/   هەواڵ

د. ئاسۆ فەرەیدون:هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون، بەرپرسیارێتی بیری پەرلەمانتاران دەخاتەوەوەو  گیانی کێبڕکێش لە نێوانیاندا دروستدەکات

2022-02-27

 
لە درێژەی سەردانەکاندا بۆ لای فراکسیۆنەکان و نوێنەرانی نوێی پارێزگای سلیمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەی (پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانی)و هەروەها ناساندنی (رێکخراوی کوردستان بۆ هەموان) بە نوێنەرانی نوێی پارێزگای سلێمانی بۆ خولی پێنجەمی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)، ئەمڕۆ (27/2/2022) (ئارام کەمال) بەڕێوەبەری پڕۆژەی(پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانی) سەردانی بەڕێز (د. ئاسۆ فەرەیدون) لە فراکسیۆنی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) کرد. 

 
د. ئاسۆ فەرەیدون:

گرنگە چاودێری و بەدواداچوون بۆ نوێنەری هەڵبژێردراو بکرێت، ئەمەش والەنوێنەران دەکات کە هەست بەوەبکەن ئەوانیش لە لایەن هاووڵاتیان و رێکخراوەکانەوە چاودێری و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت
 

  لە سەردانەکەدا (ئارام كەمال) تیشكی خستەسەر چالاكییەكانی پڕۆژەو چۆنیەتی هاوكاریكردن‌و بەشداری نوێنەرانی نوێی پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
پاشان بەڕێز (د. ئاسۆ فەرەیدون) خۆشحاڵی خۆی بۆ پڕۆژەكە دەربڕی‌و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد :" نوێنەری هەڵبژێردراو لە هەر جێگەیەکدا بێت، بەدەنگی خەڵک رۆشتووە کەواتە  ئیلتزامی ئەخلاقی هەیە بە رامبەر جەماوەرەکەی خۆێ ...بەرامبەر شارەکەی خۆی و نوێنەرایەتیان دەکات...
 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش کە بەدەنگی خەڵک ئەندامەکانی دیاریدەکرێن دەزگایەکی زۆر گرنگە بۆیە بۆ پەرلەمانتاریش گرنگە کە چەندێک دەتوانێت رۆڵە تەشریعیی وچاودێرییەکەی خۆی ببینێت و چەندێک دەتوانێت پەیوەندیەکەی لە هاووڵاتیاندا بەردەوام بێت و تاچەند دەتوانێت کێشەی هاووڵاتیان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بگەیەنێت... ؟ بۆ ئەم کارەش گرنگە چاودێری و بەدواداچوون بۆ نوێنەری هەڵبژێردراو بکرێت، ئەمەش والەنوێنەران دەکات کە هەست بەوەبکەن ئەوانیش لە لایەن هاووڵاتیان و رێکخراوەکانەوە چاودێری و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت."

هەرلە درێژەی لێدوانەکەیدا نوێنەرەکەی پارێزگای سلێمانی وتی: " هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بۆ نوێنەرانی هەڵبژێردراو،  لەلایەکەوە ئەرک و بەرپرسیارێتی بیری پەرلەمانتاران دەخاتەوەوە لە لایەکی دیکەشەوە گیانی کێبڕکێش لە نێوان پەرلەمانتاراندا دروست دەکات، بەوەی کە زۆرترین چالاکی ئەنجامبدەن و زیاتر بەدواداچوون بۆ کێشەی هاووڵاتیان بکەن" پاشانیش  (د. ئاسۆ فەرەیدون) وتی: " " وەک چۆن چاودێریکردنی حکومەت کەئەرکی ئێمەیە و بۆهاووڵاتیان گرنگە، هاوکات چاودێریکردنی پەرلەمانتارانیش یەکەم بە قازانجی هاووڵاتیان دەبێت و دووەمیش بە قازانجی پەرلەمانتاران دەبێت

لەکۆتاییدا بەڕێوەبەری پڕۆژە سوپاس‌و دەستخۆشی (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان)ی ئاڕاستەی بەرێز (د. ئاسۆ فەرەیدون)كرد لەبەرامبەر وەڵامدانەوەی ئەرێنیان بۆ پڕۆژەی (پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانی). 
شایانی باسە ئەم پڕۆژەیە (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) بە پاڵپشتی رێكخراوی (NED)ی ئەمریكیی جێبەجێدەکرێت.

زیاتر بخوێنەوە