/   هەواڵ

د. موسەنا ئەمین: تایبەت بە پاریزگا بوونی هەڵەبجە کازمی گوتی هەوڵدەدەین هەواڵێکی دڵخۆشکەرتان پێبدەین و ئەو دۆسێە دابخەین

2021-03-16

ئەمڕۆ (سێ شەممە) (19/3/2021) ( د. موسەنا ئەمین) نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)  بە نوێنەرایەتیی فراکسیۆنە کوردییەکان سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند پرسێکی پەیوەست بە هەڵەبجە، لەنێویاندا بابەتی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.
 د. موسەنا ئەمین، رایگەیاند "هیچ بیانوویەک نییە کە حکومەتی عێراق پارێزگای نۆزدەیەمی عێراق [کە هەڵەبجەیە] رانەگەیێنێت و لە پلانەکانی وەزارەتی پلانداناندا جێگەی نەکاتەوە. شایەنی گوتنیشە کە کۆمەڵێک لە وەزارەتە فیدراڵییەکان وەکو وەزارەتەکانی پلاندانان، ناوخۆ و بازرگانی پەیوەندییان لەگەڵ هەڵەبجە بەستووە و هەڵەبجەیان وەکو پارێزگا باسکردووە".
 بە گوتەی ناوبراو، لە کۆبوونەوەکەدا داوایان لە  سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە کە هەڵەبجە وەکو پارێزگای نۆزدەیەمی عێراق بناسێنرێت، ئەویش "قەناعەتی خۆی بە بابەتەکە دەربڕیوە و گوتوویەتی لە نزیکترین دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیران ئەم بابەتە باسدەکرێت و هەوڵدەدەین هەواڵێکی دڵخۆشکەر بە ئێوە بدەین و ئەم مەلەفە بەو شێوەیەی کە پێویستە دابخەین".
خاڵێکی دیکەی کۆبوونەوەکە باسکردن بووە لەسەر ئاوارەکانی هەڵەبجە کە مافی زیندانی سیاسییان هەبێت، نوێنەرەکەی پارێزگای سلێمانی بە سەرۆک وەزیرانی عێراقیان گوتووە: کە پێویستە خەڵکی هەڵەبجەش وەکو خەڵکی دیکەی عێراق، بەنموونە رەفحا، مافی زیندانی سیاسی وەربگرن.
پرسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە بووە، یەکێکی دیکە بووە لەو داواکارییەی کە ئاڕاستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە،  د. موسەنا ئەمین وتی "کازمی بە رێزەوە" لەو داواکارییەی روانیوە، ئەوانیش ناوی منداڵە ونبووەکانیان بە لیستێک پێداوە و بەڵێنی داوە کە "خۆی بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات".


زیاتر بخوێنەوە