/   هەواڵ
چوار نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی نامەیەک دەگەیەننە ماکرۆن....
2021-08-28
هەریەکە لە (ئەحمەد حەمە رەشید، رێبوار کەریم مەحمود، غالب محمد عەلی، سەرکەوت شەمسەدین) نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە (ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق) تایبەت بە پرسەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی لە کوردستان نامەیەک دەگەیەننە سەرۆکی فەڕەنسا کە بە سەردانێک هاتوەتە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەمەش دەقی نامەکەیە:
بەرێز سەرۆک ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا
بابەت: پرسەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی لە کوردستان
سەرەتا بەخێرهاتنت دەکەین بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، سوپاسی پشتیوانی بەردەوامی وڵاتی فەرەنسا دەکەین بۆ گەلانی عێراق بەگشتی، بەتایبەت پشتیوانی مێژویی وڵاتی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان لە دوای راپەرینی ۱۹۹۱ هەرگیز لەبیرناکەین.
بەرێز فەخامەتی سەرۆک ماکرۆن، ئێمە دڵنیاین لەم سەردانت دا بابەتی گرنگ هەیە لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق تاوتوێی بکەن بۆ بەرژەوەندی هەردوو وڵات، بەڵام ئەم سەردانەتان بە دەرفەت ئەزانین کە پرسی مافی مرۆڤ و ئازادییەکان بکەنە برگەیەکی گرنگی گفتوگۆکانت، بەتایبەت کاتێک سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەیت لە شاری هەولێر چاوت بە بەرپرسانی باڵای هەرێم و دەسەڵات دەکەوێت، کە بەرپرسن لە زیندانی کردن و ئەشکەنجەدان و حوکمدانی رۆژنامەنوسان و چالاکوانان لە هەرێم.
داوا لە بەرێزتان ئەکەین کە فشار لە بەرپرسانی هەرێم بکەن و ئازادکردنی رۆژنامەنوسان بکەنە پێشمەرج بۆ پشتیوانیکردنی حکومەت لە ئایندەدا.
ئێمە وەك بەشێک لە نوێنەرانی هاوڵاتیانی هەرێم کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جارێکی تر سوپاسی گەل و حکومەتی فەرەنسا ئەکەین بۆ پشتیوانیکردنی گەلەکەمان، چاوەوانی ئەوەین بەرێزتان لەم بابەتەش دا پشتیوانی فروانکردنی مەوداکانی ئازادی بن، کەلەئێستادا لەبەردەم هەرەشەی جدی دایە بەهۆی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە.
رێزی بێپایانمان،
ئەحمەد حەمە رەشید
رێبوار کەریم مەحمود
غالب محمد عەلی
سەرکەوت شەمسەدین
۲۷ ئاب ۲٠۲۱