لەم جەند رۆژەی رابردوودا کتێبی (سیستمی کارگێڕیی هەرێم چۆن بە ناناوەندیی بکرێت؟) لە نوسین و ئامادەکردنی (محەمەد رەسوڵ موڕاد) بڵاوکرایەوە
. نوسەر و ئامادەکاری کتێبەکە، لە بارەی ئامادەکردنی کتێبەکەی دەڵێت: "ئەگەرچی ماوەی سەرقاڵبونم بە نوسین و ئامادەکردنی ئەم کتێبە، نزیکەی چوار ساڵی خایاند و زۆر پێیەوە ماندوبوم، بەڵام چاپکردنی لەمڕۆدا، بە تایبەت کە پرسی بایەخ و پێویستیی ناناوەندێتیی بۆ هەرێمی کوردستان بۆتە رۆژەڤ (پرسی رۆژ)، زۆر خۆشحاڵیکردم و هیلاکییەکەی لەبیربردمەوە."
ناوەڕۆکی کتێبەکە، لە سێ بەشی سەرەکیی و کۆمەڵێ باس و تەوەر پێکدێت، کە بە پشتبەستن بە (۲۷) سەرچاوەی زانستیی لە بواری یاسا و کارگێڕیی و سودوەرگرتن لە ئەزمونی کەسیی، هەوڵدراوە بە شێوەیەکی میتۆدیی و لە رێگەی تاووتوێکردنی یاسا بەرکارەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان، وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکە بدرێتەوە.
لە پێشەکیی کتێبەکەدا هاتوە: هۆکاری سەرەکیی هەوڵەکەمان، بۆ گرنگیی و پێویستیی (سیستمی ناناوەندێتیی) بۆ بارودۆخی ئێستای هەرێم دەگەڕێتەوە، کە هەنگاو بۆ هەڵبژاردنی سیستمێکی کارگێڕیی ئەوتۆ بنرێت، کەوا لەگەڵ واقیعی جوگرافیی و ئیتنیکیی وڵاتەکەدا بگونجێت. ئەم تەرزە کارگێڕییەش، بریتییە لە "بونیادنانی متمانە لەناو حکومەتدا
هەر لەو پێشەکییەدا، نوسەر رونیکردۆتەوە، "لە دوتوێی بەش و باس و تەوەرەکانی ئەم کتێبەدا، هەوڵدراوە، بە شێوەیەکی میتۆدیی و پاڵپشت بە کۆمەڵێ سەرچاوە، سیستمی کارگێڕیی بە گشتیی رونبکرێتەوە، پاشان تیشکبخرێتەسەر شێوازەکانی، لەمەشەوە، پتر رۆبچینە نێو بابەتی سەرەکیی و، لە رێگەی تاووتوێکردنی یاسا بەرکارەکانی عیراق و هەرێمی کوردستانەوە، وەڵامی پرسیارە پێویست و گرنگەکە: (سیستمی کارگێڕیی هەرێم چۆن بە ناناوەندیی بکرێت؟) بدەینەوە." هەروەک ئاماژەی بەوەش داوە، کەوا بۆ نوسین و ئامادەکردنی ئەم باسە، سەرەڕای سەرچاوە زانستییەکان بە زمانە جیاوازەکان، ئەزمونی ١٢ ساڵەی خۆیشی لە بواری کارگێڕییدا، لە فەرمانبەرێتیی و بەرپرسیارێتیی بەش و هۆبە و فەرمانگەوە، تا دەگاتە ئەندامێتیی لە ئەنجومەنی پارێزگا و بەریەککەوتنی راستەوخۆی لەگەڵ واقیعەکە و دەرهاویشتەکانی لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، کۆمەکی باشیان کردووە، تاکو بابەتییانە و واقیعبینانەتر پرسەکە تاووتوێ بکات و سەرنجی خۆی لەسەر بخاتەڕوو.
نوسەر و ئامادەکاری کتێبەکە، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە (فەیسبوک) راشیگەیاندوە، لەپێناو پابەندبون بە رێکارە تەندروستییەکان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ئێستادا هیچ رێوڕەسمێکی واژۆکردن و بڵاوکردنەوە بۆ کتێبەکە ناکەین. بەو هیوایەی لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو خەونەش بهێنینەدیی، لەوەش گرنگتر و پێویستتر خەونی بە ناناوەندییکردنی سیستمی کارگێریی هەرێمەکەمان.
نووسەر لە چەند دێڕێکدا
محەمەد رەسوڵ موڕاد
لەدایکبوی ١٩٦٩ – رانیە
دبلۆم لە (بەڕێوەبردنی پرۆژەکانی ئاو)- پەیمانگای تەکنەلۆژیی موسەییەب- (١٩٨٩ – ١٩٩٠)
بەکالۆریۆس لە (یاسا)- زانکۆی کۆیە- (٢٠٠٧ – ٢٠٠٨)
مینی ماستەر لە (کارگێڕیی کار)- زانکۆی (عین شمس) بە هاوکاریی (ئەکادیمیای جیۆری) - (٢٠١٦).
ئەزمونی کارگێڕی: ٢٠٠٣ - تاکو ئێستا: فەرمانبەر، لێپرسراوی بەش و هۆبە، بەڕێوەبەری فەرمانگە، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا (لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان(.
• سەرۆکی لیژنەی شارەوانی و خزمەتگوزارییەکان، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی. • کتێبێکی چاپکراوی هەیە: (یۆگای تەمەندرێژی و گەنجبوونەوە). • چەند راپۆرتێکی پڕ زانیاری و سەرنجی وردی سەبارەت بە: (کێشەی کەمئاوی لە پارێزگای سلێمانی، زیادەڕەویی زەویوزار لە هەرێمی کوردستاندا، سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان و پێویستیی پێداچوونەوە بە باج و رسومات، چۆنێتیی پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار لە دەڤەری راپەڕین و هەڵبژاردنەوەی ئەنجومەنی شارەوانییەکان. .. تاد) ئامادەکردوە. • چەندین بابەت و نوسینی دەربارەی: (سامانی ئاو، یاسای ئاو، کارگێڕیی، یاسای کارگێڕیی) لە سایت و رۆژنامەکاندا بڵاوکردۆتەوە. • چەند توێژینەوە و راپۆرت و نامیلکەیەکی تری ئامادەی چاپن. • ئەندامی هەریەک لەم سەندیکا و رێکخراوانەیە: کۆمکاری زیندانییانی سیاسیی کوردستان، سەندیکای تەکنیکارانی کوردستان، کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز، یەکێتیی مافپەروەرانی کوردستان.