/   هەواڵ
(د.غالب محەمەد) و(سەرکەوت شەمسەدین): کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان لە عێراق ئەنجامی نابێت، بەبێ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێم و دورخستنەوەی دەستی حزب و کۆمپانیاکان لێیان .
2020-07-16
لەبەرواری (16/7/2020)دا هەر یەكە لە (د.غالب محەمەد) و (سەرکەوت شەمسەدین) نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) نوسراوێكیان ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق كردووە، لە نامەكەدا هاتووە ئێمە پشتیوانی تەواوی هەوڵەکانی بەرێزتان دەکەین بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروزە سنورییەکان لە تەواوی عێراق.
دەشڵێن، هیوادارین ئەم هەنگاوانە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە و لەرووی ئیدارییەوە بەتەنسیق بێت لە گەڵ حكومەتی هەرێم و بەتایبەتی حكومەتی خۆجێییەكانی پارێزگاكان، بەڵام چاودێریكردنی داهاتی مەرزەكان لە لایەن چاودێری دارایی عیراقەوە چاودێری بكرێت.
روونیشیانکردووەتەوە، وەك چۆن لە پارێزگاكانی عیراق (٥٠) % بۆ پارێزگاكە سەرف دەكرێت، لە هەرێمی كوردستانیش ئەو رێژەیە بۆ خودی پارێزگاكە بێت، چونكە نادادپەروەرییەكی زۆری تێدایە لە دابەشكردنی ئەو داهاتە.
دوو نوێنەرەکەی پارێزگای سلێمانی داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن، لە كاتی هەر رێكکەوتنێك لە گەڵ هەرێمی كوردستان، ڕەچاوی رێژەی پارێزگاكان بكەن كە بۆ پارێزگا سەرف بكرێت نەك بدرێت بە هەرێم و هەرێمیش بەشێوەیەكی ناداپەروەرانە دابەشی بكات.
راشیانگەیاندووە، لە کوردستانیش هاشێوەی ناوچەکانی تری عێراق، جگە لە کۆنترۆڵی کۆمپانیا حزبییەکان بەسەر دەروازە فەرمییەکاندا، بە دەیان دەروازەی نافەرمی هەیە کە بەتەواوی چەکدار و کۆمپانیای حزبی دەستیبەسەرداگرتووە و بۆتە مەترسییەکی گەورە لەسەر بازار و دۆخی ئابوری و تەندروستی کوردستان عێراق .
غالب محەمەد و سەرکەوت شەمسەدین رایانگەیاندووە، هەوڵەکانتان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان لە ناوچەکانی تری عێراق ئەنجامی ئەوتۆی نابێت، بەبێ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان و دورخستنەوەی دەستی حزب و کۆمپانیاکان لێیان .
شایانی باسە چەند رۆژێک پێش ئێستا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا چاکسازی لە دەروازە سنورییەکاندا بکات و رایگەیاند، یەکێک لە رێگەکانی بەهەدەردانی دارایی کۆنترۆڵنەکردنی دەروازە وشکانییەکانە، بە هەدەردانەکان بە ملیاران دۆلار دەخەملێنرێن. وتیشی، هۆکارەکەیان ئەوەیە هەندێک گرووپی دەرەوەی یاسا و هەندێک گرووپی دیکە بۆ ئامانجی دیاریکراو دەیانەوێت کۆنترۆڵی دەروازەکان بکەن بۆ ئەوەی دەست بەسەر پارەدا بگرن.