/   هەواڵ
سێ نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە
2021-05-08
سەبارەت بە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستان لە دۆسیەی سزادراوانی بادینان، هەریەکە لە (د.غالب محمد علي
د. رێبوار کریم محمود، سەرکەوت شمس الدین) نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) راگەیەندراوێکیان بۆ رایگشتی بڵاو کردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
لەئێستادا گفتوگۆی گەرمی لایەنە سیاسییەکان بۆ قۆناغی داهاتوی عیراق و کوردستان و بەرەنگاربونەوەی ئاستەنگەکان بەڕێوەدەچێت. لەگەرمەی ئەو گفتوگۆیەدا سزای زیندانیکراوانی بادینان لەلایەن دادگای تەمیزەوە سەپێندرا و حوکمی شەش ساڵەکە بوە بڕیارێکی چەسپاو.
ئەم هەوڵەو لەم کاتەدا دوو ئامانج بۆ ستەمکاران دەپێکێت، لەلایەك لایەنە سیاسییەکان سەرقاڵن بە گفتوگۆی سیاسی و پێناچێ هەڵوێستی توندیان هەبێ سەبارەت بەو کەیسە. لەلایەکیتریشەوە ئەو حوکمە ستەمکارانەیە دەچەسپێت کە بەناهەق بەرامبەر گیراوانی بادینان دەرکراو ئیتر دەبێتە وانەیەکیش بۆ خەڵکانیتر.
ئەم بابەتە نابێ بێدەنگی لێ بکرێت و ئێمە لای خۆمانەوە بە وردی کار لەسەر تەواوی ئەو بڕگانە دەکەین، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیدارە بە گفتوگۆی چالاکوان و رۆژنامەنوسان لەگەڵ باڵیۆزخانەو کونسولگەری وڵاتان. پێویستیشە دامودەزگا دادوەرییەکانی عیراق لەم بابەتەدا رۆڵیان هەبێت و نەهێڵن چیتر دادگا بۆ مەرامی سیاسی بەكاربهێنرێت.
د.غالب محمد علي
د. رێبوار کریم محمود
سەرکەوت شمس الدین