجێیەكان لە لایەن یاسادانەرەوە 
داننان بە بوونی بەرژەوەندی ناوچەیی بەتەنها بەس نیە بۆ پێكهێنانی نامەڵبەندێتی كارگێڕی بەڵكو پێویستە یاسادانەر شخصیەی قانونی پێببەخشێت ،چونكە ئەگەر ئەمە نەبێت یەكە خۆجێیەكان دەبنە پێكهاتەیەەك لە  دامەزراوەكانی حكومەتی مەركەزی ، وەك ئەوەی لە میرنشینە یەكگرتوەكانی عەرەبی ( ئیمارات ) وسعودیە هەیە چونكە یاسادانەر شخصیەی مەعنەوی نەبەخشیوە بە یەكە خۆجێیەكان، بۆیە بە پێكهاتەیەكی سەر بە حكومەتی مەركەزی دادەنرێن .
ئەگەر یاسادانەر شخصیەی مەعنەوی بەخشی بە یەكە خۆجێیەكان چەند دەرەنجامێكیان بۆ دروست دەبێت ئەوانیش بریتین لە :
1- ئەندامانی ئەنجومەنە خۆجێیەكان گوزارشت لە ارادە ی یەكە خۆجێیەكان دەكەن و بەناوی ئەوەوە تصرفاتی یاسایی دەكەن.
2- یەكە خۆجێیەكان ،دارایی وژمێریاری و بوودجەی تایبەت بە خۆیان دەبێت .
3- یەكە خۆجێیەكان ،شیاویەتی ئەنجامدانی كارە یاساییەكانیان دەبێت وەك گرێبەست كردن یان خاوەندارێتی یان وەرگرتنی بەخشین وقەرز ...
4- یەكەخۆجێیەكان شیاویەتی دادبینی كردنیان هەیە دەگونجێت شكاتیان لێبكرێت یان شكات بكەن لە هاوڵاتی یان كۆمپانیایەك یان فەرمانگەیەكی سەر بە دەوڵەت,
5- یەكە خۆجێیەكان تایبەتمەند بە خۆیان دەزگایەكی كارگێریان دەبێت بەڵام ئەمە ڕێگر نابێت لەوەی كە فەرمانبەرەكانی ئەو دەزگایە  بە حكومەتی مەركەزی ببەسترێنەوە ، سیفەتی فەرمانبەری گشتی وەربگرن ، هەروەها دەگونجێت ئەندامەكانی یەكە خۆجێیەكان خۆیان پلەی وەزیفی وەربگرن بۆ سوودمەندبوون لە ماف وتایبەتمەندەكانی ئەو پلەیە بۆ نمونە لە یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان دەق هاتووە لە سەر ئەوەی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا پلەی بەڕێوبەری گشتی هەیە.
6- كەسێتی واتایی ئەو یەكە خۆجێیانە بەهەمان ئەو ڕێگە یاساییە یان باڵاتر كۆتایی دێت كە پێی دامەزراون ئەگەر شخصیەی معنویان بە یاساپێدرابوو ئەوا بە یاسا یان دەستور دەكرێت لێیان بسێنرێتەوە.

سێهەم : یەكە خۆجێیەكان سەربەخۆیی كارگێرییان هەبێت و ئەندامەكانی بە هەڵبژاردن دیاری بكرێن.

بۆ بەدیهێنانی نامەڵبەندێتی كارگێڕی پێویستە ئەنجومەنە خۆجێیەكان سەربەخۆ بن لە ممارەسەكردنی كاروبارە كارگێڕیەكان بەپێی ئەو اختصاصاتانەی پێیان دراوە ، لە پێناو ئەوەشدا زۆرینەی زانایانی یاسای كارگێڕی بۆچونیان وایە ئەندامانی ئەنجومەنە خۆجێیەكان بە هەڵبژاردن دیاری بكرێت .
لێرەدا پرسیارێك دێتە كایەوە ئایا مەرجە هەموو ئەندامانی ئەنجومەنە خۆجێیەكان بە هەڵبژاردن دیاری بكرێن؟
زانایان و نووسەران لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا  دابەش بوون بەسەر دوو ئاڕاستەدا :
ئاڕاستەی یەكەمیان كەزۆرینەیان زانایانی ئینگلیزن، پێیان باشە وبەمەرجی دەزانن هەموو ئەندامان بە هەڵبژاردن دەستنیشان بكرێن لە لایەن دەنگدەرانەوە پاساویشیان بۆ ئەوە ئەمانەیە :
1- هەڵبژاردن لەگەڵ سروشتی نامەڵبەندێتیدا دەگونجێت چونكە ئەگەر ئەندامەكان بە دامەزراندبێت لەلایەن حكومەتی مەركەزی دژدەوەستێتەوە لەگەڵ چەمكی نامەڵبەندێتی كارگێڕی.
2- نامەڵبەندێتی كارگێڕی بە پیادەكردنی دیموكراتی دەزانرێت لەناو كارگێڕیدا ئەمەش وادەكات هەڵبژاردن وەسیلەیەكی پێویست بێت بۆ بەدیهێنانی.
ئاڕاستەی دووەمیان زاناكانی فەڕەنسان  ، ڕایان وایە  هیچ ڕێگرییەك نیە لەوەی حكومەتی مەركەزی بەشدار بێت لە دانانی هەندێك لە ئەندامەكان بە دامەزراندن( تعین) بەمرجێك كۆمەڵە پێوەرێك هەبێت كە سەربەخۆیی ئەندامەكان بپارێزێت ، پاساوی ئەو نوسەرانەش بۆ ئەم ڕایەیان هەیە :
1-دەستەبەر كردنی سەربەخۆیی ئەندامەكان هەر بەوە نابێت ئەندامەكان بە هەڵبژاردن بن بەڵكو پێویستە ئەندامەكان مافی ئەوەیان هەبێت لانەبرێن بە هیچ پاساوێك ئەوەی بەعەرەبی پێی دەڵێن ( عدم قابلیتهم للعزل)  لەماوەی كاركردنی یاسایی خۆیان لە ئەنجومەنەكان.
2- دەنگدەرە خۆجێیەكان لەبارو ئامادەنین بۆ ئەوەی ئەندامی شارەزا هەڵبژێرن بۆ ئەنجومەنەكان بە پاڵنەری حیزبی و ناوچەیی و عەشرەتگەرایی زاڵ دەبێت بەسەر هۆكارە بابەتیەكان لە كاتی دەنگدان و هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنە خۆجێیەكان.

چوارەم : چاودێری حكومەتی مەركەزی لەسەر ئەنجومەنە خۆجێیەكان
سەربەخۆبوونی خۆیی ئەنجومەنە خۆجێیەكان، مانای ئەوە نیە دەربازبن لە چاودێری كردنیان لەلایەن حكومەتی مەركەزی و چۆنیان بوێت بەویستی ڕەها وبێسنوری خۆیان تصرف بكەن وڕایەڵی پەیوەندی بپچڕێنن لەگەڵ حكومەتی مەركەزی نەخێر ئەوە  دروست نیە بۆیان، چونكە دەوڵەت لە سایەی سیستمی نامەڵبەندێتی كارگێڕی خاوەن شخصیەی مەعنەوی سەرەكی  و خاوەنی دەسەڵاتی باڵا یە لە چوارچێوەی هەموو سنووری دەوڵەتەكە .جگەلەمانە بوونی چاودێری بۆ بەرژەوەندی دانیشتوانی ناوچە خۆجێیەكانە بۆ ئەوەی مافیان پێشێل نەكرێت و نوێنەرەكانیان لە ئەنجومەنە خۆجێیەكان خراپ دەسەڵاتەكانیان بەكارنەهێنن هەروەها بۆ پاراستنی یەكپارچەیی ووڵاتەكە و دڵنیابوونەوەیە لە ڕێزگرتنی یاساو جێبەجێكردنی لە لایەن ئەندامانی ئەنجومەنە خۆجێیەكان.
هەرچەند بە ئەندازەیەك  ئەنجومەنە خۆجێیەكان سەربەخۆییان هەیە و خاوەن شخصیەی مەعنەوین بەڵام دەبێت لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتی دەوڵەتەكە كاربكات بەو سیفەتەی ئەو ئەنجومەنانە بەشدارن لە بەشێك لە چالاكیە كارگێڕیەكان وجێبەجێكاری دەوڵەت.
لێرەدا زۆر گرنگە ئاماژە بەوە بكەین چاودێری پەڕلەمان  ودادگاكان وەك دووناوەندی گرنگ چاودێری ئەنجومەنە خۆجێیەكان دەكەن لەهەموو دەوڵەتان.چونكە ئەوەی ئەنجومەنەكان پێكدێنێت و اختصاصەكانیان دیاری دەكات یان دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەیانی هەیە پەڕلەمانە لەڕێگەی داڕشتنی یاساوە. هەروەها دادگاكان بۆ چاودێكردنی ڕەوایەتی كارەكانیان و هاوڕەوت بوونیان لە گەڵ یاسا چاودێری دەبێت. 
لەزۆرینەی ڕەهای ئەو دەوڵەتانەی پیادەی نامەڵبەندیەتی دەكەن حكومەتی مەركەزی چاودێری هەیە لەسەر ئەنجومەنە خۆجێیەكان ، ئێمە لێرەدا دوونمونەی ئەو چاودێریە دەخەینە ڕوو ئەوانیش كۆماری فەڕەنسا و شانشینی یەكگرتوو (ئینگلتەرا) یە وەك دوونمونەی هەردیارو پێكەوتووی ئەو بوارە .
چاودێری حكومەتی مەركەزی لەسەر ئەنجومەنە خۆجێیەكان لە فەڕەنسا چاودێریەكی بەهێزە چونكە حكومەت چاودێری هەیە لەسەر ئەندامان و كاری ئەنجومەنەكە بەڵام ئەبێت ئاماژە بوەبكەین هەرچەندە ووتمان لە فەڕەنسا بەهێزە چاودێری كردنەكە لە لامەركەزیدا  بەڵام ناگاتە ئەو چاودێری كردنە سەرۆكایەتیە هەرەمیەی كە لە سیستمی مەڵبەندێتی ( مەركەزی هەیە ) ئەمیان توندتر وبەهێزترە.

