/   هەواڵ
چوار نوێنەری پارێزگای سلیمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق): دەبێت فەرمانبەران موچە بڕاوەکانیان بۆ بگەڕێتەوە
2021-06-16
هەریەکە لە (د. رێبوار کریم، احمد حاجی رشید، سەركەوت شەمسەدین، غالب محمد عەلی) نوێنەرانی پارێزگای سلیمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) روونکردنەوەیەکیان بۆ رای گشتی بڵاو کردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
دەبێت فەرمانبەران تەواوی موچە براوەکانیان بۆ بگەرێتەوە..
ناردنی پارەی بەغداد دەسکەوت نییە، راستکردنەوەی چەوتییەکانی سیاسەتی هەڵەی نەوتە، چارەسەری کۆتاییش گێڕانەوەی نەوتە بۆ ژێر دەسەڵاتی شەرعی و میللەت و دەرهێنانی لەژێردەستی حوکمڕانی شکستخواردو.
سەرەڕای تێبینی و سەرنجەکانمان بەڵام لە سۆنگەی بەرژەوەندی مافی دارایی فەرمانبەران بەرگریمان لە پرۆژە یاسای بودجەی ۲٠۲۱ کرد، ئێستاش پشتیوانی جێبەجێکردنی تەواوی بەندەکانی یاساکە دەکەین بە رادەسكردنی داتای فەرمانبەران و داتای تایبەت بە داهاتی خاڵە سنوری و باج و گومرك و بەدەستهێنانی شەفافیەتی زیاتر.
ئێمە دەمانەوێت دەسەڵاتی هەرێم ئەمە بکاتە هەنگاوێک بۆ زیاترکردنی هەماهەنگی ئیداری و داریی لەگەڵ بەغداد بۆ کۆتایی هێنان بەو زوڵمەی لەسەر فەرمانبەران هەیە.
پێویستە چیتر کۆتایی بە زوڵمی لێبرینی موچە بهێنرێت و قەرەبوی موچە بڕاوەكانی مانگەکانی رابردوش بکرێتەوە بەبێ هیچ بیانوییەک و فێڵکردنێک، چونکە ئیتر چاومان لەسەر تەواوی داهاتی نەوتی و نانەوتی دەبێت و چیتر شاردنەوەی داهات لێپرسینەوەی بەدوادێت.
سەركەوت شەمسەدین
غالب محمد عەلی
احمد حاجی رشید
رێبوار کریم محمود