/   هەواڵ
کاروان یاروەیس: چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنی نوێنەرانی هەڵبژێردراو بۆ هاووڵاتیان و نوێنەرانیش گرنگە
2022-01-27
لە درێژەی سەردانەکاندا بۆ لای فراکسیۆنەکان و نوێنەرانی نوێی پارێزگای سلیمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەی (پارێزگای سلێمانیو نوێنەرانی)و هەروەها ناساندنی (رێکخراوی کوردستان بۆ هەموان) بە نوێنەرانی نوێی پارێزگای سلێمانی بۆ خولی پێنجەمی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)، ئەمڕۆ (27/1/2022) (ئارام کەمال) بەڕێوەبەری پڕۆژەی(پارێزگای سلێمانیو نوێنەرانی) سەردانی بەڕێز (کاروان عەلی یاروەیس) لە فراکسیۆنی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) کرد.
کاروان یاروەیس:
من لەگەڵ ئەوەم بەوردی چاودێری پەرلەمانتاران بکرێت، بە تایبەت لەسەر بەڵێنەکانی هەڵبژاردن
لە سەردانەکەدا (ئارام كەمال) تیشكی خستەسەر چالاكییەكانی پڕۆژەو چۆنیەتی هاوكاریكردنو بەشداری نوێنەرانی نوێی پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
پاشان بەڕێز (کاروان یاروەیس) خۆشحاڵی خۆی بۆ پڕۆژەكە دەربڕیو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد گرنگە ئەمجۆرە لە چاودێریکردنە هەبێت بەمیکانیزمی خۆی، من لەگەڵ ئەوەم بەوردی چاودێری پەرلەمانتاران بکرێت، بە تایبەت بەراوردێک بکرێت لە نێوان بەڵێنەکانی کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش چو بۆ هاووڵاتیان کراوە؟"
هەرلە درێژەی لێدوانەکەیدا نوێنەرەکەی پارێزگای سلێمانی وتی: "هەڵسەنگاندنەکە بۆ ئەوەبێت بەرچاوڕوونیەک بداتە دەنگدەر، تا دەنگدەر بزانێت کە ئایا دەنگدانەکەی تاچەند دروست بووە؟ خۆ ئەگەر بەدروستی دەنگی نەدابوو ئەوا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، دەنگی دروست بدات " و لە كۆتایشدا (کاروان یاروەیس) وتی: "دەستخۆشیتان لێدەکەم، هیوادارم ئەم چاودێریکردنە دوو ئامانجی هەبێت:
یەکەم/ هاووڵاتیان بزانن چ نوێنەرێک چالاکەو ئیش دەکات و هەروەها بزانێت متمانەی خۆی بەکێ بدات.
دووەم/ ئێمەش هەڵسەنگاندنی خۆمان بکەین و بزانین چیمان کردووە لە قۆناغێکدا وچیمان نەکردووە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بیکەین"
لەکۆتاییدا بەڕێوەبەری پڕۆژە سوپاسو دەستخۆشی (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان)ی ئاڕاستەی بەرێز (کاروان یاروەیس)كرد لەبەرامبەر وەڵامدانەوەی ئەرێنیان بۆ پڕۆژەی (پارێزگای سلێمانیو نوێنەرانی).
شایانی باسە ئەم پڕۆژەیە (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) بە پاڵپشتی رێكخراوی (NED)ی ئەمریكیی جێبەجێدەکرێت.