چاودێری حكومەتی مەركەزی لە فەڕەنسا لەسەر ئەنجومەنە خۆجێیەكان خۆی دەبینێتەوە لەم ڕەهەندانەی خوارەوە:
1- چاودێری لەسەر ئەندامان و ئەنجومەنەكە وەك ئەوەی حكومەت بۆی هەیە چەند ئەندامێك بە دامەزراندن دابنێت ،بۆشی هەیە ئەنجومەنەكە هەڵپەسێرێت ئەگەر بە ئەنقەست پێشیلی یاسایان كرد .
2- چاودێری حكومەتی مەركەزی لەسەر كاروبڕیارەكانی ئەنجومەنەكە بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕەوایەتیان  وگونجاویەتیان ( رقابە المشروعیە و الملائمە)  ئەمەش بەچەند شێوازێك دەبێت :
أ‌- هەندێك بڕیاری ئەنجومەنەكان بەركار (نافژ) نابن ئەگەر حكومەتی مەركەزی بەشێوەیەكی ئاشكرا یان نائاشكرا ڕەزامەندی دەرنەبڕێت لەسەریان وەك ئەوەی بڕیارەكان تصدیق بكرێت لەلایەن حكومەتی مەركەزی  یان ماوەیەك دابنرێت حكومەتی مەركەزی دژنەوەستێتەوەلەبەرامبەر بڕیارەكە ئەمەش بە ڕەزامەندی ناڕاستەوخۆ دادەنرێت.
ب‌- حكومەتی مافی هەڵوەشانەوە (الغا‌و) ی بڕیارەكانی ئەنجومەنەكانی هەیە ئەگەر دژ بە یاسا یان بەرژەوەندی باڵای ووڵاتەكەوە هەبوو ،ئەمەش لەڕێگەی ناردنی نوسراوێكەوە بۆ ئەنجومەنەكە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی یان پەنابردنە بەر دادگاوبۆ ئەوەی بڕیاربە هەڵوەشانەوەی دەربكات.
ت‌- حكومەتی مەركەزی مافی ڕێگەپێدانی هەیە ، بەواتای ئەوەی دەستە خۆجێیەكان ناتوانن بۆ هەندێك پرس و بابەت بەتەنها بڕیاریان لەسەر بدات مەگەر دوای ئەوەی حكومەتی مەركەزی ڕێگەی پێبدات بەڵام ئەم ڕێگەپێدانە تەنها لە چەند حاڵەتێكدایە بەدەقی یاسا دیاریكراون.
پ‌- جێگرتنەوەی ( حلول) ی حكومەتی مەركەزی لە جیاتی ئەنجومەنە خۆجێیەكان: ئەگەر سەرپێچیەكی یاسایی لە لایەن ئەندامانی ئەنجومەنە خۆجێیەكان ڕوویدا و گەیشتە ئەو ئاستەی كە هەڵنەستان بە ممارەسەی ئەو اختصاصاتانەی یاسا بۆی دیاریكردوون ئەوكات حكومەتی مەركەزی لە جیاتی ئەنجومەنەكان هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی كاروبارەكان.
هەموو ئەو خاڵانەی لەبارەی چاودێری كردنەكەوە باسمان كرد ئەمەیە كە چاودێریەكە لە سنووری یاسادایە و حكومەتی مەركەزی بۆی نیە بڕیارەكانی ئەنجومەنەكە هەموار بكاتەوە یان ئەوەتا تصدیقی ئەكات لە بارێكدا ئەگەر یاسا داوای ئەوەی كردبوو وەك لەكاتی دیاریكردنی بوودجەی یەكە خۆجێیەكان یان هەڵوەشاندنەوە لە ڕێگەی دادگاوە .
چاودێری حكومەتی مەركەزی لە شانشینی یەكگرتوو (ئینگلتەرا) لەسەر ئەنجومەنە خۆجێیەكان :
چاودێری كارگێڕی حكومەتی مەركەزی لە (ئینگلتەرا)  لە سەر ئەنجومەنە خۆجێكان لاوازە ئەمە بۆ مێژوو و چۆنیەتی سەرهەڵدانی لامەركەزی دەگەڕێتەوە لەوێ‌ كە دەرەنجامی هەوڵ و خەبات وكۆششی كۆمەڵانی خەڵك بوو هەروەها لە ئینگلتەرا حكومەت ناتوانێت ئەندامان بە دامەزراندن دابنێت لە ئەنجومەنە خۆجێیەكان تەنانەت توانای هەمواركردنی بڕیارەكانیشیانی نیە .و توانای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەكانیشی نیە .
سەرپەرشتی حكومەتی مەركەزی بەشێوەیەكی وورد سەرپەرشتی وەزارەتە مەركەزیەكانی وەك ( وەزارەتی پەروەردەو فێركردن و تەندروستی و ناوخۆ) لەسەر دەسەڵاتە خۆجێیەكان لەچەند بوارێك و كاروبارێكی دیاریكراوە و بۆ چەند مەبەستێكی دیاریكراوە:
1- بۆدڵنیابوونە لەوەی كە ئەنجومەنە خۆجێیەكان ڕەچاوی ئەو یاسایانە دەكەن كە اختصاصەكانیان بۆ دیاری دەكات. لە بارێكدا ئەگەر ئەنجومەنەكان پێشێلی یاسایان كرد، حكومەتی مەركەزی هەوڵ دەدات ناچاریان بكات بەڕێزگرتن لە یاساكان ،بەڵام لەبەرئەوەی دەسەڵاتە خۆجێكان بەرپرسیارنین تەنها لەبەردەم دەنگدەرە خۆجێیەكان نەبێت ، لەبەرئەمە ڕای دەسەڵاتی مەركەزی هیچ هێزێكی سەپێندراوی لەسەر ئەنجومەنەكان نیە ، بۆیە حكومەت تەنها بۆی هەیە پەنا بۆدادگا ببات بۆ ئەوەی ئەنجومەنەكان ناچاربكات بەڕێزگرتن لەیاساكان.
2- لێكۆڵینەوە دەكەن لەوەی ئایا ئەنجومەنە خۆجێیەكان بە ئەندازەی پێویست لێهاتوویان هەیە لە ڕاپەڕاندنی ئەو ئەركانەی لەئەستۆیانەو بەباشی خزمەتگوزاریەكان بەڕێوەدەبەن ، ئەم چاودێریەش لەلایەن ( مفتیش) پشكنێرەكانی حكومەتی مەركەزی دەبێت كەسەردانی ئەنجومەنەكان دەكەن و دوای ووردبینی كردن و هەڵسەنگاندن ڕاپۆرتی ساڵانەی  خۆیان دەنوسن و دەیدەن بە حكومەتی مەركەزی ، كاری ئەم پشكنەرانەشە ڕێنمونی و ڕاسپاردەی فەنی پێویست بدەن بە ئەنجومەنەكان ، حكومەتی مەركەزی هەتا ڕادەیەكی زۆریش پشت بەو ڕاپۆرتانەیان دەبەستێت بۆ بەخشینی هاوكاری دارایی و بوودجەی ساڵانە بە ئەنجومەنە خۆجێیەكان ، ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر ئەندامانی ئەنجومەنە خۆجێیەكان چونكە ئەگەر حكومەتی مەركەزی هاوكاری داراییان كەم بكاتەوە ،ئەنجومەنەكان ناچار دەبن باج لەسەر دانیشتوان زیاد بكات ئەمەش ناڕەزایی و بێزاری دەنگدەرەكانی لێدەكەوێتەوە و لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگیان پێنادەنەوە جگە لەمە راپۆرتەكان سەرنجی ڕای گشتی دانیشتوان دەهەژێنێت و ئەنجومەنەكە ناچار دەكەن كەم وكوڕی خۆیان چارەسەر بكەن .
3- لەهەندێك حاڵەتی تایبەتیش چاودێری حكومەتی مەركەزی توندتر دەبێت وەك چاودێری لەسەر چۆنیەتی تصرف كردنی ئەنجومەنە خۆجێیەكان بە ئامێر و موڵكی شارەوانیەكان  یان چاودێری لەسەر قەرز و ژمێریاری كۆتایی ئەنجومەنە خۆجێیبەكان .
لەكۆتایی ئەم بابەتە دەگەینە ئەو دەرەنجامە چاودێری كارگێڕی لە سیستمی لامەركەزی جیاوازە لەو چاودێریەی سەرۆكی كارگێڕی ئەنجامی دەدات لە سیستمی مەركەزیدا چونكە :
1- لەسیستمی لامەركەزیدا حكومەتی مەركەزی توانای هەمواركردنی بڕیارە ڕەواو یاساییەكانی ئەنجومەنە خۆجێیەكانی نیە بەڵام لەسیستمی مەركەزیدا سەرۆك توانای هەمواركردنەوەی بڕیاركردنەوەی پلەكانی خوار خۆی هەیە هەرچەندە یاسایی و ڕەوابن.
2-لەسیستمی لامەركەزیدا پەیوەندی نێوان ئەنجومەنە خۆجێیەكان بە شێوەی پلە بەندی كارگێڕی نیە چونكە ئەنجومەنەكان خاوەن شخصیەی مەعنەوی سەربەخۆی خۆیانن . بەڵام هەرەمی وەزیفی ڕوكنێكی گرنگی سیستمی مەركەزی ادارین .

