/   هەواڵ

غەریب ئەحمەد: جێگەی خۆشحاڵییە کە چاودێری و هەڵسەندگاندن بۆ نوێنەرانی هەڵبژێردراو بکرێت

2022-03-09

لە درێژەی سەردانەکاندا بۆلای نوێنەرانی نوێی پارێزگای سلیمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەی (پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانی)و هەروەها ناساندنی (رێکخراوی کوردستان بۆ هەموان) بە نوێنەرانی نوێی پارێزگای سلێمانی بۆ خولی پێنجەمی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)، ئەمڕۆ (9/3/2022) (ئارام کەمال) بەڕێوەبەری پڕۆژەی(پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانی) لە شاری رانیە سەردانی نوسینگەی تایبەتی بەڕێز (غەریب ئەحمەد) لە فراکسیۆنی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) کرد. 


 
غەریب ئەحمەد:


نوسینگەکەمان بۆ خزمەتی هاووڵاتیانەو هەموان بێ جیاوازی دەتوانن سەردانمان بکەن


   لە سەردانەکەدا (ئارام كەمال) تیشكی خستەسەر چالاكییەكانی پڕۆژەو چۆنیەتی هاوكاریكردن‌و بەشداری نوێنەرانی نوێی پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
پاشان بەڕێز (غەریب ئەحمەد) خۆشحاڵی خۆی بۆ پڕۆژەكە دەربڕی‌و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد و وتی: " یەکێک لە ئەرکەکانی ئەندامانی پەرلەمان چاودێری و بەدوادچوونە، بۆیە خۆشحاڵدەبین کە ئێمەش چاودێری دەکرێین و ئێوەش دەبنە پردی پەیوەندی لەنێوان ئێمەو هاووڵاتیاندا، ئەم پڕۆژەیەی (رێکخراوی کوردستان بۆ هەموان)یش کارێکی باشە ، گرنگە پەیوەندی بەردەوام لە نێوان نوێنەرانی هەڵبژێردارو ئێوەدا هەبێت بەئامانجی خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتیان" 
هەرلەمیانی سەردانەکەدا گفتوگۆ لەسەر کردنەوەی نوسینگەی تایبەتی بەرێزیان کراو، نوێنەرەکەی پارێزگای سلێمانی جەختی لەوەکردەوە کە ئەم نوسینگەیە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیانە بە بێجیاوازی و هەموو هاووڵاتییەک دەتوانێت سەردانمان بکات و گوێبیستی بین.
شایانی باسە لەم خولەی ئەنجومەنی نوینەرانی عێراقدا چەند نوێنەرێکی پارێزگای سلێمانی لە سنوری ئەو بازنەیەی کە تیایدا کاندید بوون، نوسینگەی تایبەتیان کردۆتەوە بەمەبستی بینینی هاووڵاتیان و گوێگرتن لێیان... 
لەکۆتاییدا بەڕێوەبەری پڕۆژە سوپاس‌و دەستخۆشی (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان)ی ئاڕاستەی بەرێز (غەریب ئەحمەد)كرد لەبەرامبەر وەڵامدانەوەی ئەرێنیان بۆ پڕۆژەی (پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانی). 
شایانی باسە ئەم پڕۆژەیە (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) بە پاڵپشتی رێكخراوی (NED)ی ئەمریكیی جێبەجێدەکرێت.

 

زیاتر بخوێنەوە