لهكۆنگرهیهكى ڕۆژنامهوانیدا لههۆڵى كۆنگرهكانى ئهنجومهنى نوێنهرانى عێراق، گروپی 15 كه لهبەشێک لە پهرلهمانتارانى كورد لهبهغدا پێكهاتبوو ئاشكرایكرد کە(هاوپەیمانی هیوای کوردستانی)مان ڕاگەیاندوه لهبهغداو له ئهنجومهنى نوێنهران.
هاوپەیمانیەتیەکە پێکهاتووە لە فراکسیۆنەکانی (گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، سەربەخۆ، ئایندە) هەروەها هەریەکەلە (سروە ونس و یوسرا رەجەب)یش ئەندامی هاوپەیمانیەتیەکەن.
شایانی باسە نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) زۆرینەی پێکهاتەی فراکسیۆنە کە پێکدەهێنن....
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ئێمە وەکو کۆمەڵێک پەرلەمانتار و فراکسیۆنی کوردستانی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەسۆنگەی هەستکردنمان بە گەورەیی ئەو بەرپرسیارێتیەی لەسەر شانمانە و ئەو مەترسیانەی روویان لەوڵات کردووە، لەپێناو گەشەپێدان و بەهێزکردنی رۆڵی نوێنەرایەتیمان و وازیکردنی بەرپرسیارێتیی سەرشانمان و هەروەها لەبەرئەوەی لەپێکەوەبووندا هێز و یەکگرتوویی بەرهەمدێت و لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی قۆرغکاریی نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان بە تەنها بۆ چەند هێزێکی دیاریکراو و بۆ بەرگریکردن لەمافە دەستورییەکانی خەڵک لەژیانێکی کەرامەتمەندانە و بەرجەستەکردنی زیاتری سیستمی فیدراڵی و بەهێزکردن و پارێزگاریلێکردنی و بۆ دوورخستنەوەی قوت و بژێوی خەڵک لەشکستی دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و ململانێ سیاسیە نەزۆکەکانیان و بۆ بونیاتنانی ژیانێکی سیاسی پشتبەستوو بە هاوپەیمانیی چاکەخوازان نەک هاوپەیمانیی گەندەڵکاران، لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتەکان نەک لەسەر بنەمای بازرگانیکردن بە دین و مەزهەب و نەتەوەوە.
ئێمە بۆ رایگشتی رایدەگەیەنین کە بەرهەمی پێکەوەکارکردنی هاوبەشمان لەماوەی رابردوودا دەچێتە قۆناغێکی نوێ-وە کە ئەویش دروستکردنی (هاوپەیمانیی هیوای کوردستانی)ە کە لەئێستادا لە(١٥) پەرلەمانتاری فراکسیۆنە کوردستانییە جیاوازەکان پێکدێت و رێککەوتووین لەسەر:
١/رەتکردنەوەی هەموو جۆرە دەمارگیرییەکی حزبی و ئایدیۆلۆژی و تائیفی و هەوڵدان بۆ گەڵاڵەکردنی پەیماننامە و بەرنامەیەکی چاکسازیخوازانەی ئەوتۆ کە لەسەرووی لایەنداری بەرتەسکەوە بێت و جەختی تەواو لەسەر هاووڵاتی و مرۆڤ و ماف و کەرامەتی دەکاتەوە و دەبێتە مایەی هێنانەکایەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان هەموواندا.
٢/ناسنامەی کوردستانیمان و پێداگریمان لەسەر دەستکەوتەکانی گەلەکەمان کە بەرهەمی خوێن و خەباتی مێژووێکی دوور درێژە، بە مانای ئەوە نیە کە هەموو پرسەکانی عیراق و کێشەکانی گەلەکەی و داخوازییەکانی چاکسازی، کە لەپێناویدا لەسەرتاسەری عیراقدا خۆپیشاندان ئەنجامدرا و چەندین شەهیدیان لێکەوتەوە، کێشەی ئێمە نین، بەڵکو چارەنووسی چاکسازیی لەنێوانماندا هاوبەشە، هەروەها ئەو بنەمایانەی کە دەوڵەتی رەشیدیان لەسەر دادەمەزرێت بۆ هەردوو ئاست هەر یەکە، هەربۆیە ئێمە داوادەکەین کە هاوپەیمانیی چاکسازیخوازان دژ بە هاوپەیمانێتیی گەندەڵکاران بێتە کایەوە کە وڵاتی بەم بارودۆخە مەترسیدارە گەیاندووە کە لەهەموو ناوچەکانی وڵات، عیراقییەکانی تێدا دەژین؛ هەر لەخراپی خزمەتگوزاریەوە تا دەگاتە لاوازیی ئاسایش و تەشەنەسەندنی گەندەڵی و پشێوی و لاوازیی سەروەری و گرەوکردن لەسەر پشتیوانی لایەنی دەرەکی.
