/   بیروڕا
دەست بەرداری پۆستی یاسایی خۆم بووم
ئەكرەم شەریف محەمەد
2017-04-24
روونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی......
دەست بەرداری پۆستی یاسایی خۆم بووم
ئەکرەم شەریف
(جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی)
لای هەمووان ئاشکرایە لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا ستەمێکی یاسایی و کارگێڕی لە بەندە کرا بەشێوەیەکی نایاسایی لە پۆستی (جێگری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) بەهۆی ململانێکانی ناو یەکێتیەوە لادرام. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی زۆری فراکسیۆنەکانی ناو ئەنجومەن وسەرۆکی ئەوکاتی ئەنجومەن (لە ڕووی یاساییەوە) ئەنجامدەری سەرەکی ئەو پێشێلکارییە بوون.
هەرچەندە هەر زوو ڕێکاری یاسایم گرتە بەر و تانەم لەو بڕیارە سەپێنراوە دا، خۆشبەختانە ڕۆژی ٢٠ / ١١ / ٢٠١٦ بە بڕیاری ٢٣-ک / ٢٠١٦ دادگای کارگێڕی سلێمانی بە کۆی دەنگ بڕیارە سەپێنراوەکەی هەڵوەشاندەوە ، داواکاری گشتیش پشتگیری و پەسەندی هەڵوەشاندنەوەکەی کرد.
لە بریارەکەی دادگادا بەڕوونی هاتووە کە لادانی من لە پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن هیچ بنەما و پشتیوانیەکی یاسایی نی یە و بە هەڵوەشاوە دادەنرێت ئەوەش بەو مانایە دێت جێگری ئێستای ئەنجومەنی کە لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕانە نایاساییە .
ئەوەی جێگەی بێ ئومێدی و سەرسوڕمانە، خۆسەپێنەکان ، نەک پابەند نەبوون بە بڕیاری دادگاوە بەڵکو سوور بوون لەسەر خۆسەپاندن، لەگەڵ ئەوەشدا بزوتنەوەی گۆڕان کە خۆی بە پارێزەری یاسا دەزانێت بڕیارەکەی دادگای پێشێل کرد و ئامادە نەبوو جێبەجێ بکات.
لە سەر ئەو بنەمایە ، لە ماوەی ڕابردوودا لە لایەن دلسۆزانی ناو یەکێتیەوە لە ئاستی باڵا ، چەندین پۆستم لە ئاستی جیاوازدا بۆ پێشنیار کراوە ، بەشێک لە پێشنیارەکان بەهۆی ململانێی ناو باڵەکانەوە جێبەجێ نەدەکران و بەشێکیشیانم رەدکردەوە.
دواجار بۆ کۆتایهێنان بەو قەیرانە سیاسی، یاسایی و ئیدارییەی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دروستبووە ، لە ژێر فشارو داوای دۆستانم لە ئاستی باڵا رازی بووم ، پۆستی قائیمقامی قەزای سەیدسادق وەربگرم (لە کاتێکدا لە ڕووی کارگێڕییەوە، ئەندامی ئەنجومەن پلەی فەرمانبەرێتی لە پۆستی قائیمقامی قەزا بەرزترە) بەڵام لەبەر خۆشەویستیم بۆ دانیشتوانی شارەکەم ( سەیدسادق) بە ناچاری داواکارییەکەم بە کۆمەڵێک سەرنجەوە پەسەند کرد.
بۆ ئەو مەبەستە نووسراوی فەرمیم بۆ کرا و چەند قۆناغێکی سیاسی و یاسایی و ئیداری بڕی بەڵام جارێکی تر بەهۆی ململانێکانەوە گرفتی بۆ دروستبوو یە وە ، کە بە دیوێکدا پێم باش بوو چونکە لە بنەڕەتدا سەرنجم لە سەر ئەو پۆستە هەبوو ، بە دیوێکی تردا جارێکی تر پێم باش نەبوو چونکە دەرخەری ئەو راستیەیە کە ململانێکان لە جێگەی خۆیاندان و چارەسەر نەکراون.