 

پلەبەندی كارگێڕی ڕوكنێكی گرنگی سیستمی مەركەزی ئیداریە و لەلامەركەزی اداری نیە

باسی چوارەم
هەڵسەنگاندنی سیستمی نامەڵبەندێتی كارگێڕی

نامەڵبەندیەتی كارگێڕی وەك سیستمێكی كارگێڕی هاوچەرخ ، پیادەكردنی كۆمەڵێك دەرەنجامی باشی لێدەكەوێتەوە ، بەڵام بەدووریش نیە لە هەندێك سلبیات  و كەم وكوڕی ، ئەوەش دەوەستێتە سەر ئاستی ووشیاری دانیشتوان و ڕادەی پێشكەوتنی سیاسی و باوەڕبوونی فەرمانڕەوایان بە دیموكراتی و پیادەكردنی و گەشەی ئابووری و شێوەی دەستوری دەوڵەتەكەو كۆمەڵێك هۆكاری كاریگەری دیكە .ئێمە لەم باسەماندا گرنگترین لایەنە ئیجابیەكان وسلبیاتی ئەو سیتمە دەخەینە ڕوو:
لقی یەكەم : لایەنە باشەكان ( ئیجابیات)ی سیستمی نامەڵبەندێتی كارگێڕی 
1- بە پیادەكردنی دیموكراتی دادەنرێت لە بواری كارگێڕی چونكە دەرفەت دەدات بە هاوڵاتیان بە خۆبەڕێوبەری لە ڕێگەی هەڵبژاردن لەلایەن  دانیشتوانی یەكەیەكی كارگێڕی .
2- ئاسانكاری بۆ حكومەتی مەركەزی دەكات و ئەركی سەرشانی كەم دەكاتەوە چونكە لەڕێگەی ئەنجومەنە خۆجێیەكانەوە سەرپەرشتی وچاودێری خزمەتگوزاریە ناوچەییەكان دەكرێت و حكومەتی مەركەزی یەكلادەبێتەوە جێبەجێكردنی خزمەتگوزاریە نیشتمانیەكان .
3-دەبێتە هۆكارێكی یارمەتیدەر بۆ باش بەڕێوەچوننی خزمەتگوزاریەكان بە هۆی ئەو پەیوەندیە ڕاستەوخۆیەی كە هەیە لەنێوان بەڕێوبەرانی خزمەتگوزاریەكان و دانیشتوانی یەكە كارگێڕیەكان .
4- ڕۆتینی كارگێڕی كەم دەكاتەوە دەبێتە هۆی ئەوەی هاوڵاتیان بە خێرایی كارەكانیان بەڕێوە بچێت لەبەر نزیكی ناوەندی بڕیاردان لە شوێنی نیشتەجێبونیان .
5- پیادەكردنی نامەڵبەندێتی كارگێڕی هۆكارێكی باشە بۆ پێگەیاندنی مارەیەكی زۆر كارمەند و سەرۆكی كارگێڕی، ئەمەش یارمەتی پێشكەوتن و گەشەپێدانی كارگێڕی لە ووڵات دەدات.
6-پیادەكردنی نامەڵبەندێتی كارگێڕی دەرەنجامی باشی لێدەكەوێتەوە بۆ پێشكەش كردنی خزمەتگوزاریە گشتیەكان چونكە ئەندامانی ئەنجومەنەخۆجێیەكان باشتر ئاشنان بە خواست و پێداویستیەكانی ناوچەكەیان.
لقی دووەم  : نەنگیەكان (سلبیات)ی سیستمی نامەڵبەندێتی كارگێڕی 
سەرەڕای ئەو باشیانەی كەباسمان كرد بەڵام نامەڵبەندێتی كارگێڕی چەند نەنگیەك و كەم وكوڕیەكی هەیە بەتایبەت لەو ووڵاتانەی كە زەمینەی پیادەكردنی لەبارو گونجاو نیە دەكرێت ئاماژە بەهەندێك لەوانە بدەین:
1- نامەڵبەندێتی كارگێڕی بەیەكداچون و ناكۆكی نێوان حكومەتی مەركەزی و ئەنجومەنە خۆجێیەكان دروست دەكات لە سەر اختصاصەكان، بەتایبەت ئەگەر لەیاسادا سنوری كارو اختصاصاتی هەریەكەیان بە ڕوونی دیاری نەكرابوو.
2- ئەندامانی ئەنجومەنە خۆجێیەكان شارەزایی زۆر و وردیان لە بواری كارگێڕی و زانست و هونەری پلانسازی شار و پەرەپێدانی، كەمە ، چونكە لە كاتی دەنگداندا ،دەنگدەران بەرژەوەندی حیزبایەتی و ناوچەیی و عەشیرەتگەرایی باڵادەست دەكەن بەسەر لیهاتووی وشارەزایی پاڵێوراوان بۆ ئەنجومەنەكان.
3- بەڕای هەندێكی كەم لە نووسەران نامەڵبەندێتی كارگێڕی مەترسی دروست دەكات بۆ سەر یەكپارچەیی دەوڵەتەكە لە ڕووی سیاسی و قانونیەوە ، ولەتوانا و بەهێزی حكومەتی مەركەزی كەم دەكاتەوە .
4- ئەنجومەنە خۆجێیەكان خەرجییان زۆرە و بەرژەوەندیە ناوچەییەكانی خۆیان باڵادەستردەكەن و پێش بەرژەوەندیە گشتیەكانی ووڵاتەكەی دەخەن
 
بەشی دووەم
ڕەگەزەكانی نامەڵبەندێتی كارگێڕی لە
یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی عێراق ژمارە (3) ی ساڵی 2009
دەستوری عێراق 2005 زەمینەی پیادەكردنی نامەڵبەندێتی عێراق ڕەخساند بەوەی لە دەقی ماددەی (122) دەقی هێنا لەبارەیەوە ، بەشێكی ئەو ئەركەشی خستە سەر شانی پەڕلەمان كە یاسایەكی بۆ دەربكات ، پەرلەمانی عێراق یاسای ژمارە (21) ی ساڵی 2008 ی دەركردبەناوی یاسای ئەنجومەنی پارێزگا ڕێكنەخراوەكان بەهەرێم ، ساڵێك دوای ئەوان پەرڵەمانی كوردستان یاسای پارێزگاكانی هەرێم ژمارە (3) ی ساڵی 2009ی دەركرد  كە تاڕادەیەكی زۆر كاریگەر بووە بەو یاسای لە پەرلەمانی عێراق دەرچوو ئاماژەمان پێكرد بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج بوو ئەوە بوو لە ماددەی (42) ی یاساكە هاتبوو ئەم یاسایە لە هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگاكان كاری پێدەكرێت، دوای چاوەڕوانی و چەندجار دواخستن هەڵبژاردنی تەنها لەسەر ئاستی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 30 ی نیسانی 2014 بەڕێوە چوو بەمەش یاساكە دەبوو جێبەجێبكرێت ، لەسەر ئەو ئەنجومەنانە ، ئێمە لە باسەدا لێكۆڵینەوە دەكەین لەوەی ئایا تا چ ڕادەیەك ئەم یاسایە ڕەگەزەكانی نامەڵبەندێتی ( ناسەنتەری) كارگێڕی تیایە ،ئایا گرفت بە پیادەكردنی فیدرالیەتی عێراق دروست دەبێت ئەگەر نامەڵبەندێتی كارگێڕی پیادەبكرێت لە هەرێمی كوردستان، دواتر هەڵسەنگاندنێك بۆ یاساكە دەكەین و لە ڕوواڵەتە باشەكانی و كەلێنەكانی دەكۆڵینەوە لە چەند باسێكدا :

باسی یەكەم
ڕەگەزەكانی ناسەنتەری (نامەڵبەندێتی ) كارگێڕی لە یاساكەدا


لە ماددەی دووەمی یاساكەدا هاتووە كە ئەم یاسایە دەسەڵات وبەرپرسیاریەتی ئەنجومەنەكان و سەرۆكەكانیان و ئەندامەكانی دەستنیشان دەكات  بۆ پتەوكردنی پرنسیپی ناسەنتەری لە دابەش كردنی دەستەڵاتەكان، بۆئەوەی ئەمەش بێتەدی پێویستە سەرجەم ڕەگەزە پێویستەكان بۆ ناسەنتەری (نامەڵبەندێتی ) كارگێڕی لەم یاسایەدا فەراهەم هاتبێت و ئاماژەی پێكرابێت ،لەم باسەدا لەوانە دەكۆڵینەوە :

1- داننانی یاسادانەری هەرێم بەبوونی بەرژەوەندی ناوچەیی و دیاری كردنی اختصاصەكان بۆ یەكە كارگێڕیە خۆجێیەكان.

یاسادانەر لە ماددەی سێهەم هەرێمی كوردستانی لە ڕووی كارگێڕیەوە دابەش كردووە بۆ پارێزگاكان و پارێزگاكانیش بۆ قەزاو ناحیە،ئەم دابەشكاریەش پەیڕەوكراوە لە عێراق كۆنەو  سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانیەكان ، لەیاسای پارێزگاكانی عێراق ژمارە 159ی ساڵی 1969ی هەڵوەشاوە ،هەمان دابەش كاری پەیڕەو كرابوو .
لەسەر ئەو بنچینەیەش ،یاساكە لە بەشی دووەم لە سێ بڕگەیدا تایبەتمەندیەكان( اختصاصاتی) هەریەكە لە یەكە كارگێڕیە خۆجێیانە باس كردوە بەڵام ئێمە تەنها تیشك دەخەینە سەر ئەنجومەنی پارێزگا ،چونكە هەڵبژاردنەكەی 30 نیسانی 2014 تەنها بۆ ئەنجومەنی پارێزگا ئەنجام درابوو.


