/   هەواڵ
فراکسیۆنەکانی (یەکێتی و گۆڕان) لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە
2021-06-21
ئەمرۆ (دووشەممە) (21/6/2021) هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان) لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە، سەبارەت بە پێکهێنانی هاوپەیمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پیشوختەی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) کە بڕیەرە لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت....
ئەمەی خوارەوەش دەقی راگەیەندراوەکەیە:
بەیاننامەی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی (یەکێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان) لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
هاونیشتمانیانی ئازیزی هەرێمی کوردستان وەک دەزانن چەن ساڵێکە خەڵکی بەشمەینەتی هەرێم بەکۆمەڵێ قەیران و نەهامەتی جۆراوجۆرا تێپەڕی و تاکو ئێستاش بەشێک لەو بارودۆخە نالەبارانە بەردەوامە کەیەکێک لەوانە کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندە . بۆیە ئەمڕۆ هەردوو حیزبی دیاری ناو گۆڕەپانی خەباتی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتی سیاسی و مێژوویی هەستان بەپێکهێنانی هاوپەیمانیەک بەناوی هاوپەیمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق کەئەم یەک لیستیە پێگەی کورد هەم لەبەغداو هەم لەهەرێم بەهێزترو سەنگینتر دەکات بۆیە لێرەوە بەناوی هەردوو فراکسیۆنەکەوە پیرۆزبایی لەسەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەین بۆ ئەم دەستکەوتە سیاسیەو داواکارین تەواوی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی کوردستان بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو بکەن کەهەموو دەزانین یەک لیستی بۆ کورد لەبەغدا زیاترو باشتر مافە ڕەواکانی کورد مسۆگەر دەکات . ھیوای سەرکەوتن بۆ ھاوپەیمانی کوردستان و ھیوای پابەندبوونی ھەردوولا بە وردەکاریەکانی ڕێکەوتنەکە دەخوازین . دیارە ئەمە قۆناغێکی سیاسی نوێیە بەھیواین بچێتە خزمەتی ھاوڵاتیانی کورستان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک. ھیوادارین ھەموو ئەو کێشەو گرفتانەی کەهەبوون بکرێتە قوربانی خزمەتکردنی ھاوڵاتیان و خاکی ھەرێمی کوردستان ، دەست لەدەست پێکەوە دەسپێکێکی نوێی کاری هاوبەشی خزمەتگوزاری و گەڕانەوەی ئومێدو هیوا بۆ خەڵکی بەشمەینەتی ئەم هەرێمە بێتە ئاراوە.
فراکسیۆنەکانی (بزوتنەوەی گۆڕان) و (یەکێتی نیشتمانی کوردستان)
لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
٢٠١٢/٦/٢١
سلێمانی