/   هەواڵ

فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق: بەشداری شەرمنانەی گۆڕان لە دەسەڵاتی شکستخواردوی هەرێم و دەستەوەستانی نوێنەرەکانی لەناو حکومەت جێگای نیگەرانیی ئێمەیە

2020-08-20

ئەمڕۆ (پێنج شەممە) بەرواری (20/ 8/ 2020) فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەیاننامەیەکی دەرکرد سەبارەت بە دۆخی چەقبەستووی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیەەکانی هەرێم و بەغدادو ئەدای نوێنەرانی گۆڕان لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا بۆ رایگشتی بلاو کردەوە... ئەمەی خوارەواش دەقی بەیاننامەکەیە:

بەیاننامەی فراکسیۆنی گۆڕان:
هاونیشتیمانییانی ئازیز..
وا بۆ جارێکی تر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای هاتنی 320 ملیار دینار لە بەغدا و سەرەڕای فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ بێ ناردنی یەک دینار بۆ بەغدا، جارێکی تر دوای دواکەوتنی زیاتر لە چل ڕۆژ، دەستی بردەوە بۆ بڕینی موچەی موچەخۆرانی هەرێم. هەمو ئەمانە لە کاتێکدایە کە تا  ئێستا نە داهاتی نەوتی هەرێم و نە داهاتی ناوخۆی هەرێم لە داهاتی دەروازە سنورییەکان و باج و رسومات شەفاف نین و، بەپێی زانیارییەکانمان هەم داهاتی فرۆشتنی نەوت و هەم داهاتی ناوخۆ زۆر زیاترن لەو بڕەی ڕاگەیەنراوە. دەسەڵاتی هەرێم بە هۆی بەردەوام بونی لە هەنگاوە چەوتەکانی رابردوی نەک هەر ناتوانێ ئەرکەکانی بەرامبەر هاونیشتیمانیان جێبەجێ بکات، بەڵکو پێگەی سیاسی و دەستوریی هەرێم لە عێراق و لە بەرامبەر دراوسێکانی تا ئاستی وابەستەیی لاوازی کردوە. دڵنیاشین بەم شێوەی ئێستای و بێ راست کردنەوەی هەڵە کوشندەکانی، هەرێم ناتوانێ ڕێکەوتنی دور مەودا و یەکجاری لەگەڵ بەغدا بکات کە لە بەرژەوەندیی خەڵک دابێ.
ئەوەی جێگای نیگەرانیی قوڵی ئێمە و جەماوەرە دڵسۆزەکەمانە،ئەو بەشدارییە شەرمنانەیەی ئێستای گۆڕانە لەم دەسەڵاتە شکستخواردوەی هەرێم و، دەستەوەستانیی نوێنەرەکانی لەناو حکومەت لە بەرامبەر ئەجێندا دژە خەڵکەکەی دەسەڵاتی هەرێم. ئەم دۆخەی ئێستای گۆڕان جا چ لە تەقلیدی کردنەوەی کەرەستەکانی حیزبایەتی و گوتارە رەسمییەکەی و، چ لە شێوازی بەشداریی لە دەسەڵات، بوەتە مایەی نیگەرانی و توڕەییەکی گەورەی جەماوەری ناڕازی لێی کە جاران پشتیوانی سەرەکیی بون لێی لە بەرامبەر هێرشە بەردەوامەکانی دەسەڵات بۆ سەری. هەمو ئەمانەش بوەتە هۆی ئیحراجییەکی گەورەی ئێمە بەرامبەر بە دەنگدەرانمان.
ئەمانە هاوکاتن لەگەڵ داخورانی شەرعییەتی دامەزراوەکانی بڕیاردانی گۆڕان لە ئەنجامی دواخستنی بەردەوامی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و کۆنفڕانسی نیشتیمانیی گۆڕان.
لێرەوە لە روانگەی بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر خەڵکی کوردستان و جەماوەری ناڕازی و گۆڕانخوازانی هەرێم، داوا دەکەین کە:
1. بە زوترین کات گۆڕان لەم بەشدارییە بێکاریگەرەی لە دەسەڵات بکشێتەوە و روبکاتەوە جەماوەرەکەی و، لەگەڵ سەرجەم هێز و کەسایەتییە چاکسازیخوازەکانی دیکەی هەرێم، دژیبێدادی و بەردەوامیی گەندەڵی و سەروەرنەبونی یاسا فشاری جدی دروست بکەنەوە.
2. بە زوترین کات لەڕێی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی، شەرعییەت بۆ سەرجەم ئۆرگانەکانی گۆڕان بگەڕێنرێتەوە و نوێ بکرێنەوە. هەروەها لەڕێی ئەنجامدانی کۆنفڕانسی نیشتیمانی
دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان، گۆڕان کێشە گشتی و تایبەتییەکان بخاتە ناو گفتوگۆی ئەندام و دڵسۆزانی و، جارێکی تر بە گوڕوتینێکی نوێوە درێژە بە ئەرکە سەختەکانی لە هەرێمی کوردستان بدات. بەپێچەوانەوە و گوێنەگرتن لەو داواکاریانە کە بە دیدی ئێمە داواکاریی زۆرینەی هەرە زۆری بنکەی جەماوەریی گۆڕان و شەقامە، لەگەڵ بڕیاربەدەستانی ئێستەی گۆڕان دەمانگەیەنێتە بنبەست.
جەماوەری گۆڕانخوازی خۆشەویست..
ئێمە لە فراکسیۆنی گۆڕان هەمومان بەردەوامین لەسەر ئەو بەڵێنانەی لە هەڵبژاردنەکانی 2018 بۆ بەدەستهێنانی متمانەتان داومانە و، دژی هەر لادانێک دەبین لە پرنسیپە بنچینەییەکانی گۆڕان بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی کەرامەتمەندانە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم و، بەردەوامین لەسەر ئەو ئامانجو بەڵێنانەی لە سەرەتاوە گۆڕان بە خەڵکی کوردستانی داوە. .

فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
20/ 8/ 2020

 

زیاتر بخوێنەوە