/   هەواڵ
ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، پرسێکی فەرامۆشکراو
2023-09-03
سەبارەت بە فەرامۆشکردنی هەڵبژاردنی (ئەنجومەنی پاریزگاکانی هەرێمی کوردستان) (رێکخراوی کوردستان بۆ هەموان)، یاداشتێک ئاڕاستەی رایگشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات...
لەیاداشتەکەدا هاتووە: (ئەوەی جێگاى سەرنجە، تيشك وگرنگیپێدانی لایەنەکان زياتر لە ماوەی رابردوودا لەسەر ئەنجامدانى هەڵبژاردنی (پەرلەمانى كوردستان) وناياسايی درێژكردنەوەی بوو، لە بەرامبەردا فەرامۆشكردن وبێدەنگى لەسەر بەسەرچوونى ماوەى ياسايى (ئەنجومەنى پارێزگاكان) هەيە لەكاتێكدا پرسەكە بۆ هەردووكيان هاوشێوەن .)
لە بەشێکی دیکەی یاداشتەکەشدا هاتووە:
بۆ بەهێزكردنى پرسيى ديموكراسی و لامەركەزيەتى كارگێڕى هانى هاولآتيان وڕاگەيەندكار و چالاكانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنى بەگشتى و لايەنە سياسيەكانی هەرێمى كوردستان بەتايبەت، دەدەین بە بێ جياوازيان، مكوڕبن لەسەر پێويستى ئەنجامدانى هەردوو هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكان و پەرلەمانى كوردستان)
شایانی باسە ئەم خولەى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكان لە ڕێكەوتى (٣٠/٤/٢٠١٤) ئەنجامدراوە لە ئێستادا ئەم خولەى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكان ٨ ساڵى تێپەڕاندووە و هەڵبژاردن نەكراوەو ئەنجومەنى پارێزگاكان بەردەوامن لەكاركردن تا هەڵبژاردنى خولى نوێى ئەنجومەن بەپێى ياساى ژمارە( ٢ ) ى ساڵى ٢٠١٩ ، ياساى هەموارى يەكەمى ياساى ژمارە( ٣ ) ى ساڵى ٢٠٠٩ ياساى پارێزگاكانى هەرێمى كوردستان. بەڵام لەبەرامبەردا پاش سڕکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، (ئەنجومەنى وەزيرانى عێراق) ڕێكەوتى ( ١٨/١٢/٢٠٢٣) دیاریکردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنى نوێی(ئەنجومەنى پارێزگاكانى عێراق).
لە ئێستادا سكاڵایەكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەبەردەم دادگای فیدراڵیدایە سەبارەت بە نایاسایی بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی 2019دا لە پەرلەمانی كوردستان دەرچوو، دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەو سكاڵایەی دواخستووە بۆ 3/9/2023 چاوەڕوان دەكرێت هاوشێوەی پەرلەمانی كوردستان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم بدات.
ئەمەی خوارەوەش دەقی یاداشتەکەی (رێکخراوی کوردستان بۆ هەموان)ە:
ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، پرسێکی فەرامۆشکراو
پابەندبوون بەماوە ياساييەكان بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن، بە گرنگترين سيماى سەروەربوونى ياسا دادەنرێت، دەرخەرى ئەوەيە كە نوێنەران پابەندن بەو شەرعيەتە ياساييەى كە لە ماوەى دياريكراوى ياساييدا بۆ جێبەجێكردنى بەرنامەى هەڵبژاردنيان، بەڵام مێژووى درێژكردنەوەى ماوەى ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان بوەتە خەسڵەتێكى نەرێنی لە هەرێمى كوردستان و كاريگەريشى هەبووە لە پرۆسەى ديموكراتى و چەسپاندنى .لەم سۆنگەيەوە و وەك ڕێكخراوێكى كۆمەڵگاى مەدەنى، و داكۆكيكار لە چەسپاندنى ديموكراسى و پاراستنى مافەكانى مرۆڤ و سەروەرى ياسا، ئەم ياداشتە بۆ رایگشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەخەینەڕوو.
