/   بیروڕا
ژمارەو قسەکانی خۆتان بیردێنمەوە!
د.رێبوار كریم محمود
2020-04-16

 د.رێبوار کریم محمود
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

لەوکاتەوەی بەزمی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتوەتە ئاراوە، بەردەوام گوێبیستی ئەوە ئەبین کە پارە بۆ بەرەنگاربونەوەی تەرخانکراوە. بۆ ئەوەی خەڵک بەلارێدا نەبرێت ئەم خاڵانە دەخەینەڕوو:
1. هەرێم رایگەیاندوە کە بودجەیەکی بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا تەرخانکردوە، کەس نازانێ چەندە؟ بە چ پێوەرێک دابەش دەکرێ؟ کەسیش لەنێو حکومەت و پەرلەمانی کوردستان لەسەر ئەم بابەتە قسە ناکات. جگەلە هەندێ پەرلەمانتار.
2. بەغدا ۳.٥٠٠.٠٠٠.٠٠٠ سێ ملیارو نیو دیناری بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا بۆ هەرێم ناردوە. کەس نازانێ چی لێهات! چۆن و کەی دابەش دەکرێ بەسەر پارێزگاکاندا؟
3. هەرێم لە دەوڵەمەندەکان زیاتر لە ۲٠ ملیۆن دۆلاری کۆکردۆتەوە، کەس نازانێ کەی و چۆن دابەش دەکرێت؟!
4. هەرێم داوای کردوە بەغدا پارەیتریشی بۆ بنێرێت لەو بڕە پارەیەی بۆ خەلکی کەمدەرامەتی دابینکردوە. بەغدا دەیەوێت زیاتر لە نیو ملیار دۆلار تەرخان بکات، ئەگەر رازی بێت لەوانەیە زیاد لە (۸٠) ملیۆن دۆلاری بگاتە هەرێم. بەڵام بەم سیاسەتەی ئێوە لەوانەیە دواتر هەر بڵێین (کوا؟ چی لێهات؟!).
5. ئەگەر ئەو پارەیەتان دابەشکرد با وەك ئەوەی دەربەندیخان نەبێ، (۲٠٠ ملیۆن دینار)تان ناردوە بۆ (دەربەندیخان)، وتوتانە تەنها بۆ کەرەنتینە و پێداویستیەکانی بەکاری بهێنن! بەپێی زانیارییەکانم هێشتا سودی لێ نەبینراوە. بە ویژدانتان ئەمە کەی پارە تەرخانکردنە؟! یانی چی قەزایەک زەقەی چاوی بێت و پێداویستی زۆری هەبێت، بەڵام تۆ نەهێڵیت پارەکەی بەردەستی بەکاربهێنێت.
6. دەگوترێ ئەمرۆ پارەکەی بەغدا بۆ موچە هات. ئێوەش بەردەوام وتوتانە خۆمان پارەیتری دەخەینەسەرو دەیدەین بە موچە. دەی بفەرمون ئیتر بە پارچە پارچە موچە دابەش مەکەن. پارەکەی بخەنەسەرو یەكشەممە هەمو وەزارەتەکان پێکەوە دابەش بکەن.
بەڕێزان.._ سەبارەت بە پارەکانی کۆرۆنا ئێوە دەڵێن ئەو پارانە هێشتا دابەشنەکراون و لە ئایندەدا دابەشی ئەکەین. بەڵام ئەو پارەیە بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنایە. وا کۆرۆنا ئەڕوات، پێ ئەچێ بەتەمابن دوایی بڵێن کۆرۆنا نەماو پارەکەش پێویست نیە دابەشی بکەین!_
 سەبارەت بە موچە کوا موچەی خەڵک؟ کوا ۳٠ رۆژ جارێک موچە؟ هەر وەفاتان بۆ ئەو پزیشک و کارمەندی تەندروستی و پێشمەرگەو هێزە ئەمنی و خەڵکانە هەبێت کە لەسەرجادەو لەدەوامن!_ ئەگەر ئەڵێن داهاتی ناوخۆ کەم بۆتەوە، ئەوەش بڵێن کە خەرجی حکومەت کەمبۆتەوە. چونکە دەوام راگیراوە.

زیاتر بخوێنەوە