/   هەواڵ

فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق: عیبرەت لە جێبەجێ کردندایە

2021-04-01

پاش پەسەندکردنی بودجەی ساڵی (2021) لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە، (فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) راگەیەندراوێکی بۆ رایگشتی بڵاوکردوە، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: (کاتییەتی هاونیشتیمانیانمان هەناسەیەکی ئارامی هەڵکێشن و ئومێدیان بۆ بگەڕێنرێتەوە بۆ ژیانێکی کەرامەتمەندانە لە نیشتیمانێکدا کە پڕیەتی لە دەرامەت و سەرچاوەی خواکرد و سروشتی و، پڕیەتی لە وزە و توانای مرۆیی بنیاتنەر و، کێشەی سەرەکیی بریتییە لە نەبونی حوکمی رەشید و ئیدارەی سەرکەوتو و دادپەروەر.)
ئەمەی لایخوارەوە دەقی یاداشتەکەیە


راگەیەندراوی فراکسیۆنی گۆڕان سەبارەت بە پەسەندکردنی بودجەی ساڵی ٢٠٢١

لێگەڕێن هاونیشتیمانیان هەناسەیەکی ئارام هەڵکێشن..
درەنگانی شەوی رابردو، پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 21 پەسەند کرا، کە سەرباری بەشێک لە کەموکورتییەکانی، هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی بەردەوامیی رێچکەی یاسایی سیستمی ئابوری و دارایی عێراق و ئەنجامدانی چاکسازی تیایدا. ئەمەش ئەو هەنگاوەیە کە ساڵانێکی زۆرە لە هەرێمی کوردستان ونە و، ئامادە کردن و پەسەند کردنی یاسای بودجەی هەرێم ئێستا ئیتر بوەتە ئیلتیزامێکی یاسایی بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵی.
فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەران، سەرباری تێبینییەکانی لەسەر ناوەڕۆکی مادەی 11ی یاسای بودجەی فیدراڵی سەبارەت بە هەرێم بەتایبەت بڕگەی دوەمی مادەکە، بە پێویستی دەزانێت دەسەڵاتی هەرێم پابەند بێت بە بڕگە و مادەکانی یاسای بودجە بەتایبەت کە ئێستا دەسەڵاتی هەرێم پێشوازیی کردوە لە رێکەوتنی نێوان هەر دو لا لەو بوارەدا. ئیلتیزام کردنی هەرێم رێخۆشکەر دەبێ بۆ گەڕانەوەی متمانە لەنێوان هەر دوولا و رەخساندنی کەشی لەبار بۆ رێکەوتنی گشگیر و کۆتایی سەبارەت بە کۆی مەلەفی نەوت و گاز و بودجە لە چوارچێوەی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بە پشت بەستن بە دەستور. گفتوگۆ و رێکەوتنی هاوسەنگ لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە کۆی پرسە ناکۆکەکان، شارێگای دروستە بۆ چارەسەر کێشەکان. ئێمە هیوادارین هەرێم لەم روانینەوە بڕوانێتە پەسەند کردنی یاساکە، نەک لە روانگەی قۆستنەوەی دەقەکانی یاساکە بۆ بەردەوامیی سیاسەتی چەوتی ئێستای هەرێم لە بواری نەوت و گاز. 
نوێنەرانی ئێمە چ وەک فراکسیۆنی گۆڕان و چ وەک هاوپەیمانیی هیوا، رۆڵی کاریگەرییان هەبو لە چەسپاندنی چەندین ماف و دەستکەوت بۆ هاونیشتیمانییانمان کە جێی دەستخۆشییە. لەوانە چەسپاندنی رێژەی دانیشتوان بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی بۆ بەشە بودجەی حاکیمەی هەرێم، دابین کردنی بودجە بۆ چەندین پڕۆژە لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێم، جێگیر کردنی شایستە داراییەکانی جوتیاران و پێشمەرگە، فەرز کردنی ئەولەوییەتدان بە دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن دەسەڵاتەوە، جێگیر کردنی گواستنەوەی میلاکی فەرمانگە ئیتیحادییەکان بۆ سەر دامەزراوە فیدراڵییەکان سەرباری هەوڵەکان بۆ لابردنی و، چەندین دەستکەوتی تر. 
هەڵبەت یاسای بودجەی فیدراڵی لە یەکێک لە مادە زیادکراوەکانیدا، حکومەتی ئیتیحادی و هەمو لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئیلزام کردوە بە پێداچونەوە بە هەمو گرێبەستە نەوتییەکان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان بۆ دۆزینەوە و دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت و گاز، کە ئەمەش دەرفەتێکی گەورەیە بۆ هەرێم کە بە هاوکاریی حکومەتی ئیتیحادی بە بەشێک لەو گرێبەستانەدا بچێتەوە کە ناهاوسەنگیی گەورەیان تێدایە، بەتایبەت گرێبەستی بوریی گواستنەوەی نەوتی هەرێم و، گرێبەست و رێکەوتنە نهێنی و گوماناوییەکان لەگەڵ تورکیا. 
ئێمە دڵنییاین کە بێ ئەنجامدانی چاکسازیی ریشەیی لەناوخۆی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە بواری تاڵانیی سامانی ژێر زەوی و دەروازە سنورییەکان و داهاتەکانی تر، دەسەڵاتی هەرێم نە دەتوانێ ئیلتیزام بەم یاسایەوە بکات، نە دەشتوانێ لە داهاتودا رێکەوتنی هاوسەنگ و گشتگیر و کۆتایی لەگەڵ حکومەتی ئیتیحادی بکات. کاتییەتی دەسەڵاتی هەرێم هەست بە بەرپرسیارێتی بکات بەرامبەر بە ژیانی سەدان هەزار خێزان و هاونیشتیمانیی هەرێم کە ژیانێکی ناشایستە و نادادپەروەرانە دەژین. 
کاتییەتی هاونیشتیمانیانمان هەناسەیەکی ئارامی هەڵکێشن و ئومێدیان بۆ بگەڕێنرێتەوە بۆ ژیانێکی کەرامەتمەندانە لە نیشتیمانێکدا کە پڕیەتی لە دەرامەت و سەرچاوەی خواکرد و سروشتی و، پڕیەتی لە وزە و توانای مرۆیی بنیاتنەر و، کێشەی سەرەکیی بریتییە لە نەبونی حوکمی رەشید و ئیدارەی سەرکەوتو و دادپەروەر.
رێکەوتن و لێکتێگەیشتنەکانی ئێستای نێوان هەرێم و بەغدا سەرەتایەکی باشن، بەڵام دواجار «عیبرەت لە جێبەجێ کردندایە».

فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
1 / 4/ 21

زیاتر بخوێنەوە