/   هەواڵ
رێزان شێخ دلێر: پێویستە جیاوازی بكرێت لە نێوان پەرلەمانتارێكی چالاك و ناچالاكدا
2020-05-11
ئەمڕۆ (دووشەممە) بەرواری (11/5/2020) بەمەبثستی پیرۆزباییو ناساندنی (پڕۆژەی پارێزگای سلێمانیو نوێنەرانی)، (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان)، سەردانی (رێزان شێخ دلێر)ی كرد لە نوسینگەی سلێمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
لەسەرەتادا (ئارام كەمال) بەڕێوبەری (پڕۆژەی پارێزگای سلێمانیو نوێنەرانی) بەناوی (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان)ەوە پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە بەڕێزیان كرد وەك ئەندامی نوێی فراكسیۆنی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) لەخولی چوارەمی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)و ئومێدخواست کە بەڕێزیان لەئاست داواو داخوازیەكانی هاووڵاتیان پارێزگای سلێمانیدا بێتو پێكەوە لەگەڵ نوێنەرەكانی دیكەی پارێزگای سلێمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ خزمەتی پارێزگاكە.
پاشان (ئارام كەمال)، ئامانج و چالاكییەكانی (پڕۆژەی پارێزگای سلێمانیو نوێنەرانی) روونكردەوەوداواکرا بەڕێزیان بەشداربێت لە چالاكییەكانی پڕۆژەكەدا...
لەبەرامبەردا (رێزان شێخ دلێر) خۆشحاڵی بەسەردانەكە دەربڕی و لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (پێگەی ئەلیكترۆنی رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان)، رایگەیاند: (لە راستیدا پرۆسەی چاودێریكردن و بەدواداچوونو هەڵسەنگاندنی نوێنەرانی هەڵبژێردراو كارێكی زۆر گرنگە بەتایبەت ئەگەر رێكخراوێكی سەربەخۆ بەشێوەیەكی بێلایەنانەو بەئەمانەتەوە بەم كارە هەستن، چونكە ئەم جۆرە پڕۆژانە دەبنە هاوكارو پاڵپشتی بۆ پەرلەمانتاران تا هەوڵی زیاترو كارو پڕۆژەی باشتر پێشكەش بە هاووڵاتیان بكەنو پەرلەمان هەست بەوە بكات كە بەرپرسیارییەتێكی گەورەی لەسەر شانە، من هەمیشە لە خولی پێشودا باسی ئەوەكردووەكە جیاوازی ناكرێت لە نێوان پەرلەمانتارێكی چالاك و ناچالاكدا، لەبەرئەوە دەستخۆشی لە (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) دەكەم كە بەم كارە هەڵدەستنو بەدڵنیایەوە پەیوەندییەكی باشو هاوكاری و هەمانگی بەردەوام لە نێوماندا دەبێت و بەشداردەبین لە چالاكییەكانی پڕۆژەكەدا... )
سەبارەت بە كاری لە پێشینەی ناوبراو بۆ پارێزگای سلێمانی لە داهاتوودا چی دەبێت؟ (رێزان شێخ دلێر) رایگەیاند: (ئێمە ئەوپەڕی هەوڵ ئەدەین لە خزمەت هاووڵاتیانماندا بین، راستە ئێمە ئەندامی پەرلەمانی عێراقین و هەرێمی كوردستانیش پەرلەمانی خۆی هەیە، بەڵام پەیوەندییەكی باش لەگەڵ پەرلەمانی كوردستانو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دروست دەكەین بۆ ئەوەی بتوانین كێشەو گرفتەكانی هاووڵاتیان چارەسەر بكەین و بتوانین بە هەموولایەك خزمەتێكی زیاتری پارێزگاكەبكەین...).
لەكۆتایشدا بەشێك لە راپۆرتو بڵاوكراوەكانی (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) پێشكەش بە بەڕێزیان كرا.
شایانی باسە (رێزان شێخ دلێر) لە خولی سێیەمدا ئەندامی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)بووە لەبەرواری (7/5/2020)دا لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سوێندی یاسایی خواردو وەك ئەندامی خولی چوارەم لەسەر فراكسیۆنی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) دەستبەكار بوو.....