/   هەواڵ
بەغداد: بەدواداچوون بۆ مووچەی فەرمانگە فیدراڵییەکانی هەرێم دەکرێت
2021-01-14
رۆژی دووشەممە رابردوو (111/1/2021) (د.غالب محەمەد) نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی وەزیری ناوخۆی عیراقی کرد و سەبارەت بە کێشەی گواستنەوەی نزیکەی (800) کارمەندی گومرگ بۆ سەر پاسەوانی سنوور لەهەرێم ؛ کە بەشێکیان "بەناحەق و لەسەر بنەمای حزبی کراون" تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەش باسکردن بوو لەکێشەی مووچەی فەرمانگە فیدراڵییەکانی هەرێم وەک: (رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگە) کە ساڵی (2020) مووچەی مانگەکانی (5، 6، 7، 8، 11، 12)یان وەرنەگرتووە..لە کاتێکدا بە گوتەی وەزیری ناوخۆ ئەوان مووچەی هەر (12) مانگەکەی ساڵی پاری ئەو فەرمانگانەیان ناردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم پێی نەداون..هەر لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیار کراوە کە بەغدا راستەوخۆ و مانگانە مووچەی ئەو فەرمانگانە بدات.
شایانی باسە لە (9/11/2020) هەریەک لە (د.غالب محەمەد و سەرکەوت شەمسەدین) نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵیان بە نوسراوی فەرمی لەو کێشەیە ئاگادارکردبۆوە، وەزیری ناوخۆش دەستبەجێ بڕیاریدا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو مەبەستە پێکبهێنرێت تا رێگە لەوە بگیرێت کە ناهەقی بەرامبەر هەر کارمەندێک بکرێت.