ئەوەی پەیوەندیدارە بە ئەنجومەنی پارێزگاوە:-
لە کاتێکدا ئەرکی ئەنجومەنە بە پێی بڕیاری یاسایی هەر نوسراوێک لە لایەن پارێزگارەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنەکە بکرێت بۆ دەستنیشانکردنی بەرپرسی پۆستە ئیدارییەکان (قائیمقام، بەرێوەبەری ناحیەکان) دەبێت لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا بکرێتە کارنامەی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنەوە، کەچی جارێکی تریش بەداخەوە ئەنجومەن نەیتوانی خۆی لە ژێر هەیمەنەی چەند کەسێکی ناوحزبدا دەربکات کە بەشێوەی نایاسایی ئاڕاستەی دەکات کە دیسانەوە پێشێل کاری یەکی دیکەی یاسایی ڕوونی ئەنجام دایەوە ، کە بەڕاستی دەسەڵاتی ئەنجومەن بەتایبەتی سەرۆکایەتی ئەنجومەن ، لە ئاست ئاڕاستەکردنە حیزبی و نایاساییەکاندا جێگەی تێڕامان و هەڵوێستە لەسەر کردنە ، لەگەڵ ئەوەشدا بێدەنگی فراکسیۆنەکانی دیکەی ناو ئەنجومەن لە ئاست پێشێلکارییە یاساییەکاندا جێگەی پرسیار و سەرسوڕمانە ؟!!
کە بە داخەوە لەو چوارچێوەیەدا چەندین جارە کۆبوونەوەی بەرزترین دەزگای چاودێری و هەڵبژێردراوی پارێزگای سلێمانی دوادەخرێ بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو کێشە سیاسی و یاسایی و ئیداریانە بکرێ، بەڵام بەداخەوە نیەتی جدی و ڕاستگۆیانە نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان .
ئێستا ئەنجومەن لە قەیرانێکی یاسایی قوڵدایە ، بە پێی یاسا من جێگری سەرۆکی ئەنجومەنم ، بەپێی ڕێککەوتنی سیاسی ( یەکێتی و گۆڕان) بەڕێزێکی تر بۆ ئەو پۆستە دانراوە ، بە نایاسایی یاسا بە سەر مندا فەرزکراوە.
بۆیە بەندەش دوای ڕاوێژکردن و تاوتوێکردنێکی وردی بابەتەکە ، لەگەڵ ژمارەیەک دڵسۆز و بەرپرس و خوێندنەوەی ووردی دۆخی یاسا و ژینگە کە ، گەشتمە ئەو بڕوایەی ، کە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و چارەسەری ئەو کێشە سیاسی و یاسایی و ئیداریانەی ئێستا ئەنجومەنی تێدایە و لەبەر دۆخی یەکێتی ، ئەم چەند خاڵە بۆ ڕای گشتی بخەمە ڕوو :
١- بەداخەوە دوای پێشێل کردنی یاسا لە ٢٥ / ٨٨ ی ساڵی ڕابردوو ، لە ئەنجومەنی پارێزگا ، جارێکی تر هەندێک سیناریست بە سیناریۆی جۆربەجۆر دەیانەوێت کێشەیەکی دیکە بۆ سەر کێشەکانی یەکێتی زیاد بکەن ، لەسەر پۆستی قائیمقامی سەیدسادق و بەندەش بکەنە ناونیشانی کێشەکە ، بۆیە لێرەوە بە هەمووانی بەڕێزی ڕادەگەیەنم کە بەندە هەرگیز ڕازی نابم و ئامادە نابم ونیم ، پۆستێک وەربگرم کە ڕەزامەندی کۆی یەکێتی لەسەر نەبێ .
٢- لە ئێستاوە ، لەسەر داوای بەڕێز جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی ( ی . ن . ک ) دەست بەرداری پۆستی یاسایی خۆم کە ( جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ) یە ، دەبم و وەک ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگا ئەرک و دەسەڵاتەکانی خۆم پیادە دەکەم .
٣- لای من باجی قورسی هەڵوێستی نەگۆڕ ، لە دەسکەوتی گەورە و پاداشتی جۆربەجۆر و پلە و پۆست گرانتر و سەنگین ترە ، من پێم وایە ( بەڵێن بردنە سەر و ئیرادەی بەهێز و سەربەست بوون ) بنەمای ژیانن و میداڵی شکۆمەندین و هەرگیز ناتوانرێ بە بەرۆکی تاکی بێ ئیرادەوە بۆ هەمیشە بمێنێتەوە .
٤-بە ئەرکی دەزانم سوپاسی ئەو دۆستانەم بکەم کە لە ماوەی ڕابردوو ماندوم کردن و تا ئەم ساتەش هاوکار و پشتیوانم بوون .
٥- زۆر سوپاسی بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەم کە پیشەییانە بۆ پشتگیری لە سەروەر بوونی یاسا پشتیوانی کەیسەکەی من بوون ، کە خۆشبەختانە هەنگاوی گەورەمان هەڵگرت لەم ژینگەیەدا !!
هەر ئاوەدان بێت کوردستان
لەگەڵ ڕێزدا
2017-04-24