/   هەواڵ
د.رێبوار کەریم، پڕۆژەیەک بۆ گواستنەوەی موچە لە هەرێمەوە بۆ سەر بەغدا دەخاتەڕوو
2020-06-14
رێبوار کەریم، نوێنەری پاریزگای سلیمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژەیەک بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر حکومەتی عێراق بۆرایگشتی بڵاوکەردەوە، پڕۆژەکەش لە حەوت هەنگاو پێکهاتوە و داوا دەکات لە شەش مانگی داهاتودا سەرجەم موچەخۆران کە ملیۆنێک و 256 هەزار و 850 کەسە بخرێنەسەر بەغدا.
ئەمڕۆ (یەکشەممە) بەرواری (14/6/2020) رێبوار کەریم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، پڕۆژەکە لە حەوت قۆناغ پێکهاتوە و لە قۆناغی یەکەمدا داواکراوە حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆماری لیستی بایۆمەتری کە ناوی سەرجەم موچەخۆرانی تێدایە کە ژمارەیان ملیۆنێک و 256 هەزار و 850 کەسە رادەستی بەغدا بکات.
لە قۆناغی دوەمدا و بەرامبەر رێککەوتنی هەرێم و بەغدا بە رادەستکردنی نەوت و بەشێک لە داهاتی ناوخۆ بەغدا پابەند بکرێت بە پێدانی موچەی فەرمانبەران کە ژمارەیان 753 هەزار و 880 موچەخۆرە، حکومەتی هەرێمیش خۆی موچەی (خانەنشینان، چادێری کۆمەڵایەتی، شەهیدان و زیندانیانی سیاسی) دابەشبکات کە ژمارەیەک لە کوردستان 502 هەزار و 970 کەسە.
ناوبراو ئەوەشی خستوەتەڕو، لە قۆناغی سێیەمدا بەغدا لقی بانکە حکومییەکانی لە هەرێمی کوردستان بکاتەوەو وتی: "ئێمە قسەمان لەگەڵ بانکی رافیدەین کردوە و ئەوان رازی بون، بەڵام حکومەت هەرێم تەنانەت ئامادە نیە لەگەڵیان کۆببێتەوە"، لە هەنگاوی چوارەمیشدا بەغدا موچەی 753 هەزار و 880 فەرمانبەر بخاتە سەر هەژمارەکانیان.
لەبارەی جیاکردنەوەی ئەوانەی بە "بندیواری" ناودەبرێن رێبوار کەریم وتی، لە هەنگاوی پێنجەمدا باس لەوانە کراوە کە بە "بندیواری" ناودەبرێن، بە گوێرەی پڕۆژەکە هەر فەرمانبەرێک لە ماوەی 60 رۆژدا سەردانی بانک نەکات بۆ موچەکەی گومان دەخرێتە سەر هەژمارەکەی و دەسڕدرێتەوە، "لەئێستادا بەداخەوە لە کوردستان کەسێک لە یەک کاتدا پارەی ژمارەیەک موچەخۆری دیکە وەردەگرێت، کە گومانی بندیوار بونی لێدەکرێت و بە گوێرەی پڕۆژەکە دەبێت هەمو کەسێک خۆی بچێت بۆ موچەکەی".
ئەوەشی خستەڕو، لە هەنگاوی شەشەمدا و لە ماوەی 90 رۆژدا دیوانی چاودێری دارایی عێراق هەڵدەستێت بە بڕینی موچەی ئەو کەسانەی هەژمارەکانیان بندیوارن و نەهاتون بۆ موچەکانیان، ئەوانیش وەک نوێنەرانی کورد بەلایانەوە گرنگە ئەم پڕۆژەیە تا کۆتایی ئەمساڵ بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە لە هەنگاوی حەوتی پڕۆژەکەدا هاتوە، کە لە پڕۆژیاسای ساڵی 2021دا حکومەتی عێراق پابەند دەکرێت بە راستەوخۆ دابەشکردنی موچەی ملیۆنێک و 256 هەزار و 850 موچەخۆری هەرێمی کوردستان.