/   بیروڕا
حکومەت و سەرنجێک
رزگار حەمە نوری میرزا
2020-05-21
ڕزگار حەمەنوری
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
ئەگەر سەرنج بدەین لەم هەرێمە هێندە باسی بارودۆخی خراپی بژێوی خەڵک کراوەو چارەسەر نەکراوە ئیتر خەڵک متمانەی بەهیچ نەماوە هەر بۆیە هیچ ئینتیمایەکی بۆ حکومەت و تەنانەت نیشتمانیش نەماوە چونکە زۆربەی دەرگاکانی لێ داخراوە ، حکومەتی هەرێم باشە بەسەرچاو بارودۆخی ئابووریت خراپەو لەدەسەڵاتی تۆدا نیەو دەڵێی داهات کەمی کردوەو ئەوە حاڵی مووچەو بژێوی خەڵکە ، ئەی باشە یەکێک لەپایە گرنگەکانی ئیدارەدانی خەڵک مانای ئەوە نیە کە دەرگایەکی ژیانی لێ داخرا تۆی حکومەت ئیرادەو بڕیارت هەبێ دەرگای تری لێبکەیتەوە بۆئەوەی ئەو خەڵکە هەناسەیەکی ژیان بدات و بەتەواوی نەخنکێ ، بۆ نموونە خەڵکە هەژارو بێ دەرەتانەکە خواردنی گۆشتیان یان تەرک کردوە یان زۆر بەکەمی دەیکڕن ناچار کورد واتەنی سەریان کردۆتە سەر مریشکە بەپرۆتین و دەرمان قەڵەوکراوەکە بەوەش ڕازین کەچی بەبەرچاوی تۆی حکومەتەوە زۆرجار ئەو دەرگایەشی لێ دادەخرێ و توانای کڕینی مریشکەکەشی نیە بەڵێ کیلۆیەک مریشک لەئێستادا بە (٣٫٢٥٠) دینارەو (ڕۆژانە لەدۆلار زیاتر نرخی بەرز دەبێتەوە) و هەژاران ناتوانن بیکڕن حکومەتی هەرێم خێرە ناتوانی بڕیارێکی بوێرانە بدەیت و سەقفی نرخی مریشک لەسەرتاسەری هەرێم هیچ نەبێ لە (٢٠٠٠) دیناردا ڕاگری؟!
ئەگەر مەبەستت بێت زۆر ئاسانە هەرکەس لەو نرخە ئاماژە پێدراوە گرانتری فرۆشت ئەتوانی ئیجرائاتی توندی لەگەڵ بکەیت کەدڵنیام ئەو کاتە شەقامیش بەگشتی دەستخۆشی ئەم ئیجرائاتەت لێدەکات و هەست دەکات کەحکومەت خەمخۆرێتی ، بەڵێ بۆئەوەی هەژارانیش وەکو لەخەویشیاندا گۆشتی ئاسک و قەل و قازیان نەخواردوە بتوانن ئەم بەناو مریشکە بخۆن ، ئەم نموونە دەکرێ پەخش بکرێ بەسەر هەموو کاڵا سەرەتاییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک ، بەڵێ خەڵک بۆیە بڕوای بەهیچ پاساوێک نەماوە بۆخزمەت نەکردنیان ڕەنگە ئێستا حکومەت یان هەندێ نووسەر بڵێن سیستەمی بازاڕی کوردستان سیستەمی (بازاڕی ئازادە) لەوڵاتانی مرۆڤدۆست بازاڕی ئازاد بوە بەمایەی خێرو خۆشی بۆ هاوڵاتیان چونکە کەرتی تایبەت پێشبڕکێیان لەسەر کوالێتی باش و نرخی نزمدایە چاودێری ولێپرسینەوە بەمانای وشە بوونی هەیە ، بەڵام لای خۆمان زۆرجار بەپێچەوانەوەیە ئەویش بەهۆی نەبوونی چاودێری باش و ئیجرائاتی پێویست بۆیە من گاڵتەم بەو بازاڕە ئازادە دێت کە ببێتە هۆکارێک کەهاوڵاتی ڕەش و ڕووتی هەرێمەکەم نەتوانێ مریشکێک بکڕێ بۆ منداڵەکانی هەزار نەفرەت لەبازاڕی ئازاد کەبوە بەخێرو گیرفان پڕکردنی کەمینەیەک ، ئەوەشمان بیرنەچێ لە کۆتایی ڕۆژانی کەرەنتینەی شارەکان هەموو لە ڕاگەیاندنەکان بینیمان و بیستمان خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکان هاواریان بوو دەیانوت ملیۆنەها مریشکمان لە کێڵگەکاندا هەیەو بازاڕ نیە ساخی بکەینەوە .....