تایبەتمەندیەكانی(اختصاصەكانی) ئەنجومەنی پارێزگا لە هەرێَمی كوردستان
ماددەی شەش لە یاساكەدا تایبەتمەندیەكانی ئەنجومەنی پارێزگای علی سبیل الحصر دیاری كردوە ،ئێمە دەتوانین ئەوانە پۆلێن بكەین بۆ : ئەنجومەنەكان پیادەی ئەم تایبەتمەندیەتیانە دەكەن لەوەی كە پەیوەندی هەیە بە وەزیفەی گشتی ، یان ئەوەی پەیوەندی هەیە بە نەخشاندنی سیاسەتی گشتی ئەمانەش بەووردتر باس دەكەین :
یەكەم :اختصاصە اداریەكانی ئەنجومەن :
أ-لەوەی پەیوەندی هەیە بەوەزیفەی گشتی هەیە ئەمانە دەگرێتە هەڵبژاردن وبەشداربوون لە دەستنیشان كردنی (پارێزگار + جێگرەكانی پارێزگار+ بەڕێوبەرە گشتیەكانی فەرمانگەكانی پارێزگا) هەروەها لادانیان لە وەزیفەكانیان 
1- هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی ، مادەی شەش بڕگەی یەكەم ئاماژەی بە میكانیزمی ئەو هەڵبژاردنەكردووە ،ئەویش ئاوایە ،لەیەكەم دانیشتنی ئەنجومەندا كە پارێزگار بانگەوازی بۆ دەكات لە ماوەی پازدە ڕۆژ لە مێژووی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و لەبارێكدا كە بانگەواز بۆ دانیشتنەكە نەكرا ئەوا ئەنجومەنەكە لەخۆیەوە كۆدەبێتەوە لە كاتژمێر دوازدەی نیوەڕۆی ڕۆژی شازدەم لە مێژوی پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكەو دانیشتنەكەش بەسەرۆكایەتی بەتەمەنترین ئەندام دەبێ‌،هەروەها مافی لادانی سەرۆك و ئەنجومەنەكەی هەیە ئەندامانی ئەنجومەنە بە داوای سێیەكی ئەندامان و بە ڕەزامەندی دوولەسەر سێی ئەندامەكانی ئەوەش لە كاتێكدا دەبێت ئەگەر یەكێك لەم حاڵاتانەیان لەسەر ساغ بووەوە ( دەست پیسی یان خراپ بەكارهێنانی پایەی فرمانەكەی ، بوون بە هۆی بە فیڕۆدانی دارایی گشتی ، خەمساردی یان كەمتەرخەمی نواندن بە ئەنقەست لە جێبەجێكردنی ئەركەكەی)
2- هەڵبژاردنی پارێزگار لەنێوان ئەندامانی ئەنجومەن لە ماوەیەكدا كە ئەوپەڕی (30) سی ڕۆژ لە مێژووی بەستنی یەكەمین دانیشتووە ، ئەگەر هیچ كام لە پاڵێوراوەكان زۆرینەی ڕەهای ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی بەدەس نەهێنا ئەوا كێبڕكێ‌ لە نێوان ئەو دوو پاڵێوراوە دەبێ كە زۆرترین دەنگیان بەدەست هێناوە و ئەوەی زۆرینەی دەنگەكان لە دەنگدانی دووەم بباتەوە ئەو بە دەرچوو دادەنرێت. هەروەها ئەنجومەن بە دەنگی سێیەكی ئەندامەكانی بۆیان هەیە داوای لێپرسینەوە لە پارێزگار و جێگرەكانیان بكەن و ئەگەر قەناعەتیان بەوەڵامەكانی نەبوو دەتوانن بڕیاری لادانی بدەن لە دانیشتنی داهاتوو بەڕەزامەندی دەنگی دوولەسەر سێی ئەندامەكانی ئەوەش بە بوونی یەكێك لەو حاڵاتانەی بۆ لابردنی سەرۆكی ئەنجومەن ئاماژەمان پێكرد.
3- پاڵاوتنی سێ‌ پاڵێوراو لە ئەسڵی پێنج پاڵێوراو كە پارێزگار بۆ پڕكردنەوەی پۆستی هەردوو جێگری پارێزگا پێشكەشیان دەكات .ڕەزامەندیەكەش بەدەنگی زۆرینەی ڕەهای ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەن دەبێت 
4- ڕەزامەندی دەربڕین بەزۆرینەی ڕەهای ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەن لەسەر پاڵاوتنی سێ‌ پاڵێوراو لە ئەسڵی پێنج كەس كە پارێزگار بۆ پڕكردنەوەی پۆستی بەڕێوبەرە گشتیەكان لە پارێزگادا پێشكەشیان دەكات .فەرمانی دامەزراندنی یەكێكیان لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران دەردەچێت ، هەروەها دەتوانن لە سەر داوای پارێزگار یان پێنج یەكی ژمارەی ئەندامانی و بەرزكردنەوەی لە ڕێگای وەزیری پسپۆڕەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران ، وئەنجومەنی وەزیرانیش مافی لادانی هەیە .
ب: نەخشاندنی سیاسەتی گشتی 
ئەم اختصاصەی ئەنجومەنی پارێزگا بە گرنگترین اختصاصەكانی دادەنرێت ، لەم بوارەدا هەماهەنگی دروست دەبێت لە نێوان ئەنجومەنی پارێزگا و سەرجەم وەزارەتەكانی دیكەی حكومەت لە ڕێی فەرمانگەكانیان لە پارێزگاكەدا ، مەبەستیشمان لە نەخشاندنی سیاسەتی گشتی ، دیاریكردنی پێشینەكان ( اولویەتی) كارە ستراتیژیەكانی پەرەپێدان بۆ چوارچێوەی  كاری یەكە كارگێڕیەكان لە پارێزگا، هەروەها دیاریكردنی بەرپرسیاریەتی بۆ ئەنجومەن و پارێزگاش دیاری دەكات ، لەگەڵ دیاری كردنی ئەو خزمەتگوزاریانەی كە پێویستی هەنوكەین بۆ پارێزگائەمەش پشت بەست بە داتا و زانیاری .
پەیوەست بەو اختصاصەوە ،ئەنجومەن هەڵدەستێت بە ئامادەكردنی پرۆژەی بودجەی ئەنجومەنی پارێزگاكە ، ئەویش بەهەردووبەشەكەیەوە ( تشغیلی و استپماری) یەكەمیان بۆ مووچەی كارمەندەكان و كڕینی شمەك دەبێت بۆ ڕای كردنی كاروبارە كارگێریەكانە ، دووەمیان (استپماری) بۆ پرۆژە تازەكان دەبێت لە پێناو پەرەپێدان و بنیاتنان.
ج : پێشكەش كردنی خزمەتگوزاریەكان 
پێشكەش كردنی خزمەتگوزاریەكان بە باشترین شێوە لە لایەن ئەنجومەنە خۆجێیەكان یەكێكە لە هۆكارە هاندەرەكانی پیادەكردنی نامەڵبەندێتی كارگێڕی ، ئەم ئەركەش دەكەوێتە ئەستۆی ئەندامانی ئەنجومەن بەو پێیەی نوێنەری هەڵبژێردراوی دانیشتوانی پارێزگاكەن، لەم پێناوەشدا ئەنجومەن ( مصادقە لەسەر پلانی ئاسایشی خۆجێی پارێزگاكە دەكات بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان ، بەزۆرینەی ڕەهای دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن بڕیار لەسەر گۆڕانكاری لە یەكە كارگێڕیەكانی ( قەزاو ناحیە وگوندەكان) دەدات بە دمج كردنیان یان پێكهێنانی یەكەی نوێ‌. 
 دووەم : اختصاصە تشریعیەكانی ئەنجومەنی پارێزگا
ئەنجومەن ممارەسەی ئەم اختصاصە دەكات لە ڕێگەی :
1-دەركردنی پەیڕەو ڕێنمایی بڕیاری كارگێڕی بۆ چاككردنی بەڕێوەبردنی خزمەتگوزاریە گشتیەكان لە پارێزگادا،لەم بوارەشداپێویستە ئەنجومەن ڕەچاوی ڕێزگرتن لە ڕێساكانی سەروخۆی (دەستور ویاسای ئاسای)بگرێت وبەپێچەوانەی ئەوانەوە دەرنەكات هەروەها ڕەچاوی سنوری شوێنی و بابەتی ڕێساكان بكات .
2-دەرچواندنی بڵاوكراوەیەكی خۆجێی هەموو بڕیار و پێڕەو وڕێنمایی و ئەو فەرمان و چالاكیانەی تیا بڵاوبكرێتەوە كە ئەنجومەن دەریان دەكات .
3-دانانی پەیڕەوی ناوخۆیی بۆ كاری ئەنجومەن بە زۆرینەی ڕەهای ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەن لە ماوەی مانگێك لە مێژووی یەكەم دانیشتنیەوە .
سێهەم : اختصاصی دارایی ئەنجومەنی پارێزگا
ئەنجومەنی پارێزگا ممارەسەی چەند اختصاصێكی دارایی دەكات لەوانە :
1- مصادقەی پرۆژەی بوجەی گشتی پارێزگا ، ئەنجومەن ڕۆڵیكی گرنگ دەبینێت تەنها هەر بە مصادقە ناوەستێت بەڵكو دەتوانێت گواستنەوە بكات لە نێوان بەشەكانی بودجە .
2- بەدەنگی زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی ئەنجومەن مصادقە و ڕەزامەندی دەرئەبڕن لەسەر وەرگرتنی بەخشش و دیاری و هاوكاریەك كەپێشكەشی ئەنجومەن دەكرێت لەلایەن و ڕێكخراوی ناوخۆیی یان نێودەوڵەتی.
چوارەم : تایبەتمەندێتی (اختصاصی) چاودێری كردن لە لایەن ئەنجومەنی پارێزگا
ئەنجومەنی پارێزگا چاودێری وسورپەرشتی و بەدواداچوون دەكات بۆ ئەو كاروبارە كارگێڕیانەی لە لایەن فەرمانگە و دامەزراوەكارگێڕیەكانی پاریزگاكە ،ئەمەش بۆ دڵنیابونەوەیە لەوەی ئایا دەرامەتە دارایی ومرۆییەكان لە پێناو جێبەجێكردنی پلانی كارگێڕی وبەدیهێنانی ئەو ئامانجانەیە كە بۆی دیاری كراوە.لەم پێناوەشدا ئەنجومەن دەتوانێت بەدواداچوون بۆ كارە ئەنجام دراوەكان بكات لەسەر گلەیی و ناڕەزایی هاوڵاتیان داوای لێپرسینەوە لە بەڕێوبەرەكان بكەن و ناوبەناو سەردانی فەرمانگەكان بكەن و لێكۆڵینەوە و پشكنین بكەن و لەباش بەڕێوەچوونی خزمەتگوزاریەكان دڵنیاببنەوە هەروەها ڕیزبەندی بۆ پێویستیەكانی پارێزگا دیاری بكەن لە هەموو بوارە خزمەتگوزاریەكان لە پارێزگاكەداو چاودێری بەڕێوەبردنیانبكەن جگە لە دادگا ویەكەسەربازیەكان و پێشمەرگەو زانكۆو كۆلێجەكان وپەیمانگاكانی فێركردنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وئەو فەرمانگانەی كە تایبەتمەندی فیدراڵیان هەیە. 
پەیوەست بە بابەتی اختصاصەكانی ئەنجومەنی پارێزگا ، پێمان باش بوو ، یاسادانەری هەرێم زیاتر ووردەكاربوایە لەوەی پەیوەندی هەیە بە دیاریكردن وداڕشتنی سیاسەتی گشتی ئەنجومەنە خۆجێیەكان ، پشت بەست بەچەند سەرچاوەیەك لیستێك دەخەمە ڕوو بۆ فراوان كردنی ئاسۆی بیركردنەوەی خوێنەرانی ئەم بابەتەو وەك پێشنیازێكیشە بۆ مشرع لەم بارەیەوە :
 
