/   هەواڵ

هاوپەیمانی هیوای کوردستانی: سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەرکی خۆی بەجێنەهێناوە

2021-03-02

سەبارەت بە پەلاماردانی (غالب محمد علي) نوێنەری پارێزگای سلیمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هاوپەیمانی هیوای کوردستانی لە (1/3/2021)دا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو دەقی راگەیاندراوەکەش لە هۆڵی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا خۆێندرایەوە، لە راگەیەندراوەکەدا هاوپەیمانی هیوای کوردستانی، رەخنە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق) دەکات کە ئەرکی خۆی جێبەنەکردووە لەبەرامبەر داوایەکی هاوپەیمانیەکە، کە پێشتر داوایان کردبوو (لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی راستیەکان پێك بهێنیێت دەربارەی روداوەکانی هەرێمی کوردستان و لێکۆڵینەوە لە هۆکارو بارودۆخی رفاندن و گرتنی نایاسایی چالاکوان و رۆژنامەنوسان)
لە بەشێکی تری راگەیاندراوەکەدا هاتووە: (‎ئەم دەرەنجامە لەدوای ئەو زنجیرە هەڵمەتە هات کە بەرامبەر ئازادیە سیاسی و مەدەنیەکان لە هەرێمی کوردستان هاتۆتە ئاراوە. هەروەك لە گرتن و سزادانی ژمارەیەك چالاکی مەدەنی و رۆژنامەنوس بینیمان. لەمروەشەوە پێشوەخت داوامان لەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کرد کە بەپێی ماددەی (۸۳) لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەن لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی راستیەکان پێك بهێنیێت دەربارەی روداوەکانی هەرێمی کوردستان و لێکۆڵینەوە لە هۆکارو بارودۆخی رفاندن و گرتنی نایاسایی چالاکوان و رۆژنامەنوسان. کە داوای سەرەتایترین مافی خەڵك دەکەن، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی هەولێرو دهۆك. سەرەڕای کاندیدکردنی نوێنەری لیژنەکانی ئاسایش و بەرگری و مافی مرۆڤ بە نوسراوی فەرمی....)
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا (3) داواکاری ئاڕاستەی سەرۆکایەتی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) و دەزگا ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لەپارێزگای سلێمانی کراوە کە بریتین لە:-
‎‎ ‎‎1. پێکهێنانی ئەو لیژنەیەی چەندین مانگە هاوپەیمانی هیوا داوای کردووە بۆ بەدواداچونی راستیەکان لەسەر هەمو روداوەکان و ئەم هەوڵی تیرۆرکردنەش. دواتریش راگەیاندنی ئەنجام و راسپاردەکان بەڕونی و بەبێ موجامەلەی هیچ لایەك لەسەر حسابی ماف و ئازادییەکانی هاوڵاتیان.
‎2. داوا لە دەزگا ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەتایبەت لەپارێزگای سلێمانی، کە هەرچی زوە دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە هەوڵی تیرۆرکردنی پەرلەمانتاری (د.غالب) ئاشکرا بکەن.
‎3.  هاوپەیمانی هیوا داوا دەکات دەزگا ئەمنیە فدرالیەکان بەشداری بکەن لەلێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە هەوڵی تیرۆرکردنی پەرلەمانتار (د.غالب) و ئاشکراکردنی تاوانبارو لایەنەکانی لەپشتی ئەم روداوەن. دواتریش بەسزاگەیاندنیان.
‎شایانی باسە سەر لە ئێوارەی رۆژی (هەینی) (26/2/2021)له‌ به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له‌ شاری سلێمانی، به‌ چه‌قۆ هێرش كرایه‌ سه‌ر (د.غالب محه‌مه‌د)، نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.، اش هێرشه‌كه‌ غالب محه‌مه‌د گواستراوه‌یه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی شار و چاره‌سه‌ری بۆ كراوه‌. 

زیاتر بخوێنەوە