ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
هاوڵاتی بەڕێزو خۆشەویست ئەگەر لەچەند هەفتەی ڕابردوودا باوەڕت بە مەترسیەکانی ئەم بەڵا کوشندەیە نەکردوە کە ناوی (کۆرۆنا) یە ئەوە پێویستە چیتر بەئاسایی وەرینەگریت ئێستا هەموومان لەماڵەکانمان لەڕێی تیڤیەکانەوە ئاگاداری خێرا بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسەو مەترسیە گەورەکانین، بۆیە تکایە بابیرێ بکەینەوە ئێمە میللەتێکین کیمیایی و ئەنفال و سێدارەو ئاوارەیی و دەربەدەری و کوشتن و بڕینی زۆرمان بەسەرهات زۆر میللەت و وڵات لەدنیادا هەن کە هیچ جۆرێك لەو نەهامەتیانەیان بەسەر نەهاتوە کەبەسەر ئێمەدا هاتوە بەڵام ئێستا زەلیل و دەستەودامانن بەدەست ئەم ڤایرۆسەوە، دە ئەمجارە کە ئەوان گیرۆدەو زەلیلن با ئێمە گیرۆدەو زەلیل نەبین و بە کەمترین زیان لەم بارە ناهەموارە دەرچین ، دەبا بە ئەقڵ و وریایی و هۆشیاریەوە لەگەڵ ئەم نەخۆشیە دا مامەڵە بکەین.....
با واز لە کەلەڕەقی و کەمتەرخەمی بهێنین......
باواز لەسۆزو عاتیفە بهێنین مەڵێ وەڵا خوای گەورە چی نووسیبێت دەبێ ڕووبدا خوای گەورە بۆیە ئەقڵ و دەست و چاو و زانست و ئەم هەمووشتەی پێداوین بۆئەوەی بەکاری بهێنین، جا ئەگەربەو بۆچوونە هەڵەیە بێت، ئەگەر لەشەقامێکدا ئۆتۆمبێلێك بەرەو ڕووت هات، خۆت لامەدە بالێت بدا نەکا خوای گەورە بۆی نووسیبیت ، تکایە با واز لە سەیران و چوونە ناو قەرەباڵغی بهێنین ، با ڕێنماییە تەندروستیەکان جیبەجێ بکەین...
با لەماڵەکانمان بمێنینەوە.....
تکایە ئەگەر بەزەییت بەخۆتا نایەتەوە بەزەییت بە جگەرگۆشەکانتا بێتەوە ئەگەر منداڵت نیە بەزەییت بەدایک و باوکتا بێتەوە ئەگەر دایک و باوکت نیە بەزەییت بەخوشک و براکانتا بێتەوە ئەگەر کەست نیەو بێکەسی بەزەییت بەهاوشاری و هاونیشتمانیەکانتا بێتەوە ئەگەر هەست و ئینتیمای نەتەوەییشت لاوازە بەزەییت بە ئیماننتا ببێتەوەو لەبەر خوا کارێ مەکە خۆت و خەڵکیش تووشی کارەسات و ماڵوێرانی بکەیت ، تکایە تاکو بارودۆخەکە بەتەواوی لەدەست دەرنەچوە با بەئەقڵ و هۆشیارییەوە مامەڵە بکەین پێشتریش لەنووسینێکا لە (15/3/2020)دا ئاماژەم بەوەدا کە نەتوانای ئیداری نەتوانای تەندروستی ئەم هەرێمە لەئاستی ئەو وڵاتە گەورانەی جیهان نیە کە ئێستا بارزدۆخەكەیان لەدەست دەرچوە ئێستاش دووبارەی دەکەمەوە خوانەکردە ئەگەر لەهەرێم بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە بگاتە دوو سەد کەسێک ئەوە زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوەو زۆر زەحمەتیشە کۆنترۆڵ بکرێت....
بۆیە تکا دەکەم پێش ئەوەی جارێکی تر تووشی کارەساتی مرۆیی گەورە ببین باهەریەکەمان بەرپرسیارانەو هۆشیارانە مامەڵە بکەین وبەهەموو توانامانەوە ڕێگر بین لە بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە.....
بەهیوای یەکڕیزی هەموولایەک و زاڵبوون بەسەر ئەم پەتا مەترسیدارەدا.