1- بڕیاردان لە دروست كردنی خوێندنگەی بنەڕەتی و ئامادەیی ( 12 پۆلی ،18 پۆلی ،24 پۆلی) .
2- دروستكردنی پرد وبەرزە پرد و یەكتربڕەكان لە پارێزگاو ناوچەكانی دیكە.
3- دامەزراندنی بنكەی تەندروستی و نەخۆشخانەی ( 50 قەروێڵەیی و 100 قەرەوێڵەیی) وزیاتر لە پارێزگاو ناوچەكانی وەك لادێ‌ و ناحیە و قەزاكان و دابین كردنی پێداویستی.
4- بنیاتنانی ڕێگای ناوخۆیی ونێوان پارێزگاو ناوچەكانی دیكەو قیرتاوكردنی بۆ كارئاسانی گواستنەوەی نێوان ناوچەكان.
5- دامەزراندنی بنكەی پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆ و بەشەكانی دیكە لە پێناو دابین كردنی ئاسایشی هاوڵاتیان.
6- گرنگی دان بەو بنكە تەندروستی وتیمانەی كارلە سەر خۆپارێزی لە نەخۆشیە گواستراوەكان دەكەن.
7- دروستكردنی باخچەی ساوایان ودایەنگای حكومی و مۆڵەتدان بەكاركردن لەم بوارەدا وبە چاودێری وسەرپەرشتی بەردەوامی لایەنی حكومی پەیوەندیدار.
8- بنیاتنانی خانوو شوقەی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانی ناسودمەند و هاوڵاتیانی كرێچی .
9- دروست كردنی بەشی ناوخۆیی شیاو بۆ خوێندكاران و دابین كردنی كەلوپەل و پێداویستی بۆیان.
10- دروست كردنی كتێبخانەی گشتی وسەنتەری ڕۆشنبیری لە یەكە خۆجێیەكان.
11- كردنەوەی سەنتەری گەنجان بۆ برەودان بە توانا جۆراوجۆریەكانی وەك (هونەری و زانستی )
12- گرنگی دان بە لایەنی وەرزشی بە هاوكاری كردنی یانەكان و دروست كردنی گۆڕەپان ومەلەوانگە و یاریگا بۆ یاریە فەردیەكان و بەكۆمەڵەكان.
13- كردنەوەی بازاری وەرزی بۆ یارمەتیدانی جوتیاران و دەرفەت ڕەخساندن بۆ فرۆشتنی بەرهەمەكانیان و لەو وەرزانەدا ڕێگری لە هاتنی بەرهەمی دەرەكی بگیردرێت بۆ ئەوەی نرخی كاڵاكانیان دانەبەزێت.
14- پشتگیری پیشەوەرانی ناوخۆیی لە ( خاوەن كارگەكان و ئاسنگەران و دارتاشەكان وپیشە دەستیەكانی دیكە ) بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆیی برەوی پێبدرێت وكەرتی تایبەت گەشە بكات.
15- گرنگی دان بەكەرتی گەشتیاری بەتایبەت سروشتی كوردستان زۆر ڕەخساوە بۆ ئەو مەبەستە لە بوونی چەندین هاوینە هەوار بۆ ئەم مەبەستەش هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی گەشت و گوزاری هەرێم بكرێت بۆ ئەو مەبەستە.
16- گرنگیدان بە بۆنەو یادە نیشتمانیەكان و بەهاوكاری حكومەت كار بۆ بەرزاڕاگرتنی بكرێت ودووربخرێتەوە لەوەی سیمای حیزبی وەربگرن وەك یادی شەهیدانی هەڵەبجە و كارەساتی جینۆسایدی ئەنفال و ڕاپەڕین و یادەكانی دیكە.
17- هاوكاری ماددی ومەعنەوی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ڕاگەیاندنی ئەهلی وسەربەخۆ چونكە ئەمانە ڕەگەزی سەرەكی دیموكراسی هەر دەوڵەتێكن.
18- بنیاتنان و بەڕێوبەردنی پرۆژە خزمەتگوزاریەكانی وەك ئاو وكارەبا ، داهاتی ئەو جۆرە خزمەتگوزاریانە بۆ برەودان بە پێویستیەكانی خۆیان خەرج بكرێتەوە,
19- سوود وەرگرتن لە كۆمپانیا ناوخۆیی ودەرەكیەكان بۆ ئەوەی بەشداریان هەبێت لە بینینی هەندێك ئەركی كۆمەڵایەتی بۆ ئەو ناوچانەی كاری تیادەكەن بەتایبەت لەم كاتەدا كەژمارەیەك كۆمپانیای نەوتی جیهانی لە كوردستان كاردەكەن.
20- هاوكاری كردنی حكومەت بۆ دانانی پلانی B بۆ كاتی قەیران وكارەساتە سروشتی ومرۆییەكان ،خوا لەم ووڵاتەی لابدات.
21- سازدانی كەمپینی ناو بەناو كۆمەك كۆكردنەوە بۆ هەر لایەك پێویستی پێبێت و پتەوكردنی گیانی هاونیشتمانی بوون لە نێوان سەرجەم ناوچەكانی كوردستان.
22- دروست كردنی باخچە لە گەڕەكەكان وزیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە یەكە كارگێڕیەكان و گرنگیدان بە ژینگە و پاراستنی.
23- كردنەوەی نوسینگەی هەلی كارو ڕەخساندنی دەرفەتی كار بۆ گەنجان.
24- گرنگیدان بە لانەی ئارام  بۆ پیر و منداڵی بێ سەرپەرشت.
25- دامەزراندنی كارگەی لە قتونانی میوەو بەرهەمە ئاژەڵیەكان لە گوند وناحیەكان .
26- هاندانی نوسەران و هونەرمەندان ومامۆستایان وخوێندكاران بە چاپكردنی كتێب و بەرهەمەكانیان وپێدانی خەڵاتی ساڵانە.
27- چاودێری هێنانی دەرمان و خواردن و خواردنەوە بكرێت لە ڕێگەی گرنگیدان بە نوسینگەكانی كوالێتی كۆنترۆڵ لەمەرزەكان.
28- ڕێكخستنی هاتنی بیانی و ئاوارەكان ودانانیان لە كامپەكان بۆ ئەوەی دیموگرافی شارەكان نەگۆردرێت.
29- ساڵانە پێشبڕكی َ سازبكرێت بۆ پێشكەش كردنی پرۆژەی ئەندازیاری و ئاوەدانكردنەوە لە پارێزگا و قەزاكان وناحیەكان.
30- هاوكاریكردنی بەڕێوبەری فەرمانگەكان لەسنوری یەكە كارگێڕیەكان بە پێدانی زانیاری ڕاست ودروست لە بارەی كێشەكانی هاوڵاتیان وببنە پردی پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و بەرپرسانی كارگَڕی لە ناوچەكانی خۆیان.
 