ئەوەی جێگاى سەرنجە، تيشك وگرنگیپێدانی لایەنەکان زياتر لە ماوەی رابردوودا لەسەر ئەنجامدانى هەڵبژاردنی (پەرلەمانى كوردستان) وناياسايی درێژكردنەوەی بوو، لە بەرامبەردا فەرامۆشكردن وبێدەنگى لەسەر بەسەرچوونى ماوەى ياسايى (ئەنجومەنى پارێزگاكان) هەيە لەكاتێكدا پرسەكە بۆ هەردووكيان هاوشێوەن . شايەنى ئاماژەپێدانە لەعێراق و لەدواى سڕكردنى (ئەنجومەنى پارێزگاكان)، وەک ئاشکرایە (ئەنجومەنى وەزيرانى عێراق) ڕێكەوتى ( ١٨/١٢/٢٠٢٣) دیاریکردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنى (ئەنجومەنى پارێزگاكانى عێراق). بەڵام لەبەرامبەردا، پرسى هەڵبژاردنى(ئەنجومەنى پارێزگاكانى هەرێمى كوردستان) تا ئێستاش بابەتێكى فەرامۆشكراوه، بابەتەکە وەها بەساردى وپەراوێزخراو ماوەتەوە، ئەو گەرم وگوڕيەى لايەنە پەيوەنديدارەكان بۆ هەڵبژاردنی (پەرلەمانى كوردستان) دروستيان كردووە ، كاريگەری لەسەر پرسى (هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكانى هەرێمى كوردستان) دروستنەكردوە....
بەڕێزان... بۆ بەهێزكردنى پرسيى ديموكراسی و لامەركەزيەتى كارگێڕى هانى هاولآتيان وڕاگەيەندكار و چالاكانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنى بەگشتى و لايەنە سياسيەكانی هەرێمى كوردستان بەتايبەت، دەدەین بە بێ جياوازيان، مكوڕبن لەسەر پێويستى ئەنجامدانى هەردوو هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكان و پەرلەمانى كوردستان
وەك بەڕێزتان ئاگادارن ئەم خولەى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكان لە ڕێكەوتى (٣٠/٤/٢٠١٤ )ئەنجامدراوە و بەگوێرەى ماددەى ١٤ لە بڕگەى دووەم ماوەى خولى هەڵبژاردن دياريكراوە كە چوار ساڵى ساڵنامەييە واتە هەر خولێكى هەڵبژاردن تەنها بۆ ماوەى ٤ ساڵە لە ئێستادا ئەم خولەى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكان كە خولى دووەمە ٨ ساڵى تێپەڕاندووە و هەڵبژاردن نەكراوەو ئەنجومەنى پارێزگاكان بەردەوامن لەكاركردن تا هەڵبژاردنى خولى نوێى ئەنجومەن بەپێى ياساى ژمارە( ٢ ) ى ساڵى ٢٠١٩ ، ياساى هەموارى يەكەمى ياساى ژمارە( ٣ ) ى ساڵى ٢٠٠٩ ياساى پارێزگاكانى هەرێمى كوردستان، بۆيە پێشنيار دەكەين ئامادەكارى تەواو بكرێت بۆ هەڵبژاردنى خولى سێهەمى ئەنجومەنى پارێزگاكان لە ساڵی (٢٠٢٤)دا.
لەکۆتاییدا داواکارین ئەنجامدانى هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەوە زياتر دوانەكەوێت و پرسەكە بە ناديارى و ئاڵۆزى نەمێنێتەوە بۆ ئەوەی لەوەزیاتر هاوڵاتیان متمانەی خۆیان بە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان لەدەستنەدەن، لەکاتێکدا ئەم بابەتە خراوەتەبەردەست (دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق)، هاوکات داواکارین (دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق)بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئەم ئەنجومەنانە، لایەنی پەیوەندیدار پابەند بکات بە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان..
رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان