/   بیروڕا
بۆچی لامەرکەزی پارێزگاکان باشترین چارەسەرە؟
رزگار حەمە نوری میرزا
2020-05-07
ڕزگار حەمە نوری ئەندامی
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
بۆچی لامەرکەزی (ناسەنتەری) پارێزگاکان لەئێستادا باشترین چارەسەرە؟
ڕوون و ئاشکرایە لەماوەی (٢٨) ساڵ حوکمڕانی و بوونی دەسەڵاتی مەرکەزی (سەرەڕای ئەوەی هەندێ جار ئەم دەسەڵاتە مومارەسەی لامەرکەزی لەهەندێ جومگەی ئیدارە خۆجێیەکانی وەک ئەنجومەنی گەڕەکەکان و ئەنجومەنی شارەوانیەکان و دواترینیان ئەنجومەنی پارێزگاکان پراکتیزە کردوە) بەڵام لەناو ئەم ئۆرگانانەشدا کە بەهێزترینیان ئەنجومەنی پارێزگاکانە زۆرجار دەسەڵاتەکەی لێوەرگیراوەتەوە یاخود لە سەروو خۆیەوە لەمپەرو ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێکردنی بڕیارو ڕێنمایی و ڕاسپاردەکانی دروستکراوە . بۆیە باشترین چارەسەر لە ئێستادا لامەرکەزی کارگێڕی و داراییە بۆ پارێزگاکان لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە :-
١- پارێزگاکان لەڕووی کارگێڕیەوە خۆیان دەسەڵاتی هەموو بڕیارێکیان دەبێت بۆ بەڕێکردنی ئیشوکاری کارگێڕی یەکە ئیدارییەکانی ژێر دەسەڵاتی پارێزگاکەو بەهەمان شێوە ئەم دەسەڵاتە دادەبەزێنن بۆ یەکە ئیداریەکانی خوار خۆیان (بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان و قائمقامیەت و ناحیەکان) ، کەئەمەش هەم کاروباری یەکە کارگێڕیەکان ئاسانتر دەکات و هەم ڕۆتینات کەمدەکاتەوە کەدواجار لەبەرژەوەندی دانیشتوانی پارێزگاکەیە .
۲- لەڕووی داراییەوە کەپارێزگاکە خاوەنی داهاتی سەربەخۆی خۆی بوو ئەو کاتە زۆر بەباشی ئەم داهاتە ڕێک دەخات و بیری باشتر دەکاتەوە لەوەی ژێرخان و سەرخانی ئابووری بەهێزتر بکات چونکە لێپرسراوێتی زیاتر لەجاران لەسەرشانێتی بۆیە سەرئەنجام ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی داهاتەکان و کەمبونەوەی ڕێژەی هەژاری .
٣-لامەرکەزی پارێزگاکان دەبێتە هۆکارێک بۆ دروستبوونی پێشبڕکێی ئابووری و کارگێڕی لەنێوان پارێزگاکاندا کەهەریەکەیان هەوڵدەدات ئابووری خۆی و کاروباری کارگێڕی خۆی زیاتر گەشە پێبدات بە بەراورد بەپارێزگاکەی بەرامبەری کەدواجار پێکشەوتنێکی بەرچاو لەهەموو پارێزگاکاندا ڕوودەدات کەئەمەش خزمەتی زیاتر دەگەیەنێ بەدانیشتوانی سنووری جوگرافی پارێزگاکان .
٤- ئاشکرایە لامەرکەزی ڕوویەکی گەشی دیموکراسیەتە بۆیە پێدانی لامەرکەزی تەواو بەپارێزگاکان و لەوانیشەوە بۆ قەزاو ناحیەکان پرۆسەی دیموکراسی بەهێزتر دەکات لەبەرئەوەی زۆرترین خەڵک لە پەیکەری یەکە کارگێڕییەکان بەشدار دەبێ لەبڕیاردان.
٥- بەهێزبوونی ئاستی توانای تاک لەسنووری پارێزگاکەدا .
٦- بەهێزبوونی بەڕێوەبەرایەتیەکان .
٧- ئاسانکردنی لێپرسینەوە لە بەڕێوەبەرایەتیەکان و کەمکردنەوەی گەندەڵی ئیداری .