/   هەواڵ
ئازاد محەمەد ئەمین: هیوادارین ئەمە دوا داواکاری بێت بۆ پرۆژەی ئاوی چەمچەماڵ
2021-08-12
رۆژی (چوارشەممە) (11/8/2021) (ئازاد محەمەد ئەمین) سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەشداریکرد لە کۆبونەوەیەکی راوێژکاری لە دیوانی قائیمقامیەت بە مەبەستی ئامادەکردنی پێشنیازو راسپاردە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری یەکجاری کەمی ئاوی خواردنەوە کە لەدوای راپەرینەوە تائێستا چارەسەری بنەرەتی بۆنەکراوە... لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە قائیمقامی چەمچەماڵ وبەرپرسانی ئاوی سنورەکەو شارەوانی وژمارەیەک لە دڵسۆزانی چەمچەماڵ ئامادەبوون.
داواکاری وراسپاردەکان بۆ دابین کردنی ئاوی خواردن بۆ سنورەکە لەرێگای ((پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە -چەمچەماڵ یان راکێشانی ئاو لەبەنداوی دەربەندی ژاڵە -دێلێژەوە بۆ چەمچەماڵ)) لەوبارەوە (سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) پێشنیازیکرد کەهیچ نەبێت لەئێستادا قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە دەست پێ بکات دواتر پارە بۆ قۆناغەکانی تر دابین بکرێت ،هەروەها داواکاری بۆ خەرجکردنی پشکی سنورەکە لە پترۆدۆلار کەلەساڵی ٢٠١٨ ەوە خەرج نەکراوە ...
دواتریش (ئازاد محەمەد ئەمین) لەکۆنگرەکەیەکی رۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: " هیوادارین ئەمە دواکۆنگرەو دوا داواکاری بێت بۆ پرۆژەی ئاوی چەمچەماڵ ،کۆنگرەی دوای ئەمەبۆ دەس خۆشی و پێدانی مژدە بێت".
قەزای چەمچەماڵ چەندین سالە گرفتی ئاوی خورادنەوەی هەیە، بەڵام تائێستا نەتوانراوە چارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت، هەر بۆ شایانی باسە لە (5/7/2017)دا (رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان) گفتوگۆیەکەیکراوەی تایبەت بە کێشەکانی (چەمچەماڵ) ئەنجامدا لە نێوان دوو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و قائیمقام و بەڕێوبەرانی بەڕێوەبەرایەتەییەکانی سنورەکە، کە کێشەی کەم ئاویش تەوەرێکی گفتوگۆکە بوو، بەڵام بەداخەوە نەتوانرا ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت لە کاتێکدا شارۆچکەکە ناونراوە بە پایتەختی شەهیدان و ئەنفالکراوان.