وەك نمونە ئەو بوارانەم خستە ڕوو ، ئەندامانی بەڕێزی ئەنجومەن دەتوانن بە پێشنیازەكانیان بابەتی زیاتر بخەنە ڕوو.
لایەنێكی دیكەی ناوپارێزگا بریتیە لە پارێزگار كە بەرپرسی یەكەمی جێبەجێكردنە لە پارێزگاكەدا و لەبەردەم ئەنجومەندا بەرپرسەو هەیە ، دووجێگری هەیە ، پارێزگار لە ڕووی ماف و خزمەتی فەرمانیەوە بە پلەی تایبەتی ( وەكیلی وەزارەت) دەبێت.
بەگوێرەی ماددەی (19) لە یاسای پارێزگاكانی هەرێم ژمارە (3) ی ساڵی 2009 ئەم اختصاصانەی هەیە:
1- ئامادەكردنی پرۆژەی بودجەی پارێزگا بەبەشداری كردن لەگەڵ سەرۆكەكانی فەرمانگە خۆجێیەكان و بەرزكردنەوەی بۆ ئەنجومەن
2- جێبەجێكردنی سیاسەتی گشتی حكومەتی هەرێم لە سنووری پارێزگادا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان.
3- جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانەی كە ئەنجومەنی پارێزگا بە پێی یاسا جێبەجێكراوەكان دەیدات
4- نوێنەرایەتی پارێزگادەكات لەو كۆنگرەو و كۆڕو سیمینارانەی كە بۆیان بانگ دەكرێت.
5- سەرپەرشتی كردنی بەڕێوەچوونی شوێنە گشتیەكان لە پارێزگاداو پشكنینیان جگە لە دادگاكان و یەكە سەربازییەكان و (پێشمەرگە) و زانكۆو كۆلێجەكان وپەیمانگاكانی فێركردنی باڵاو توێژینەوەی زانستی.
6- یەكەم :دەرچوواندنی فەرمانی دامەزراندنی فەرمانبەرانی كارگێڕییە خۆجێكان و تەنسیب كردنیان لەسەر ئاستی پارێزگا لەوانەی لە پلەی حەوتەم بەرەو خوارەوەن لە پەیژەی پلەی فەرمانبەرێتی كە لە یاسادا هاتووە لەوانەی كە دەپاڵێورێن لە فەرمانگە تایبەتمەندەكانی بەپێی پلانی ئەو میلاكانەی لەلایەنە پەیوەندیدارەكان پەسەندكراون.
دووەم: چەسپاندنی فەرمانبەرە خۆجێیەكان لە پارێزگادا لە نێو پەیژەی پلەكانی فەرمانبەرێتی كە لە یاسادا هاتووە.
7- وەرگرتنی ڕێككاری كارگێڕی و یاسایی دەرحەق فەرمانبەرانی كارگێڕییە خۆجێیەكان لەسەر ئاستی پارێزگا.
8- بەرپرسیاریەتی دابین كردنی ئاسایش و نیزام لە پارێزگاداو بۆی هەیە فەرمان بدات بە پۆلیس ودەزگاكانی ئاسایش بە پێی یاسا لێكۆڵینەوە لەو تاوانانەدا بكەن كە لە ناو سنووری پارێزگادا ڕوودەدەن، بەو ناوەی سەرۆكی لیژنەی ئاسایشە لە پارێزگادا.
9- داواكردنی كردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی بنكەكانی پۆلیس دوای پەسەندكردنی ئەنجومەن بەزۆرینەی ڕەهای ژمارەی ئەندامانی.
10- پاراستنی ئاسایش و نیزام و مافی هاوڵاتیان وگیان وموڵكیان و لەباری نەتوانینی دەزگاكانی ئاسایش لە بەدیهێنانیدا ئەم جۆرە كارە دەخرێتە بەردەم وەزیری ناوخۆ و بڕێكی پێویست لە هێز بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە داوا دەكا.
11- یەكەم :ناڕەزایی دەربڕین لە بڕیارەكانی ئەنجومەن لەم بارانەی خوارەوە دەبێ‌:
1-ئەگەر سەرپێچی دەستور یان یاسا كارپێكراوەكان بوو.
2-ئەگەر لە دەسەڵاتی ئەنجومەن نەبوو.
3- ئەگەر سەرپێچی پلانی گشتی حكومەتی هەرێم یان بودجە بوو.
دووەم :پارێزگار بڕیارەكە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەنجومەن لەماوەیەك (15) ڕۆژ زیاتر نەبێ لە مێژووی پێڕاگەیاندنی،لەگەڵ هۆیەكانی ڕەخنەگرتنەكەی و تێبینیەكاندا.
سێهەم : ئەگەر ئەنجومەن پێی داگرت لەسەر بڕیارەكەی خۆی بەبێ‌ لابردنی ئەو سەرپێچیەی كە پارێزگار دەری خستووە ،دەبێ بنێردرێت بۆ دادگای كارگێڕی بۆ ئەوەی بڕیاری لێبدات.
دوازدەم : پارێزگار بۆی هەیە هەندێ‌ لە دەستەڵاتەكانی خۆی بە جێگرەكانی یان قایمقام یاخود بەڕێوبەری ناحیە هەریەك لە كاروباری یەكە كارگێڕیەكە بدات.

ڕەگەزی دووەم : بەخشینی شخصیەی قانونی واتایی بە ئەنجومەنە خۆجێیەكان /

یاسادانەری هەرێم لەیاسای پارێزگاكانی هەرێم ژمارە (3) ی ساڵی 2009 كەسایەتی یاسایی مەعنەوی و زیمەتی دارایی سەربەخۆی بەخشیوەبەیەكە كارگێڕیەكان (پارێزگا و قەزاو ناحیە).
هەموو ئەو دەرەنجامەیاساییانەش لە بەخشینی ئەو شخصیە معنەویە دەكەوێتەوە لێی سودمەند دەبن وبۆیان دەچەسپێت ،بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە لەزۆربەی قەزاكانی كوردستان خواست و داواكاری دانیشتوان هەیە بۆ پارێزگابوون،هەر لەبەر ئەمەش بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەساڵانی پێشوو بڕیاری (ئیدارەی سەربەخۆ) ی بۆهەندێك قەزا دەركرد بەڵام ئەم داهێنراوە لەم یاسایەدا جێگای نەبوەوە ، پێویست بوو ئەندام پەڕلەمانەكان ئاگاداری ئەو بڕیارانەی سەرۆكایەتی هەرێم بوونایەوە بە شێوەیەك لە شێوەكان لەو یاسایەدا جێگایان بكردایەتەوە.
یەكە خۆجێیەكان لە هەرێمی كوردستان وعێراق دابەش بوون بۆ سێ‌ ئاست : پارێزگا + قەزا + ناحیە.
لە فەڕەنسا :
 Arrondissements ناوەند (پارێزگا)
كانتۆن Cantons
Les commune كۆمیتەكان  
 

لە شانشینی یەكگرتوو ( بریتانیا) :
 Counties ناوچە 
ناوچە شارنشینیەكان  Metro Counties
  Non –metrepetiton ناوچە ئاساییەكان  
 
ڕەگەزی سێهەم : دیاری كردنی ئەندامانی ئەنجومەنە خۆجێیەكان بە هەڵبژاردن .
ئاڕاستەی یاسادانەری هەرێم لەسەر ئەو ڕێرەوەیە ئەندامانی ئەنجومەنە خۆجێیەكان هەموویان بە هەڵبژاردن دیاری بكرێن ، هەرلەو پێناوەشدا یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاكانی ژمارە (4) بۆ 2009 ی  دەركرد.كە پەیڕەوی لیستی نیمچە كراوی تیاكرابوو بەپێی دواهەمین هەمواركردنی.
ئەو كەسەی خۆی دەپاڵێوێت بۆ ئەندام بوون لە ئەنجومەنە خۆجێیەكان پێویستە ئەم مەرجانەی تیابێت :
1- پێویستە عێراقی بێت ،ڕەگەزنامەی عێراقی هەبێت چونكە ڕەگەزنامە پەیوەندی قانونی وسیاسی نێوان هاوڵاتی ودەوڵەت دروست دەكات و انتما و پابەندێتی لەنێوانیان پێكدەهێنێت ،ووردەكاریە یاساییەكانی تایبەت بە ڕەگەزنامە (جنسیە) لە یاسای ڕەگەزنامە ژمارە (26) ی ساڵی 2006 ڕوون كراوەتەوە. شیاویەتی یاسایی هەبێت بۆ ئەندام بوونی ئەنجومەنی خۆجێی 25 بیست وپێنج ساڵی تەمەنی تەواو كردبێت لەكاتی خۆپاڵاوتنیدا.
2-پێویستە بۆ پاڵێوراوی ئەنجومەنی پارێزگاكان و ئەنجومەنەكانی خۆجێیەتی قەزاكان بەلانی كەم بڕوانامەی ئامادەیی یان هاوتاكەی هەبێت.
3-پێویستە خۆڕەوشت و ناوبانگی باش بێت و بەهیچ تاوان و كەتنێكی ئابڕوبەر حوكم نەدرابێت.
4-پێویستە بە پێی تۆماری باری شارستانی لە ڕۆڵەكانی یەكە كارگێڕیەكە بێت یان بەشێوەیەكی بەردەوام بۆ ماوەیەك لە دەساڵ كەمتر نەبێت لە ناوچەكە دابنیشێت بەڵام نیشتە جێ بوونەكەی بۆ گۆڕینی دیموگرافی نەبێت.
5-نابێ لە كەسەكانی هێزە چەكدارەكان و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆبێت.
6- نابێ بەشداری لەو تاوانانەدا كردبێت كە ڕژێمی بەعس كردبوونی.
هەمان مەرج بۆ پارێزگار دووبارە دەبنەوە بەڵام تەمەنی پارێزگار دەبێت 30 ساڵی تەواو كردبێت و ئاستی بڕوانامەی زانكۆی بەكالوریوس بێت.
بۆ بەڕای ئێمە ئەو مەرجانە بەس نیە و لە ئاستی پێویستدا نیە بۆ ئەوەی دەستەبەری چوونی ئەندامی شارەزا و لێهاتوو بكات بۆ ئەنجومەنە خۆجێیەكان پێویستە ،هەموار بكرێنەوە.

