/   بیروڕا
رێکخستنەوەی پێشمەرگە...
د.رێبوار كریم محمود
2019-07-22

د.رێبوار کریم محمود
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

ساڵانی رابردودا حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان لەپرسی پێشمەرگەدا نەیانتوانیوە رێک بکەون. گرنگترین بابەتی سەرەکی رێکنەکەوتنیش ئەم خاڵانەی خوارەوە بوە:
یەکەم: گرفت لەو ژمارە پێشمەرگەیەی کە لە چوارچێوەی سیستەمی بەرگری عیراقدا جێدەکرێتەوە. بەردەوام بەغداد ژمارەی کەمی قبوڵ بوە. هەرێمیش ژمارەی زۆری داواکردوە.
دووەم: گرفت لەپڕچەککردنی پێشمەرگە. بەوپێیەی بەپێی دەستور، پێشمەرگە بەشێکە لەسیستەمی بەرگری عیراق، کەواتە پڕچەککردن و راهێنانیشی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو سیستەمە. بەڵام حکومەتی عیراق تا ئێستا لەنزمترین ئاستدا ئەو کارەی ئەنجامداوە.
سێیەم: موچەی پێشمەرگە کێشەیەکی سەرەکی بوە. تا ئەم ساتەش بەغدا ئامادەنیە موچەی تەواوی پێشمەرگە بدات. ئەمەش راستەوخۆ پەیوەندی بە دیاریکردنی ژمارەی پێشمەرگەوە هەیە.
ئێستا چی بکرێت؟
ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە بەیەکجاری مەلەفی ماف و ئەرکی پێشمەرگە لەعیراقدا چارەسەربکرێت. لەمەشدا گرنگە هەرێم بەخێرایی هێزی پێشمەرگە رێکبخاتەوەو لەسەر تەواوی مافەکانی پێشمەرگە رێکبکەوێت. بەدڵنیاییەوە لەبەرامبەر پێدانی مافدا، بەغدا داوای ئەرک لە پێشمەرگە دەکات. دەبێ هەرێم لەسەر ئەرکی پێشمەرگەش رێکبکەوێت لەچوارچێوەی سیستەمی بەرگری عیراقدا.
گرنگی رێکخستنەوەی پێشمەرگە لەوەدایە کە لەعیراق فشارەکان بۆ رێکخستنی سوپاو هێزە ئەمنییەکان رۆژبەرۆژ لەزیادبوندان. وەک بینرا سەرۆکوەزیرانی عیراق (عادل عبدالمهدي) رۆژی (۱_ ۷_ ۲٠۱۹) و بەبڕیاری ژمارە (م.ر.و / د٦ / ٥۹ / ۱٠٠٤٠) تەشکیلاتە جیاوازەکانی حەشدی شەعبی رێکخست.
ئەگەرچی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی سەرۆکوەزیران کات و زەمینەیەکی باشی دەوێ. بەڵام ووردە ووردە ئەم بابەتە بوەتە قەناعەتێکی سەرەکی و کاریگەری لەسەر رێکخستنەوەی کۆی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراق دەبێت. 
هەر دواکەوتنێک لەرێکخستنەوەی پێشمەرگە کاریگەری خراپی دەبێ لەبەدەستهێنانی مافە دەستورییەکانی پێشمەرگە. گرنگە ئەم کابینەیەی ئێستای حکومەتی هەرێم ئەم ئەرکی رێکخستنەوەیە بەزوویی ئەنجام بدات.

زیاتر بخوێنەوە