/   بیروڕا
مووچەکانتان مەخەنە سەر حساب بانکی ئەنجومەنی وەزیران
رێكەوت محەمەد زەكی
2020-04-05
رێکەوت زەکی
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
١/ لەسەرەتاوە داواو تکا لەسەرجەم ئەنجومەنی زانکۆکان و مامۆستایانی زانکۆکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە دەکەم نەچن بەدەم بانگەوازەکەی وەزارەتیان و موچەی خۆیان نەخەنە سەر حسابی بانکی ئەنجومەنی وەزیران، چونکە حکومەتی ھەرێم باج و رسومات و گومرگ وەردەگرێت و داھاتی ناوخۆی ھەیە، پارەی لەحکومەتی بەغداوە بۆ دێت، پارە لەھاوپەیمانان وەردەگرێت، کۆمەک و ھاوکاری لەسەرمایەداران وەردەگرێت (تەنیا لەچەند رۆژی سەرەتادا ١٨ ملیۆن دۆلار)، نەوتی خۆی دەفرۆشێت و ماوەیەکی زۆر نەوتی کەرکوکیشی دەفرۆشت، قەرز لەکۆمپانیا نەوتیەکان وەردەگرێت، لە سالێکدا لەبری ١٢ موچە ٩ ی دەدات، کەچی ھێشتا چاوی لەموچەی مامۆستایەکە کەدوێنێ لەپاشەکەوتی مووچە رزگاری بووە و تا جەژنی رەمەزانیش یەک موچەیتر وەردەگرێتەوە!
٢/لەسنوری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین ٨ زانکۆو دەستە ھەن، ئەو پۆستانەی کەداوای لە ٢٥٪ ی موچەکانیان لێکراوە بەنزیکەی دەگاتە ١٠٠ ملیۆن دینار کە ( ٥٠٠٠ پێنج ھەزار) پاکێجی خواردن دەکات، لەکاتێکدا زۆربەی زۆری مامە حاجی و باجیەکانی کۆلێژو زانکۆکان لەھەژارترینی کۆمەڵگەن و پێش ھەموو کەس کۆمەک و دەستگیرۆیی بەوان رەوایە نەک حسابەکەی ئەنجومەنی وەزیران! گەرمیان و راپەرین و چەمچەمال و ھەڵەبجەو سلێمانی کەخاوەنی زانکۆن لەسنورەکانی خۆیان دەیان و سەدان مالە ھەژاری لێیە ئیتر بۆچی پارە بخەنە سەر حسابێک کەلەوسەرەوە بەناوی دەزگایەکی خێرخوازیەوە بۆیان بکەن بەچەند کارتۆنێک خواردن!
٣/ ھەربۆخۆی ئەو ھەموو برە پاشەکەوتەی وەک قەرز کەلای حکومەتە گەورەترین دەستگیرۆیی و دەعمی مامۆستایان و فەرمانبەرانە بۆ حکومەتی ھەرێم! ئەگەر بابەتەکە خۆ شیرین کردنە تەنھا داھاتی زانکۆکان بۆ ئەمسالی خوێندن کەخراوەتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی نزیکەی ٥ ملیار دینارە فەرمون لەوە بیدەن! ئەگەر بۆ دەستگیرۆیی خوێندکاریشە فەرمون نیوەی ئەو پارەیەیان بۆ بگێرنەوە کەکرێی خوێندنی ئەمسالیانە!