4-ڕوكنی چاودێری حكومەتی مەركەزی لەسەر ئەنجومەنە خۆجێیەكان
لە سیستمی لامەركەزی ئیداری ئەنجومەنە خۆجێیەكان ، لە ژێر چاودێری پەڕلەمان و دادگا بەدیاری كراوی دادگای كارگێڕی و حكومەتی مەركەزیدان ، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج وڕەخنەشە ،لە دەستوری عێراق 2005 دەق هاتووە لە ماددەی ( 122- بڕگەی پێنجەم) – ئەنجومەنە خۆجێیەكان ناكەونە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی هیچ وەزارەتێك یان لایەنێكی نەبەستراوە بەوەزارەتەوە .
ئەو دەقە دەستوریە ڕەنگی داوەتەوە لە یاسای پارێزگا ڕێكنەخراوەكان بە هەرێمێك ژمارە 21 ی ساڵی 2008 ی هەمواركراو  و یاسای پارێزگاكانی هەرێم ژمارە (3) ی ساڵی 2009 . بەشێوەیەك ڕایەڵەكانی پەیوەندی و چاودێری كردنی حكومەتی مەركەزی پچڕیوە لەگەڵ ئەنجومەنە خۆجێیەكان.
بەم جۆرە لە پایە (ڕوكنێكی) گرنگ دراوە لە سیستمی لامەركەزی( كە چاودێریە لەلایەن حكومەتی مەركەزی)  و لە یاساكەدا ،وونە وباس نەكراوە ، ئەمەش كاریگەری هەیە لە سەر پیادەكردنی لامەركەزی ئیداری بەشێوەیەكی دروست لە هەرێم.
بەڕای ئێمە ئەمە كەلێنێكی دەستوری ویاساییە و تێكەڵ كردنی لامەركەزی ئیداریە لەگەڵ لامەركەزی سیاسی (فیدراڵی) بۆیە پێویستە لە هەمواركردنەوەی یاساكەدا ئەو كەلێن و كەم وكوڕیە چارەسەر بكرێت.


باسی دووەم
لامەركەزیەتی ئیداری لە هەرێمی كوردستان ولامەركەزی سیاسی لە عێراق
دژایەتین یان تەواوكارن ؟

دەستوری عێراق 2005 پیادەی سیستمی ئیتحادی كردوە و لە باری واقعیدا لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق سیستمی فیدراڵی پیادە دەكرێت ئەگەرچی كەم و كوڕی و تێبینی لەسەرە ، لە لایەكی دیكەوە بە یاسای پارێزگاكانی هەرێم  ژمارە (3) ی ساڵی 2009 سیستمی نامەڵبەندێتی كارگێڕی لە هەرێم پیادە دەكرێت لێرەدا  دەبێت ئاماژە بكەین بەوەی ئایا ئەم حاڵەتە دژایەتی و ناكۆكی دروست ناكات لە نێوان اختصاصەكانی حكومەتی مەركەزی (بغداد) و حكومەتی هەرێم (هەولێر) و ئەنجومەنی خۆجێی پارێزگاكانی هەرێم ؟ 
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە ئاماژە دەكەین بە بوونی جیاوازی نێوان ئەو دوو سیستمە پاشان ئاماژە دەكەین بە اختصاصەكاتەكانی حكومەتی مەركەزی و حكومەتی هەرێم و ئەنجومەنی پارێزگاكان:
1-لە دەوڵەتی فیدراڵیدا ، حكومەتی هەرێمەكان اختصاصەكانی خۆیان لە دەستورەوە بۆ دیاری دەكرێت ، بەڵام لە سیستمی لامەركەزی ئیداری ،ئەنجومەنە خۆجێكان اختصاصەكانی خۆیان لە یاساوە بۆ دیاری دەكرێت .
2- لە دەوڵەتی فیدراڵیدا ، هەرێمەكان بەسیفەتی هەرێم بوونیان بەشدارن لە پێكهێنانی دەسەڵاتی یاسادانانی دەوڵەتە فیدڕاڵەكە ، بۆ نمونە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكی پێكدێت لە ئەندامانی هەڵبژێردراو لەو ویلایەتانەی كە ئەمریكایان پێكهێناوە ، ژمارەی ئەندامانیشان لەو ئەنجومەنە یەكسانە ئەگەر چی هەرێمەكان لە ڕووبەر و ژمارەی دانیشتوانیان جیاوازیشیان هەبێت ، بەڵام ئەم نوێنەرایەتیە بە یەكسانی لە دەسەڵاتی یاسادانان لەژێر سایەی سیستمی لامەركەزی ئیداری نابینین.
3-لە دەوڵەتی فیدرالی هەرێمەكان دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری تایبەت بەخۆشیان هەیە ، بەڵام لە سیستمی مەركەزیدا تەنها یەك دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری هەیە كەئەویش مەركەزیە بۆ هەموو وڵاتەكە. چونكە لامەركەزی ئیداری شێوازێكی كارگێڕیە ، بەهۆیەوە وەزیفە كارگێیەكان دابەش دەكرێت لەنێوان حكومەتی مەركەزی و دەستە خۆجێیەكان.
4-هەرێمە فیدراڵەكان دەسەڵاتی تەواو و ڕەهای خۆیان هەیە دور لە چاودێری حكومەتی مەركەز لەو بابەتانەی كە اختصاصی خۆیانەو دەستور دەقی لە بارەیانەوە هێناوە ،بەڵام لە لامەركەزی ئیداریدا ئەنجومەنە خۆجێیەكان دەكەونە ژێر چاودێری حكومەتی مەركەزیەوە .

بەباشی دەزانین ئاماژە بە اختصاصەكانی حكومەتی ناوەند و هەرێمەكانیش بكەین لە دەستوری 2005 ی عێراق، پێشەكی دەتوانین بڵێین دەستوری عێراق لە دیاری كردنی اختصاصەكان پەیڕەوی ڕێگایەكی كردوە تایبەتە بە خۆی و نمونەی كەمە لە سیستمە فیدراڵیە بەراوردكاریەكاندا ،چونكە  هاتوە اختصاصەكانی حكومەتی مەركەزی دیاری كردوە ( علی سبیل الحصر) ئەوەشی ماوەتەوە بۆ هەرێمەكانی بەجێهێشتوە ، هەروەها ئاماژەشی بە كۆمەڵێك اختصاصی هاوبەش لەنێوانیاندا كردوە ، دواتریش هاتوە ئەنجومەنی پارێزگا ڕێكنەخراوەكان بە هرێمێكی بەشداركردوە لە پێدانی هەندێك اختصاص كە پێویست بوو تەنها بە هەرێمی فیدرال بدرایە ، دابەشكاریەكە هەرچۆنێك بوو بێت دەقە دەستوریەكانی ماددەی 110 ئەم اختصاصاتانەیان داوە بە حكومەتی مەركەزی لە بغداد :
1- نەخشاندنی سیاسەتی دەرەوەی عێراق بۆ نمونە ( نوێنەرایەتی دیبلۆماسی و ئەندام بوون لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و بەشداری كۆنگرە نێودەوڵەتیەكان)
2- دیاری كردنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی بەرگری : سەرپەرشتی هێزە چەكدارەكان و ڕاگەیاندنی جەنگ و ڕاگەیاندنی ئاشتی و دانوستاندن و كڕینی پێداویستیە سەربازی و جەنگیەكان.
3- دانانی سیاسەتی دارایی و گومرگی و دەركردنی دراو (  پارە) ـ دامەزراندنی بانكی ناوەندی و بەڕێوەبردنی 
4- ڕێكخستنی كاروباری تایبەت بە كێشانەو پێوانە و ئەندازەگرتن .
5- ڕێكخستنی كاروباری تایبەت بە ڕەگەزنامە و مانەوە و پێدانی مافی  پەنابەری سیاسی .
6- ڕێكخستنی كاروباری پەیوەست بە پەخش و بەرید .
7- دارشتنی بوودجەی ووڵات و وەبەرهێنان.
8- پلاندانان بۆ سیاسەتی تایبەت بە سەرچاوە دەرەكیەكانی ئاوی عێراق و دەستەبەری دابەشكاریەكی دادپەروەرانەی ئاو لە نێوان بەشە جیا جیاكانی عێراق.
9- ئامار و سەرژمێری گشتی .
 اختصاصە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی مەركەزی  و هەرێمەكان.لە مادەكانی (112 و 113 و 114) دیاری كراون بەم جۆرەیە :
1- ڕێكخستنی سەرچاوە سەرەكیەكانی كارەبا و دابەش كردنی .
2- دیاری كردنی سیاسەتی گەشە پێدان و پلاندانان .
3- دیاری كردنی سیاسەتی دەرامەتە ئاویەكان و ڕێكخستن و دابەش كردنی بە شێوەیەكی دادپەروەرانە.
4- بەڕێوەبردنی گومرگ بە هەماهەنگی نێوان هەرێم و ناوەند وپارێزگا ڕێكنەخراوەكان بە هەرێم ئەمەش بە یاسا ڕێك دەخرێت .
5- داڕشتنی سیاسەتی تەندروستی گشتی بە هاوكاری لەگەڵ هەرێم و پارێزگا ڕێك نەخراوەكان لە هەرێمێكدا.
6- دارشتن و نەخشاندنی سیاسەتی پەروەردەیی و فێركردنی بە هاوكاری لەگەڵ هەرێم و پارێزگا ڕێك نەخراوەكان بە هەرێم.
7- نەخشاندنی سیاسەتی ژینگەیی بۆ پارێزگاری لە ژینگە لە پیس بوون و بەهاوكاری نێوان هەرێم و پارێزگا ڕێك نەخراوەكان لە هەرێم.