٣/تێدەکۆشین بۆ بنیاتنانی پەیوەندیەکی تەندروست و پتەو لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم کە لەسەر بنەمای شەفافیەت و نەزاهە و دەستور و بەرپرسیارێتیی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکومەتەکەدا، دەستەبەری مافەکانی گەلەکەمان و قوت و کەرامەتی بکات . هەروەها پێمانوایە کە نەبوونی حوکمڕانیەکی کامل و بەرژەوەندیی گەندەڵکاران و خۆدزینەوە لەبەرپرسیارێتی، هۆکاری گەیشتنی پەیوەندیی نێوان هەردوو لایە بەم رۆژە کە بۆتە هۆی برسیکردنی گەلەکەمان و بێبەشکردنی لەمافە رەواکانی و پێمانوایە کە چارەسەر بریتیە لەدەستپاکی و دادپەروەری و جێبەجێکردنی دەستور و بەهێزکردنی سیستمی فیدراڵی.
٤/کار بۆ گێڕانەوەی هیوا دەکەین بۆ خەڵک و نوێنەرایەتیکردنی ئەوانەی گەندەڵی و ساختەکاری و ئیدارە و حوکمی خراپ، وایکردووە کە لەبەشداریی سیاسی دووربکەونەوە و متمانەیان بە پرۆسەی سیاسی نەمێنێت و وایدەبینین کە ئەم هاوپەیمانێتیەمان وەڵامدانەوەیەکی سروشتیە بۆ هیوا و چاوەڕوانیەکانی گەلەکەمان و ئەو گۆڕانکارییە سیاسیانەی لەبەردەمدان.
٥/ئێمە دوژمنایەتیمان لەگەڵ هیچ حزب و کەس و پرۆژەیەکدا نیە، بەڵام سەرسەختانە و بەبێ لەبەرچاوگرتنی لایەنداری سیاسی، بەرەنگاری گەندەڵی و چاوبەستەکێی سیاسی و پێشێلکاریی دەستوری و شێواندنی بنەماکانی حوکمی رەشیدین لەهەر لایەکەوە بێت.
دەستیشمان درێژ دەکەین بۆ هەموو ئەوانەی هاوکاریمان دەکەن بۆ ئەو ئامانجە رەوایانەمان.
ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە حوکمڕانیی وڵات و دەوڵەت و دامەزراوەکان لەچنگی حزب و مافیاکان دەبهێنرێت..
لەکۆتاییدا بانگهێشتی هەموو هێز و ئاراستە چاکەخوازەکان دەکەین بۆ کارکردن لەپێناوی دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەت و راستکردنەوەی پرۆسەی سیاسی لەرێگەی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و پاکەوە کە پشت ئەستوربێت بە یاسایەکی دادگەری دروست و کۆمسیۆنێکی بێلایەنی چالاک و لێهاتوو کە توانای دانانی رێکاری رێگریکردن لەساختەکاری و شێواندنی ئیرادەی خەڵک و دووبارە خۆبەرهەمهێنانەوەی گەندەڵی و پشێوی، هەبێت.
بانگهێشتی رۆڵەکانی گەلەکەمان دەکەین بۆ وازیکردنی رۆڵی راستەقینەی خۆی و پیادەکردنی مافە دەستوری و دیموکراسییەکانی لەپێناو بەدیهێنانی ژیانێکی کەرامەتمەندانە و دادپەروەر و خۆشگوزەرانی شایستەدا.
لەخوای گەورە داواکارین پشتیوانمان بێت و لەپێناوی چاکەی گشتیدا سەرمانبخات..
فراکسیۆنەکان/ گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، سەربەخۆ، ئایندە، سروە ونس و یوسرا رەجەب .