/   هەواڵ
چوار نوێنەری پارێزگای سلێمانی پشتیوانی تێپەڕاندنی کابینەکەی موستەفا کازمی نین
2020-05-06
كەمێك بەر لە ئێستا حەوت ئەندامی كورد لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) راگەیاندنێكیان بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە، سەبارەت بە تێپەڕاندنی کابینەکەی موستەفا کازمی، لە نێو ئەو حەوت ئەندامەدا هەریەكە لە (هۆشیار عەبدوڵا، سەرکەوت شەمسەدین، غالب محمد عەلی، یسری رجب کمر) نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)ی تێدان.
ئەو حەوت ئەندامە لەبەر چەندهۆكارێك كە لەخوارەوە ئاماژەیان پێدراوە پشتیوانی تێپەڕاندنی کابینە حکومیەکەی موستەفا کازمی نابن....
ئەمەی خوارەوەش دەقی راگەیەندراوەكەیە:
راگەیاندنێك بۆ ڕای گشتی
ئێمە، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەم ھۆکارانەی خوارەوە پشتیوانی تێپەڕاندنی کابینە حکومیەکەی بەڕێز مصگفی كاڤمی نین:
یەکەم: ئەم کابینەیە و سەرۆکەکەی بە فەرمی ھیچ گەرەنتییەكی نەداوە کە کێشەی بودجە و موچەی ھێزەکانی پێشمەرگە و فەرمانبەران و شایستە داراییەکانی جوتیارانی ھەرێم چارەسەر دەکات و ھیچیتر مافە داراییەکانی ھەرێم و خەڵکەکەی ناکاتە بەشێك لە ململانێی سیاسی لە نێوان ھەولێر و بەغداد.
دوەم: بۆ جارێکیتر، کێشەی کەرکوك و تەواوی ناوچە کێشە لەسەرەکان و بنەماکانی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوان ھەرێم و حکومەتی ئیتیحادی، کرایەوە قوربانی پشکی وەزاری لە حکومەتی تازە.
سێھەم: ستافی سەرۆک وەزیری راسپێدراو تەنیا بۆ پێدانی پۆستی وەزاری گفتوگۆی لەگەڵ پارتی و یەکێتی کردوە، کەئەوە کاری لە پێشینەی ئێمە نیە، ئێمە خاوەنی دیدی سیاسیی نیشتیمانی جیاوازی خۆمانین. پارتی و یەکێتیش وەك خوی ھەمیشەیی بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستانیان کردوە بە قوربانی بەرژەوەندییە حیزبییە بچوکەکان.
بۆیە ئێمە رایدەگەیەنین کە لە ھەر ئەنجام و لێکەوتەیەك لە رێگەی تێپەڕاندنی ئەم حکومەتەوە، کە کاریگەری خراپ بکاتە سەر ئایندەی ھەرێم و ژیانی خەڵکەکەی، بەرپرسیار نین و بەرپرسیاری لێکەوتەی ئەوتۆ دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەس و لایەنانەی کە پشتیوانیی تێپەراندن و پێکێهێنانی ئەم کابینەیان دەکەن:
ناوەکان:
١.رابون مەعروف
٢. هۆشیار عەبدوڵا
٣. سەرکەوت شەمسەدین
٤. کاوە محەمەد
٥. سروە ونس عمر
٦.غالب محمد عەلی
٧.یسری رجب کمر
6/5/2020