لێرەدا جێگای ئاماژەپێدانە بڵێین بە هۆی نەبوونی دەستور لە هەرێمی كوردستان كە تیایدا بە دیاریكراوی اختصاصەكانی حكومەتی هەرێم لە هەولێر دیاری بكات ، ئەگەری پێكدادان لە اختصاصەكانی نێوان ئەنجومەنی پارێزگاكان و حكومەتی هەرێم لە ئارادایە ، بۆیە لەم قۆناغەدا كە باس لە ڕاپرسی دەستور و هەمواركردنەوەی پرۆژەكەی دەكرێت پێویستە بەووردی ڕەچاوی ئەم بابەتە بكرێت لە دەستوری هەرێمی كوردستان.

 
نەخشەی ئەو دەوڵەتانەی سیستمی فیدڕالی پیادە دەكەن لە جیهان

باسی سێهەم
هەڵسەنگاندنی یاسای پارێزگاكانی هەرێم ژمارە (3) ی ساڵی 2009

ڕەنگ بێت تاڕادەیەك قورس بێت یاسایەك هەڵبسەنگێنیت ئەگەر بەتەواوی جێبەجێنەكرابێت  و ماوەیەك بەسەر پیادەكردنی تێنەپەڕی بێت ، بەڵام دەكرێت بە خوێندنەوەیەكی زانستی و بەراورد بە چەند یاسایەكی پەیوەست بە كارگێڕیە خۆجێیەكان دەتوانین ئاماژە بە چەند لایەنێكی باش و چەند كەلێنێكی یاسایی بكەین لەو یاسایەدا:
یەكەم : لایەنە باشەكانی یاساكە:
1- دانانی ڕێژەی 30% بۆ كۆتای ژنان ، بەمەش دەرفەت بە ڕەگەزی مێینە دەدات بەشداری بكات لە بەڕێوەبردنی ئەنجومەنە خۆجێیەكان.
2- هاوڕەوت لەگەڵ یاسا پێشكەوتوەكان یەكە خۆجێیەكانی دابەش كردووە تا سێ‌ ئاست ( پارێزگا – قەزا – ناحیە) و شەخصیەی مەعنەوی سەربەخۆ و زیممەی دارایی و سەربەخۆی خۆیان پێبەخشراوە
3- پەیڕەوی ( اسلوبی حصری) كردووە لە دیاری كردنی اختصاصەكانی ئەنجومەنە خۆجێیەكان.
4- جیاكردنەوەی  نێوان دەستەی تقریر كە ئەنجومەنە خۆجێیەكان دەگرێتەوە لەگەڵ دەستەی جێبەجێكار كە سەرۆكی یەكە كارگێڕیە خۆجێیەكان دەگرێتەوە.
دووەم : كەلێن و كەم وكوڕیەكانی یاساكە :
1- ئەو مەرجانەی بۆ ئەندام بوون لە یەكە خۆجێیەكان دانراوە لە یاساكەدا ، سادەو ساكارن بەراورد بەكاری زۆر و گرنگی ئەو ئەنجومەنانە  و دەستەبەری تەواوی ئەوە ناكات هەمیشە  ئەندامی شارەزاو لێهاتوو بچنە ئەنجومەنەكە.
2- بۆ دیاریكردنی سەرۆكی ئەنجومەن و پارێزگا و بڕیاری دیكەی ئەنجومەنەكە دەری بكات یاساكە بەمەرجی گرتووە دەنگی زۆرینەی ڕەهای ئەندامان بەدەست بێت ئەمەش ڕێژەیەكی بەرزەو پرۆسەی دەركردنی بڕیاری سست كردوە .
3- بەووردی اختصاصەكانی ئەنجومەنە خۆجێیەكانی دیاری نەكردوە ئەمەش دەرفەتی تەفسیر و لێكدانەوەی جۆراو جۆر هەڵدەگرێت.
4- یاساكە بابەتی چاودێری حكومەتی مەركەزی لە سەر ئەنجومەنە خۆجێیەكان فەرامۆش كردووە بەمەش ڕوكنێكی گرنگی نامەڵبەندێتی كارگێڕی فەرامۆش كردووە .
5- تاڕادەیەكی زۆر ئەم یاسایە هاوشێوەیەو كاریگەرە بە یاسای پارێزگا ڕێك نەخراوەكان لە هەرێمێكدا ژمارە (21) ی ساڵی 2008ی هەمواركراوە كە لە ناوەڕاست و باشوری عێراق پیادەدەكرێت.ئەمەش نەنگیە پێویست بوو پەڕلەمانی كوردستان یاسایەكی دەربكردایە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بگونجایە و هەوڵ و كۆششی پەرلەمانتاران خۆیان بوایە نەك ( كۆپی) كردنی یاسایەك كە پەڕلەمانی عێراق دەری كردووە.
6- یاساكە ڕێگا چارەسەری بەدیلی بۆ ئەگەرە جۆراو جۆرەكان نیە و ڕەگەزی سزای تیا وونە بۆ نمونە ئەگەر ئەندامان لە ماوەكەی كە دیاری كراوە سەرۆكی ئەنجومەن یان پارێزگایان هەڵنەبژارد بەدیل و سزا چیە؟
 
كۆتایی
دوای ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە دەگەینە چەند دەرەنجامێك كە بەپوختی لەچەند خاڵێكدا دەیخەینە ڕوو :
1-نامەڵبەدێتی كارگێڕی خۆجێی( بەڕێوەبردنی خۆجیی) ڕێگەیەكە لە ڕێگەكانی بەڕێوەبردن و ڕێكخستنی كارگێڕی بەگوێرەی ئەوە اختصصە كارگێڕیەكان دابەش دەبێت لە نێوان حكومەتی مەركەزی و ئەنجومەنە خۆجێیەكان كە ئەندامەكانی نوێنەرایەتی دانیشتوانی یەكە كارگێیەكە دەكەن ، لەژیر سەرپەرشتی و چاودێری حكومەتی مەركەزی ، لەووڵاتانی پێشكەوتوو گرنگی بەم بابەتە زۆر دەدەن و لەكاتی ئێستا لە زانكۆ پێشكەوتوەكانی جیهان وەك بابەتێكی سەرەكی دەخوێندرێت و پەیمانگای تایبەت بە ( بەڕێوەبردنی خۆجێی) هەیە و ساڵانە كۆنگرەی نێودەوڵەتی بۆ برەودان بەم جۆرەی نامەڵبەندێتی دەبەسترێت.
2- بەڕێوەبردنی خۆجێی ( نامەڵبەندێتی كلارگێڕی ناوچەیی) ڕەگەز و ڕوكنی تایبەتی خۆی هەیە كەدەتونرێت لە چوار ڕەگەزدا كۆبكرێتەوە ( داننان بە بوونی بەرژەوەندی ناوچەیی وسپاردنی بە ئەنجومەنە خۆجێكان بە یاسا ، وبەخشینی شخصیەی مەعنەوی بە ئەنجومەنە خۆجێكان و پەیڕەو كردنی هەڵبژاردن بۆ دیاریكردنی ئەندامانی ئەنجومەنەكان و بوونی چاودێری كارگێڕی حكومەتی مەركەزی لەسەر ئەنجومەنەكان).
3-تێكەڵ كردن هەیە لە نێوان اختصاصەكانی نێوان حكومەتی مەركەزی ئیتحادی و ئەنجومەنی پارێزگاكان .سەرەڕای ئەوەش یاسادانەر بەووردی اختصاصەكانی ئەنجومەنی پاریزگاكانی دیاری نەكردوە.
4- یاسادانەری هەرێم بابەتی چاودێری حكومەتی هەرێمی كوردستانی لە سەر ئەنجومەنەكان پشتگوێخستووە ، پێویستە ئەم ڕەگەزە گرنگە ڕەچاوبكرێت ئەویش بە پەیڕەوكردنی یەكێك لەو دوونمونەییە ( فەڕەنسا و ئینگلتەرا) كە لە لێكۆڵینەوەكەدا خستومانەتەڕوو.
5- دارشتنی پەیڕەوێكی ناوخۆیی نمونەیی بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم چونكە بەسەردانی كردنمان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێیان ڕاگەیاندین ئەوان دوای ماوەیەك توانیویانە ئەو پەیڕەوە ناوخۆییە دابڕێژن و هەر ئەو پەیڕەوەشە براوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر.
6- بەهێزكردن وزیادكردنی مەرجی باشتر بۆ ئەندام بوون لە ئەنجومەنی  پارێزگاكان بۆ ئەوەی دەستەبەری بەئەندام بوونی باشترین نوێنەر  بكات لە ڕووی باشترین وشارەزاترین ئەندام.
7-زەمینە سازی خۆش بكرێت لەسەر ئاستی سیاسی و جەماوەری و ئەكادیمی و كارگێڕی بۆ سەركەوتنی پرۆسەی نامەڵبەندێتی كارگێڕی خۆجێی لە هەرێمی كوردستان.

زیاتر بخوێنەوە