/   هەواڵ
بەرزان شێخ محەمەد: ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەكی هەستیارەو پێویستمان بەكات دەبێت بۆ ئامادەكردنی
2020-05-04
ئەمڕۆ (دووشەممە) بەرواری (4/5/2020) لیژنەی تایبەت بە سیستمی لامەركەزی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجامدا
ئەمڕۆ یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەی تایبەت بە ئامادەكردنی پڕۆژەی سیستمی لامەركەزی بەڕێوەچوو، كە لە (11) ئەندام پێكهاتووە، بە مەبەستی دانانی نەخشە ڕێگەی گونجاو بۆ پڕۆژەی لامەركەزی. لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ(پێگەی ئەلیكترۆنی رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) (بەرزان شێخ محەمەد) سەرۆكی لیژنەی ئامادەكردنی پڕۆژەی لامەركەزی سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە رایگەیاند: (ئەمڕۆ یەكەم كۆبوونەوەمان بوو، هێڵە گشتییەكانی چۆنیەتی كاركردنمان دیاریكرد، بڕیارماندا سەردانی هەموو یەكە ئیداریەكانی سنوری جوگرافی پارێزگای سلێمانی بكەین لەوانەش (پارێزگای سلێمانی، پارێزگای هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان، ئیدارەی راپەڕین) هەروەها بڕیارێكی تر ئەوەبوو كەسانی پسپۆڕو شارەزا بهێنین بۆ ناوكۆبوونەوەكان بەمەبەستی دەوڵەمەند كردنی پڕۆژەكە).
هەروەها سەرۆكی لیژنەی ناوبراو لەوەڵامی پرسیاری ماوەی تەواوبوونی پڕۆژەكە كەیەو چەندی كات پێویستە؟ وتی:
(ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەكی هەستیارەو گرنگی و بایەخی زۆرە، جارێ ئەبێت ئەو سەردانە مەیدانیانە بكەین پاشان ئەبێت ئەوەی داوای دەكەین لە چوارچێوەی یاساكانی هەرێم بەگشتیو یاسای ژمارە(3)ی ساڵی (2009)دا جێگەی بێتەوە، ئەمەش پێویستی بەكاتە).
شیاوی باسە (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) ماوەیەكە پرسی لامەركەزی كارگێڕیو دارایی وروژاندووەو داوای جێبەجێكردنی ئەو سیستمە دەكات بۆ ئەمەش لەبەرواری (30/4/2020) (ئازاد محەمەد ئەمین) سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی فەرمانی ژمارە (290)ی دەركرد بەپێی ناوەڕۆکی فەرمانەکە ئامانج لەدروستکردنی لیژنەکە ئامادەکردنی پرۆژەی لامەرکەزی كارگێڕیو دارایی بەپێی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم بۆ سنوری جوگرافی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کەپێکدێت لە پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەڵەبجەو ئیدارەكانیی گەرمیان و ڕاپەڕین.