/   هەواڵ
پێنج ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی: پێویستە پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەڵەبجە بچنە دانوستانەوە لەگەڵ حکومەتی بەغدا بۆ بەدەستھێنانی مافە دەستوریەکان
2020-12-09
پێنج ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی لە کۆی (11) ئەندامی فراکسیۆنەکە لە (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) پەیامێکیان سەبارەت بە بەخۆپیشاندان و ناڕەزاییەتەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، بلاوکردەوە....
لە پەیامی ئەو (پێنج) ئەندامەدا کە لە سێ خاڵدا ئامادەکراوە، داوا لە خۆپیشاندەران دەکەن سوتان و تاڵانکردنی بینا حكومی و خزمەتگوزراریەكان نەکەنە کلتور چونکە دواتر لەسەر بودجەی پارێزگاکە نۆژەندەکرێنەوەو بەمەش زەرەرمەندی یەكەم خەڵک دەبێت نەک ھیچ لایەنێک.
هەر لە پەیامەکەدا داواکراوە لە (ی.ن.ک) و بزوتنەوەی گۆڕان، تاکۆتایی ساڵ دەرفەت بدەنە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی بەغداو جێبەجێکردنی ئلتزامە دەستوریەکان (ڕادەستکردنی ئەو بڕە نەوتەی ڕێککەوتنی لەسەردەکرێت لەگەڵ نیوەی داھاتی خاڵە سنوریەکان) بۆ نەھێشتنی بیانوی بڕینی بودجەو مووچە ھەروەھا لەناوخۆشدا سیستمی نا ناوەندێتی(لامەرکەزی) ئیداری و دارایی بۆ پارێزگاکان جێبەجێبکات، خۆ ئەگەر حکومەتی ھەرێم کات دەکوژێت، ناکرێت تەنیا تەماشەکەری برسێتی میللەتەکەمان بین! پێویستە پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەڵەبجە بچێتە دانوستانەوە لەگەڵ حکومەتی بەغدا بۆ بەدەستھێنانی مافە دەستوریەکان.
شایانی باسە هەر سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، سەرۆکی (فراکسیۆنی هاوپەیمانی نیشتیمانی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) لە بەرواری (3/12/2020) و (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی)ش لە بەرواری (8/12/2020) دوویاداشتیان دەرکرد، ئەمە جگە لەوەی هەریەکە لە (صباح شەھید فتاح) ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی و (کەریم عەلی کەریم) ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) بەجیا
لە (8/12/2020) یاداشتیان لەسەر خۆپیشاندانەکان بڵاو کردەوە،
ئەمەی خوارەوەش دەقی پەیامی (پێنج) ئەندامەکەیە:
پەیامێک سەبارەت بەخۆپیشاندان و ناڕەزاییەتەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی
کۆمەڵانی خەڵکی ماندوو بەشەرەفی سنوری دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، حزبە سیاسیەكان، لەپێناو ڕزگارکردنی ئەوەی ماوەو بۆئەوەی زیاتر خوێنی گەنجەكانمان نەڕژێت داوا دەکەین:
١/ گەنجانی توڕەو گیرفان خاڵی تکایە باسوتان و تاڵانکردنی بینا حكومی و خزمەتگوزراریەكان نەکەینە کلتور، ئەوە داوا ڕەواکان دەشێوێنێت و پاساودەدات بۆ توندوتیژی، ھەروەھا زەرەرمەندی یەكەم خەڵکەکەی خۆمانە نەک ھیچ لایەنێک، جگەلەوەش دواتر لەسەر بودجەی ناوچەکانمان دەبێت چاك بكرێتەوە، سەرەڕای ئەوەش بینای ھەرچی حزب ھەیە بەقوربانی خوێنی گەش و ئاڵی گەنجێكی ئەم نیشتمانە بێت.
٢/ داوای موچەو کارو بژێوی، شەڕی گەندەڵی و ھاواری ناعەدالەتی حەق و ڕەوایە، بۆ لەڕەگەوە چارەسەکردنی ئەم کێشەیە کەلە ساڵی ٢٠١٤ میللەتەکەمانی ماندوو کردووە، ڕودەکەینە (ی.ن.ک) و بزوتنەوەی گۆڕان وەک دولایەنی خاوەن پێگەی جەماوەری ئەم سنورە کەبەشداری حکومەتن، داوادەکەین تاکۆتایی ساڵ دەرفەت بدەنە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی بەغداو جێبەجێکردنی ئلتزامە دەستوریەکان (ڕادەستکردنی ئەو بڕە نەوتەی ڕێککەوتنی لەسەردەکرێت لەگەڵ نیوەی داھاتی خاڵە سنوریەکان) بۆ نەھێشتنی بیانوی بڕینی بودجەو مووچە ھەروەھا لەناوخۆشدا سیستمی نا ناوەندێتی(لامەرکەزی) ئیداری و دارایی بۆ پارێزگاکان جێبەجێبکات، خۆ ئەگەر حکومەتی ھەرێم کات دەکوژێت، ناکرێت تەنیا تەماشەکەری برسێتی میللەتەکەمان بین! پێویستە پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەڵەبجە بچێتە دانوستانەوە لەگەڵ حکومەتی بەغدا بۆ بەدەستھێنانی مافە دەستوریەکان.
٣/ پێمان وایە دابینکردنی ژیانێکی شایستەو بەکەرامەت بۆ خەڵکەکەی خۆمان بەشێکی گەورەیە لەنیشتیمان پەروەری.
خوای گەورە ئاگاداری ھەموان بێت
١- ڕێکەوت زەکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا
٢- صباح شەھید فتاح ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا
٣- نیاز سەید ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا
٤- صەمەد ئیبراھیم ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا
٥- ئاڤان جەمال ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا