/   هەواڵ
(رێکخراوی کوردستان بۆ هەموان) سەردانی (کەریم عەلی) کرد لە (بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی).
2023-10-02
ئەمڕؤ (2/10/2023) )رێکخراوی کوردستان بۆ هەموان) سەردانی (کەریم عەلی- ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) کرد کە لەئێستادا لە (بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی) راگیراوە.
لە سەردانەکەدا (رێکخراوی کوردستان بۆ هەموان) گفتوگۆ لەسەر دوارێکارەکانی دادگاو سکاڵاکەی وەزارەتی (دارایی) هەرێمی کوردستان کرایەوە، تەوەرێکی دیکەش دۆخی ناوبراوبوو لە زیندان، لەوبارەیەوە ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، "سوپاس و دەستخۆشی هەیە بۆ بەڕێوەبەرو کارمەندانی (بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی) کە بەڕێزێکی زۆرەوە هەڵسوکەوتم لەگەڵدا دەکەن وەک میوان سەیری دەکەن".
لە کۆتایشدا (رێکخراوی کوردستان بۆ هەموان) ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەرکارێک کە لەدەستیان بێت هەر لە گرتنی پارێزەو تا چاودێریکردنی رێکارەکانی دادگاییکردن.
شایانی باسە کەریم عەلی- ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، رۆژی 2023/09/25 پاش چونە بەردەم دادگای لێکۆڵینەوە لەسەر سکاڵایەکی وەزارەتی دارایی، بە فەرمانی دادوەر راگیرا (توقیف کرا). دوای ئەوەی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە سکاڵا لەسەر کەریم عەلی- ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکرا، ناوبراو چووە بەردەم دادگای لێکۆڵینەوەی کەلار و لەلایەن دادوەرەوە بڕیاری راگرتنی درا هەتا تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و ئێستا لە گرتوخانەی ئاسایشی سلێمانی راگیراوە.
سکاڵاکەی وەزارەتی دارایی بە پشت بەستن بە مادەی (٢)ـی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن تۆماری کردوە. ئەمەش دوای ئەوە هات کە کەریم عەلی، لە ماوەی رابردوودا لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیی دا باسی لە بونی حاڵەتی نایاسایی و قاچاخی لە دەروازەی پەروێزخان کردبوو، لەدوای بەرنامەکەش وەزارەتی دارایی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وەڵامی دایەوە و چەند رۆژێک دواتر سکاڵای لە دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەسەر تۆمارکرد و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرا.