/   هەواڵ

رێكەوت زەكی: بۆ ئامادەكردنی ‏پڕۆژەكە، ناتوانین سەقفێكی زەمەنی لە ئێستادا دیاریبكەین

2020-05-04

پاش ئەوەی ئەمڕۆ یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەی تایبەت بە ئامادەكردنی پڕۆژەی سیستمی ‏‏لامەركەزی بەڕێوەچوو،بەمەبەستی زانیاری زیاتر لەسەر كۆبوونەوەكە، (رێكەوت زەكی) ئەندامی ‏فراكسیۆنی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان)‌و هاوكات ئەندامی لیژنەی تایبەت بە ئامادەكردنی پڕۆژەی ‏سیستمی ‏لامەركەزی. لە لێدوانێكی تایبەتدا سەبارەت بە كاتی دیاریكراو بۆ ئامادەكرنی پڕۆژەكە، ‏ناوبراو بە (پێگەی ‏ئەلیكترۆنی رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) ‏رایگەیاند‎:‎
(ناتوانین سەقفێكی زەمەنی لە ئێستادا دیاریبكەین، چونكە ئەوە دەكەوێتەوە سەر ‏ئەوەی چەندێك پێویستمان بە گفتوگۆكردن لەسەرپڕۆژەكەدبێت لە گەڵ پسپۆڕان.... ‏بێگومان پلانی خۆمان هەیە، بەڵام بەدڵنیایەوە ئەم پلانە زیادكردنی بۆ دێتە پێشەوە ‏چونكە لەوانەیە لە ئەنجامی هەر سەردانێك چەند سەردانێكی تری لێبكەوێتەوە، ‏هەروەها بینینی بەڕێوبەڕەگشتیەكان بەیەك رۆژ نابێت هەروەك چۆن پارێزگارو ‏سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆكانیش بە جیاواز دەبێت لەبەر ئەوە دیاریكردنی ‏سەقفی زەمەنی تائێستا روون نیە چەندێكی پێدەچێت، لەبەر ئەوە كارەكە ‏بەخێرایی تەواو نابێت.)‏
‏ سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەش، ئەندامەكەی لیژنەی ئامادەكاری پڕۆژەی ‏لامەركەزی رایگەیاند: (لە كۆبوونەوەكەدا هێڵە گشتیەكانمان دیاریكردو بڕیاردرا ‏سەردانی مەیدانی بكرێت و هەروەها لەگەڵ نووسینی پڕۆژەكەشدا رای پیسپۆڕان ‏و شارەزایان وەربگرین).‏
لەكۆتایشدا (رێكەوت زەكی) ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا  ‏هیچ خاڵێكی ناكۆك نەبوو لەسەر پڕۆژەكە.‏
شیاوی باسە (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) ماوەیەكە پرسی لامەركەزی ‏كارگێڕی‌و دارایی وروژاندووەو داوای جێبەجێكردنی ئەو سیستمە دەكات بۆ ‏ئەمەش لەبەرواری (30/4/2020) (ئازاد محەمەد ئەمین) سەرۆكی ئەنجومەنی ‏پارێزگای سلێمانی فەرمانی ژمارە (290)ی دەركرد بەپێی ناوەڕۆکی فەرمانەکە ‏ئامانج لەدروستکردنی لیژنەکە ‏ئامادەکردنی پرۆژەی لامەرکەزی كارگێڕی‌و دارایی بەپێی ‏یاسای ئەنجومەنی ‏پارێزگاكانی هەرێم بۆ سنوری جوگرافی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ‏کەپێکدێت لە پارێزگای ‏سلێمانی و پارێزگای ھەڵەبجەو ئیدارەكانیی گەرمیان و ڕاپەڕین. ‏

زیاتر بخوێنەوە